ئايا عێراق گرفتی كەمبونەوەی نەختینەی دیناری هەیە؟
2025-01-03 09:43:23
✍️جيهانگیر سدیق گوڵپی
ماوەیەكە بەشێك لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق بە نوێنەرانی هەرێم و ئەوانی تریشەوە هەروەها هەندێ لە ئابوریناسان و شرۆڤەكارانیش ناوبەناو باس لە گرفتی كەمی سیولەی دینار ئەكەن. ڕۆژی 29/12 وەزارەتی دارایی عێراق بەفەرمی ئەوەی ڕەتكردەوە، بەڵام بەرپرسان و ڕاگەیاندنەكان بەردەوامن لە قسەكردن لەو بابەتە.
لەمشتومڕی پرسێكی لەوجۆرەدا ئەوەی چاوەڕوانكراوە ئەوەیە كە ئەگەر حكومەت بەتایبەتیش وەزارەتی دارایی باس لە گرفتی كەمی سیولە بكات ئەوكات دەبێ پەرلەمانتاران و ئابوریناسان بەگومان و هەستیاریەوە بابەتەكە وەربگرن و داوای رونكردنەوە و وردەكاریی و هۆكاری گرفتەكە بكەن، نەك وەك ئەوەی ئێستە دەگوزەرێ.
ئاخر گرفتی كەمی سیولە بۆ هەر حكومەتێك و بەتایبەتیش بۆ ئەم دۆخەی ئێستای حكومەتی عێراق بابەتێك نیە بەئاسانی رێی تێبچێت و باوەڕی پێ بهێنرێت.
خۆی حكومەت بەكەمی ڕوبەڕوی گرفتی كەمبونەوە سیولە دەبێتەوە، كەمبونەوەی سیولەی بەردەست گرفتێكە دەشێ زیاتر ڕوبەڕوی بانكەكان و دامەزراوە داراییەكان ببێتەوە، بەتایبەتیش ئەوكاتەی كە بانەكەكان برێكی زۆر لەسپاردەكان(الودائع) دەخەنە وەبەرهێنان یان دەیاندەنەوە بەقەرز، وەهەمان كاتدا ڕوبەڕوی قەبارەیەكی چاوەڕواننەكراو لەداواكاری بۆ ڕاكێشانەوەی سپاردەكان دەبنەوە، وە بەئەندازەی پێویست كاشیان لەبەردەست نیە بۆ دانەوەی سپاردەكان بەخاوەنەكانیان.
دەشێ حكومەتیش بۆ ماوەیەكی كەم ڕوبەڕوی گرفتی كەمی سیولە ببێتە بەتایبەتیش ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژ داهاتەكانی نەبونەوە بەكاش و نەگەڕانەوە سەر حسابەكەی بۆ نمونەی ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر پارەی نەوتە فرۆشراوەكەی نەخرایە سەر حسابەكەی، ئەمەیش بەكەمی ڕو دەدات، عێراق لەئیستادا ڕوبەڕوی ئەم دۆخە نەبوەتەوە، ئەگەر دۆخێكی وایش بێتە پێشەوە ئەوا عێراق بۆ ماوەیەك دەتوانێ گرفتەكە چارەسەر بكات تاكو ئەوكاتەی داهاتە نەختینەكەی دەگاتەوە دەستی، ساڵانی پێشتر نەك بۆ چارەسەری دۆخێكی لەوجۆرە بەڵكو تەنانەت بۆ چارەسەری گرفتی كورتهێنانی داهاتیش زۆرجار سودی لە میكانیزمێك وەردەگرت كە پێی دەوترێت (سحب علی المكشوف) لەم ساڵانەی دواییدا بەیاسا ڕێگری ئەوەی لێ كراوە، بەڵام بەهۆی خەسڵەتی ئەو میكانیزمەوە ئەوا هەركات بیەوێ دەتوانێ بۆ ماوەی كورت سودی لێ وەربگرێ.
ئەوەی بەزۆری حكومەتەكان ڕوبەڕوی دەبنەوە كورتهێنانی داهاتە نەك كەمبونەوەی سیولە، بەڵام خۆ عێراق لەمساڵدا توشی ئەو گرفتەیش نەبوە، بەپێ ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق تاكو ئیستا لەنێوان داهاتی بەدەستهاتو و خەرجی ئەنجامدراودا جیاوازیەكی گەورە نیە، خۆ ئەگەر هەشبێ ئەوا بەپێی یاسای بودجە حكومەتی عێراق دەستكراوەیە بۆ قەرزكردن بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە.
عێراق لە فرۆشتنی نەوت بەردەوامە و داهاتەكەی بەدۆلار بەبێ گرفت دەچیتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و لەوێوە بۆ هەژماری بانكی ناوەندی عێراق لەئەمەریكا، لەبەرامبەریشدا بانكی ناوەندی عێراق لەبەغدا و لقەكانی تری ناو عێراق بە بێ گرفت بەبارتەقای ئەو دۆلارانە دینار دەداتە وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتە نانەوتیەكانیش لەلایەن حكومەتەوە بەدینار وەردەگیرێن، خۆ ئەگەر حكومەتی عێراق پێویستی بەدیناری زیاتر بوو واتە كورتهێنانی داهاتی هەبو، ئەوكات لەسەریەتی بەو ڕێگایانەی لەیاسای بودجەدا دیاریكراون پارەی پیوسیت بەدینار بەدەست بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهینانەكە.
لەساڵانی پێشتر زیاتر لە جارێك بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت داهاتەكانی عێراق نزیكبونەتەوە لەسفر و خەرجیە زۆرەكانیشی بەردەوامبون و بابەتێك بەناوی كەمبونەوەی سیولە نەبوەتە گرفت، لەساڵی 2024دا بڕی فرۆشتنی دۆلار بەدینار لەلایەن بانكی ناوەندیەوە لەهەمو ساڵەكانی تر زیاتربوە، لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی و لە پلاتفۆرمی ئەلەكترۆنی، بۆ حەواڵەی دەرەكی و بۆ نەختی ناوخۆیی. واتە بانكی ناوەندیش بەردەوام بوە لەڕاكێشانەوەی دینار. وەبەپێی ڕاگەیاندنی بانكی ناوەندی عێراق لەمساڵدا مامەڵەكردن بەدینار لەرێگەی بانكەكانەوەو قەبارەی سپاردەی بانكەكان لەهەموساڵانی پێشو زیاتر بوە، جگە لەوەیش بانكی ناوەندی عێراق هیچ كات گرفتی دیناری نابێت و خۆی خاوەنی دینارەو هەمیشە دەتوانێ پابەندیەكانی خۆی بەدینار جێ بەجێ بكات، بەتایبەتیش كە خاوەنی یەدەگێگی گەورەی بیانیە.