قفڵی ئێران بەو كلیلە دەكرێتەوە!
2018-07-31 12:19:44
■ عەبدولڕەحمان مەهابادی ...
تێڕوانینێك بەسەر پشتیوانیكردنی نێودەوڵەتی لە تاكە ئالترناتیڤی دیموكراتی بۆ ئێران
كاتێ خەڵكی ئێران دژ بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری رژانە سەر شەقام و زەنگی كۆتاییهێنانی رژێمیان لێدا، یەكەم پرسیاری ناو مێشك ئەوە بوو كە چ بە سەر ئێران دێت و قفڵی ئەم وڵاتە تاریكە بە كام كلیل دەكرێتەوە؟!
بە پێشكەوتن و بەردەوامیی راپەڕینی جەماوەری، زۆرێك دەركەوتن کە خۆیان بە فریادرەسی خەڵك نیشان دا. زۆرێك چاویان بڕیبووە زلهێزەكانی جیهان و بە تایبەت ئەمریكا. زۆرێكیش بە سەرلێشێواوی و پەشۆكاوییەوە بەدوای ئەم و ئەودا وێڵ بوون. بەڵام لە هەمووان خۆڕاگرتر ئەو هێزه بوو كه لەم دواییانەدا لە گردبوونەوە گەورەكەی پاریس دەركەوت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران وەك بەڕێوەبەری گردبوونەوەكە، تێكەڵاوەیەكە لەو هێزانەی هەر لە سەرەتاوە خوازیاری رووخاندنی رژێمی مەزهەبیی دەسەڵاتدار لە ئێران بوون. هێزی سەرەكیی ناو ئەم ئەنجوومەنە، موجاهیدینی خەلقە كە زیات لە نیو سەدەیە دژ بە دوو دیكتاتۆریی شا و ئاخوندان لە جەنگدایە و بە كردەوە سەڵاحییەت و لێهاتوویی خۆی بۆ رێنوێنیكردنی ئەم راپەڕینە و هەروەها ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی ئێرانی دوای رووخاندنی مەلاكان نیشان داوە.
رژێمی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو، زۆر جار دۆسێیەی موجاهیدینی خەلقی بە «داخراو» راگەیاند. بەڵام هەر كات لە ئێران چالاكییەك بكرێت دژ بە دەسەڵات، كاربەدەستانی ئەو رژێمە پەنجە بۆ ئەم سازمانە رادەكێشن. لە سەرەتای ئەو راپەڕینەی حەوت مانگ بەر لە ئێستاوە دەستی پێكردووە و لە حاڵی حازردا لە هەموو شوێنێكی ئێران بەردەوامە، عەلی خامنەئی، وەلی فەقیهی ئاخوندان رایگەیاند كە موجاهیدینی خەلق لە پشت راپەڕینەوەن و چەند مانگ كاریان بۆ ئەو راپەڕینە كردووە. واتای ئەم قسەیەی خامنەئی پووچەڵكەرەوەی پروپاگەندای دەسەڵاتدارانی تارانە دژ بە موجاهیدینی خەلق. چون موجاهیدین نەك تەنها ماون، بەڵكو بەهێزتر لە جاران، ئێستا نەخشەداڕێژەری راپەڕینی جەماوەرین بۆ راماڵینی رژێمی ئێران.
بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ئەمساڵ لە پاریس لە هەموو روویەكەوە واتای تایبەتی خۆی هەیە كە یەكەمیان، رەتكردنەوەی ئیدیعا و پروپاگەندای ژەهراویی رژێمی مەلاكان و هاوپەیمانانیەتی. ئەوان ئیددیعا دەكەن خانمی مریەم رەجەوی و موجاهیدینی خەلق لە ناوخۆی ئێران بێ پێگەی جەماوەرین. لێرەدا ئەم پرسیارە بۆ بیسەر یا بینەری ئەم گردبوونەوەیە دروست دەکات كە ئەگەر پروپاگەندای دەسەڵاتدارانی تاران دروست و بەڵگەدارە، ئاخۆ ئاپۆرەی زیات لە (100)هەزار ناو گردبوونەوەكە هاوڕێ و خزم و كەس و كاریان نیە لە ناوخۆی ئێران؟ ئایا ئەگەر بە تۆزقاڵێك شارەزایی لەسەر كێشە و سنوورداریی پەناهەندەیی و پەنابەران لە وڵاتانی جیهانەوە بڕوانینە ئاپۆرەی ئەم گردبوونەوەیە، ناكرێت لەوە بگەین كە هۆگران و ئەوانەی حەزی ئامادەبوون لە گردبوونەوەكەیان لە دڵ دا بوو، چەند هێندەی ئاپۆرەی ئامادەبووی گردبوونەوەكە بوون؟ ئایا دابینكردنی تێچووی گردبوونەوەیەكی گەورەی لەمجۆرە و ئیدارەكردن و رێكخستنی، زۆر گەورەترە لە پروپاگەندای كاربەدەستانی تاران و راگەیاندنی ژەهراویی ئەوان دژ بە موجاهیدینی خەلق؟!
دووفاقیەتی قسە و لێدوانی كاربەدەستانی رژێمی ئاخوندی لە پێوەند لەگەڵ ئۆپوزیسیۆنی سەرەكیی ئەم رژێمە، واتا موجاهیدین، تا رادەیەكە كاتێ زاریان دەكەنەوە، ناهاوسەنگیی دەروونی و پەشۆكاوی و شڵەژاویی ئەم رژێمە لەهەمبەر پێوەندی نێوان جەماوەری خەڵكی ئێران و موجاهیدین خەلق فیچقە دەكات. تەنها هەر لە بەر ئەوەیە كاربەدەستانی ئەم رژێمە، بە پارەیەكی زۆر و بە رێگەی لۆبی و دەست و پێوەندەكانی، هەستاون بە داتاشینی ئالترناتیڤی ساختە و خەیاڵی بۆ رژێمەكەیان تا راپەڕینی خەلك و موقاومەتی ئێران بخەنە پەڕاوێزەوە. بەڵام ئایا ئەوەیان بۆ سەر دەگرێت؟ بێگومان نا!
موجاهیدینی خەلق لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندین لیستی شەهیدانیان بە كتێب كردووە و بڵاویان كردۆتەوە. ئاماری شەهیدانی موقاومەتی ئێران لە ماوەی 4 دەیەی رابردوو نزدیك بە (120)هەزار كەسە كە هەر كامەیان نەك تەنها هاوڕێ و خزم و كەس، بەڵكو لە ریزەكانی موجاهیدین و موقاومەتدا هاوسەنگەرانیان هەیە كە بەڵێن و پەیمانیان، درێژەدان بە گرتنەبەری ئامانجەكانی شەهیدانە. كەوایە رژێمی ئێران دەبێ زۆر بترسێت لە رۆژی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و سەركەوتنی راپەڕینی خەڵك و موقاومەتی ئێران!
ئێستا زیات لە جاران ئەو كۆدەنگەییە نێودەوڵەتیە لە ئاڕادایە كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران تاكە ئالترناتیڤی دیموكراتی و جیددییە بەرانبەر بە رژێمی ئێران. چون هەبوونی ئالترناتیڤێكی بەهێز، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەوانە، مێژووی خەباتكارانەی روون، پێگەی كۆمەڵایەتی و رێكخستنی بەرین و بە هێز لە ئێستادا و هەبوونی پلاتفۆرمێكی روون بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ. بێ هەبوونی هەر كام لەوانە، ئالترناتیڤەكە خەیاڵی و غەیرەجیددییە.
لە گردبوونەوەی ئەم دواییەی پاریس. بێجگە لە رەوەندی ئێرانی، سەدان شاند و سیاسەتمەداری ناودار و شاندی پەرلەمانی لە هەر پێنج كیشوەر (قاڕە)ی جیهانەوە، پشتیوانیكردنی خۆیان لە راپەڕینی خەلكی ئێران و موقاومەتی رێكخراو و ئالترناتیڤی دیموكراتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران راگەیاند. گریمانەی ئەوە دەكرێت ئەم ئالترناتیڤە، بە ئامادەبوونی رودی جولیانی، راوێژكاریی یاسایی پرێزیدێنت ترامپ و شاندێكی دیار لە كەسایەتی و بەرپرسانی پێشووی ئەم وڵاتە، لە لایەن حكومەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی بكرێت. چون ئەو شتە تەواو رێك و گونجاوە لەگەڵ ستراتیژیی راگەیاندراوی حكومەتی ئەمریكا. كەوایە لە چەند مانگی داهاتوودا زۆر سروشتییە شایەتی گۆڕانكاری گەورە لەم رێڕەودا بین.