بڕیارەكانی داخستنی پاڵاوگە ناساییەكان جێبەجێنەكراون
2025-01-13 12:40:11
درەو:
سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئاشكرایدەكات كە تا ئێستا چەندین جار بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمەوە دەركراوە بەڵام هیچیان جێبەجێنەكراون و پاڵاوگەكان بەردەوامن لە كاركردن.
مەجید مەعروف، سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند:
بەپێی ئەوبەدواداچونانەی ئێمە كردوومانە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و پارێزگاری هەولێر و دەستەی ژینگە، چەندین جار لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بڕیاریان دەركردووە و هەموو جارەكانیش جەخت لە جێ بەجێكردنی كراوەتەوە بەڵام دواجار جێبەجێ نەكراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ساڵی ۲۰۱٥، یەكەم بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی پاڵاگە نایاساییەكان دەرچوو. وەزارەتەكە ڕایگەیاند، ٤۰ پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان هەن ڕۆژی ۳ۍ حوزەیرانی ۲۰۱٥ دوا ڕۆژیانە و سەرجەمیان دادەخرێن و تەخت دەكرێن، دواتر ساڵی ۲۰۱٨ جارێكی دیكە وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، بڕیاری داخستنی بۆ پاڵاگە نایاسییەكان دەركرد و ماوەی ٦۰ ڕۆژی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دیاریكرد، پاشان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ساڵی ۲۰۱۹ بڕیارێكی نوێی بۆ داخستنی پاڵاوگەكان دەركرد و ڕاگەیاند، ۱٦۹ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، پێویستە دابخرێن و سەرجەم كەلوپەلەكانیشیان كۆبكرێنەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دواتر ڕۆژی ۲۱/٤/۲۰۱۹ د. سامی جەلال سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەفەرمی و بەفەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری "لابردنی" پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزێك پێك هێندراوە و بۆ ئەوەی بەزوترین كات دەست بە لابردنیان دەكرێت، پاشان ڕۆژی ٨ی شوباتی ۲۰۲۱ مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر فەرمانی ژمارە ٤٨۳ كرد كە تایبەت بوو بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، دواتر لە ڕۆژی ٤ۍ ئابی ۲۰۲٤، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ژینگەی پارێزگاكە، بڕیاریانداوە لەماوەی ۱۰ رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانی پارێزگاكە دابخەن كە ژمارەیان ۱۳٨ پاڵاوگەیە، كۆتا بڕیاریش دوێنێ ۲۰۲٥/۱/۱۲ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی كرد بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كێشەی پیسبوونی كەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆك
لەمبارەیەوە بڕیار دراهەر پاڵاوگەیەك، یان هەر كارگەیەك كە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەكان كار بكات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ۱۹۲ پاڵاوگە هەن،تەنها سێ لەو پاڵاوگانە یاسایی و فەرمین، لە سنووری پارێزگای هەولێر ۱٤۰ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ۲٤ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، لە سنووری پارێزگای دهۆك ۲٨ پاڵاوگەی نایاسایی هەن، ئەمانە ماوەی زیاتر لە ۱۳ ساڵە بە نایاسایی كاردەن.