Draw Media

لە کۆتاییدا ژینگەی پیس حکومەتی جوڵاند.

لە کۆتاییدا ژینگەی پیس حکومەتی جوڵاند.

2025-01-12 16:20:02



خالید سلێمان - رۆژنامەنوسی بواری ژینگەیی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەئاووهەوای شارەکانی کوردستان چوار بڕیاری دەرکرد. بۆ ئەوەی بڕیارەکان بەئاسانی بەسەر خەڵک و ڕای گشتیدا تێپەڕ نەبن، پێویستیان بەوەیە هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت. ئەرکی میدیاو چاودێرانی ژینگەش هەر ئەوە نیە بڕیارەکان وەک بڵاوبکەنەوە، بەڵکو پرسیارکردنە لەسەر فاکتەرەکانی ئەم دۆخە ژینگەییە نالەبارەی پێی گەیشتووین، هەروەها ئەو لایەنانەی وا حکومەتی بەلایاندا نەچووە.
بڕیاری یەکەمی حکومەت دەڵێت: "لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، کە بۆچی حکومەت کۆمپانیایەک دانانێت لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی سەرچاوە سروشتیییەکاندا کار بکات و بەرپرسیارێتی بەرهەمهێنانی گازوایل و بەنزین و گازی ماڵان بگرێتە ئەستۆ؟ چارەسەرێکی لەم شێوەیە باشترین میکانیزم و بژاردەیە بۆ بنبڕکردنی پاڵاوگەی خراپ و ناسایی. هەڵبەتە مەسەلەکە تەنها پاڵاوگەی نەوت نیە، ئەی دەرباری کارگەکانی تری بەرهەمهێنانی زفت و کەرەستەکانی تر چی دەڵێن کە پشت بەنەوتی ڕەش دەبەستن؟ خۆ ئەوانەش بەشدارێکی گەورەن لە خنکاندنی هەولێرو شارەکانی تری کوردستاندا! ئە باشە ڕێنمایی و پێوەرە ژینگەییەکان چین کە حکومەت بۆ پاڵاوگەکانی داناوە، ئایا خەڵک مافی ئەوەی نیە شتێک لەبارەیانەوە بزانێت؟
بڕیاری دووەمی ئەوەیەکە "رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت."
ئەم خاڵەش پەیوەستە بەخاڵی یەکەمەوە، چونکە بوونی یەک کۆمپانیای نیشتمانیی و لەژێر چاودێریدا بۆ پاڵاوتنی نەوت و بەروبوومەکانی، ڕێگە لە گەندەڵی و فراوانکردنی نفوزی سیاسی دەگرێت کە دەستوەردان لە پیشەسازی نەوتدا فاکتەرێکی سەرەکییەتی. هەروەها ڕێگە لە هێنانی سوتەمەنی قاچاخیش دەگرێت. بەنسبەت بڕگەی کۆتایی ئەم بڕیارەشەوە، زۆر سەیرە دووای بیست ساڵ لە کاری پشکنین و هەڵکەندن و بەرهەمهێنان و شاردنەوەی مەلەفی نەوت لە ڕووبەری گشتی، تازە بە تازە حکومەت داوای سنووردانان بۆ سوتاندنی گازی هاوەڵ دەکات؛ بعد خراب البصرة!
لە خاڵی سێیەمدا حکومەت دەڵێت: "دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
لێرەدا حکومەت مژدەی ئەوەمان دەداتێ کە مەلەفی کارەبا چارەسەر ناکرێت و چارەنووسی ئێمە لەگەڵ موەلیدەکاندایە، چونکە لەبری ئەوەی باسی لابردنیان بکات و هەروەها چارەسەری یەکجارەکی بۆ کێشەی کارەبا بکات، تازە بەتازە داوای پابەند بوون بە ڕێنمایی حکومەت و دانانی فیلتەر دەکات.
هەرچی خاڵی چوارەمە، ئەوە دەمانخاتە بەردەم کێشەو قەیرانێکی تەندروستی گەورەوە، چونکە بڕیارەکە دەڵێت: "رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت."
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە حکومەت ئاگای لەوەیە کە ئاوی قورسی ئاوەڕۆو نەشیاو بۆ بەرهەمهێنانی سەوزەو هەروەها ئاودێریی بەکارهاتووە، ئەی بۆ تا ئێستا بێدەنگ بووە لەبەرامبەر ئەم پێشێلکارییەدا بەرامبەر بەتەندروستی هاووڵاتیان؟
پەراوێز:
جگە لەو کۆمێنتانەی سەرەوە لەسەر بڕیارەکان، باشترە وەبیری حکومەت بهێنینەوە کە سیاسەتی ژینگەیی، بەشێکی دانەبڕاوەیە لە سیاسەتی ئابووری و تەندورستی و کۆمەڵایەتی و، هەروەها ژێرخانی وڵات. جگە لەو خاڵانەی دەستنیشان کران و دووای قەیرانی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر، بڕیاریان لەسەردرا، دەکرێ چەند خاڵێکی تریش لەپەراوێزی کۆمێنتەکانی سەرەوەدا بخەینەڕوو.
یەکەم: چارەسەرکردنی پاشماوەی شارەکان بەشێوەیەکی دوورمەدا، چونکە پاشماوەکان سەرچاوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازی مێتانن، ئەمەش هۆکاری پیسکردنی ئاوهەوای شارەکان و چرکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکانە لە بەرگەهەوادا. هەروەها لیتاوی پاشماوەکان هۆکاری پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و چەم و رێڕەوە ئاوییەکانی سەر زەوییە.
دووەم: دانانی سیستمێکی گواستنەوەو ڕێگەوبانی گشتی، چونکە بوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل بەهۆی نەبوونی گواستنەوەی گشتییەوە، سەرچاوەیەکی تری پیسبوونی ئاوهەوای شارەکانە.
سێیەم: دانانی بەربەستێک لەبەردەم تێکدانی سروشتی دەرەوەی شارەکان، چونکە زیادکردنی باڵەخانەو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر حیسابی ئاوی ژێر زەوی و هەروەها زەوی کشتوکاڵیی دەکرێت، لەهەمان کاتدا بووەتە تێکدانی ڕێڕەوی ئاوەڕۆی شارەکان. هەولێریش نموونەیەکی ڕوونە کە بەرگەی لێزمە بارانێک ناگرێت و دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی لافاو.
چوارەم: نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی شارەکان بەشێوەیەک ڕێڕەوی ئاوەڕۆی قورس و باراناو لەیەک جیابکرێنەوە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەواو تێکچوونی سیستمە ژینگەییەکان لە ژێرخانی شارەکانەوە دەست پێدەکات؛ بە تایبەتی ئەمڕۆ 70%ی دانیشتوان لە شارەکاندا دەژین.
پێنجەم: دڵی شار بە ژینگەوە لێدەدات، پەمپی خوێن هەڵدان لە سیاسەتێکی ژینگەیی دوورمەودادایە، بەبێ ئەوە شار دەبێتە ڕووبەری خنکاندنی هاووڵتان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand