Draw Media

فۆرمی توندوتیژیی یاسایی و ئاستەنگی پێشکەوتنی کۆمەڵگە

 فۆرمی توندوتیژیی یاسایی و ئاستەنگی پێشکەوتنی کۆمەڵگە

2024-12-22 07:44:11


 

 شیرین تاهیر

 فۆرمەکانی توندوتیژی پەیوەندییان بە کۆمەڵێک ئەکت و هەڵسوکەوتی نامرۆیی و گرفتی توندەوە هەیە لە جۆری توندوتیژی(فیزیکی و دەروونی و سێکسی...هتد) بە هۆی پاڵنەری یاسایی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی لەسەر کەسانی پەراوێزخراو یان لاواز پراکتیزە دەکرێ، سەرباری ئەوەش کردنی ئەم کارە توندوتیژە لەسەر کارتێکراو بە سروشتی دادەنرێت لەلایەن سیستمی پیاوسالار و کۆنە پارێز و هەژموونخوازی ئاینی و سیاسی...هتد. لەمڕۆدا فۆڕمەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمایی یاسایی و ئاینی و بەشێوەیەکی پەیوەندیخواز  بەدیارترین هۆکارەکانی توندوتیژی دادەنرێن لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا، ئەم پاڵنەرە یاسایی و ئاینیانە تێکەڵاو بە نەریت و کلتوورە کۆمەڵایەتیەکان کراونەتەوە، هەندێکجار داکۆکیکاران لە باسکردنی هۆکاری توندوتیژی سەر ژنان ئەو پاڵنەرانە دەبەستنەوە بەیەکترەوە، بۆیە بەرلەوەی باسی لێکەوتە یاسایی و توندوتیژییەکانی پەیوەست بە هەندێک لە یاساکان بکەین، بە جیاواز سەرنج دەخەینە سەر هەردوو چەمکی "یاسا" و "توندوتیژیی" و دواتر پەیوەندی چەمکی توندوتیژی بە یاساوە لێکدەدەینەوە. بۆ ناسینەوە و خستنەڕووی چەمکی "توندوتیژیی"دەپرسین؛ چ کاتێک بە هەڵسوکەوتێک یان گوتەیەک یان هەر لێکەوتەیەک دەڵێین توندوتیژی؟
باسکردنی توندوتیژی لە چوارچێوەی کردار و گوفتاردا؛ لە هەر کردار وهەڕەشەیەک یاخود جوڵەیەکدا فشارخستنێکی نەرێنی ترسناکە لەسەر کەسێک، زۆرجار ئەو فشارە لە ڕادەی ئاسایی زیاترە و لە ڕێی میتۆدێکی زانستیەوە پراکتیزە دەکرێ، بەڵام لە دەرئەنجامدا بۆ کەسی پراکتیزە    لەسەرکراو دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان و بەربەست دروستکردن لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی ئەو کەسەو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاندەرێک بۆ دواکەوتنی کۆمەڵگە.  بۆ هۆکاری ئەم کردارە نێگەتیڤە توندە بەرامبەر جەستە  یاخود دەروونی کەسەکە؛ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ پاڵنەرێک هەیە، دەشێ پاڵنەرەکە ئابووری یان سیاسی یان یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بێت. دەرئەنجامەکانی توندوتیژی هۆکارە بۆئەوەی سنورێک بۆ توانای ژن دابنێت و هۆکارێکە بۆ پشێوی و ناسەلامەتی و تێکدانی ئارامی و ئاستەنگێک دروست دەکات لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە، جگە لەوەش پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانە. سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان، بە پێی ڕاسپاردەی ژمارە(٣٥) ی ڕێکەوتنامەی سیداو( ): " ڕەنگە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا توندوتیژی دژی ژنان ببێتە هۆی ئەشکەنجە و مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە و ڕسواکەر..."( )
بەڵام چەمکی "یاسا" هەر لەسەردەمی دێرینەوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری ڕێکخستنی کۆمەڵگە؛ مرۆڤ گەڕایەوە بۆ سەرەتای بوون و یاسا سروشتییەکانی لە مەسەلەی دادپەروەریدا کردە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی و ڕێزگرتن لە مافی یەکتر، دوای دەرکەوتنی شارستانییەکان؛ یاساکان نووسرانەوە و پاش گەشەکردنە فیکری و فەلسەفیەکان یاسا دانراوەکان(پۆزیتیڤیزم) هاتنە بوون و مرۆڤ لەسەردەمی نوێدا بۆ ڕێکخستنەوەی ژیان و کاروبارەکانی وەک تاک و وەک کۆمەڵگە لە پێناو سەلامەتی و ئاشتیدا وەک فریادڕەس بەم یاسایانەوە پەیوست دەبێت و لە هەرکاروبارێک و لەکاتی هەرکێشەیەکدا دەگەڕێتەوە بۆ یاسا ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
لە ڕاستیدا یاساکان و سەرچاوەی دروستبوونیان بۆ کۆمەڵێک بنەما دەگەڕێتەوە کە دەشێ هەندێک سەرچاوە لەدانانی یاساکاندا لەدەرئەنجامی خودی ململانێی ناوەکی مرۆڤدا هاتبێتە بەرهەم کە لەگەڵ خواست و گەشەکردنی ئیمڕۆی مرۆڤدا دژیەک و ناکۆکە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکانی دانانی یاسا زۆرجار بەتەواوی پاڵپشتی لێدەکرێ و بە بنەمایەکی پتەوە و بەهێز بۆ یاساکە سەیردەکرێت. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ لەسەری ڕابووەستین مەسەلەی ئەو توندوتیژییانەیە کە لە هەندێک لە یاساکان دەکەونەوە و یاسا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەرگا بۆ توندوتیژی دەکاتەوە! لەڕێی پاڵپشتیکردنی دەوڵەت یان لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان لە هەندێک یاسای ناوخۆیی، جگەلەوەش پاڵپشتیکردنی هەندێک دەوڵەت لەو یاسا نێودەوڵەتیانەی کە وەک پێویست نەیتوانییوە توندوتیژییەکان بنبڕ بکات، هەروەها بەشێک لەو ڕێکەوتنامانەی کە دەوڵەتان ئەندامن تێیدا و پابەند کراون بە جێبەجێکردنی، زیاتر لەژێر ناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان کار دەکەن. بەڵام بەشێوەکی گشتی نەتوانراوە دەوڵەتان و گروپە چەکدارەکان و لایەنە مەزهەبی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان؛ بەدروستی پابەندبکرێن بەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنامانەوە، واتە جۆری بڕگە و ماددە یاساییەکان لەگەڵ چۆنێتی جێبەجێکردنی یاساکان و جۆری سزاکان و پیادەکردنییان ئەمەش هۆکاری بەردەوامی و دروستبوونی توندوتیژییە هەمەجۆرەکانە.  بۆنموونە: دەستوور وڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نیشتیمانییە ناوخۆییەکان، کە بە کۆبڕیار دروستبوون، بەندو بڕگە و ماددەکانیان پڕن لە کەموکورتی و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژ بە تاک، بەتایبەتی ژن و منداڵ. لە ڕوواڵەتدا دەرکردنی هەر یاسایەک یان هەموارکردنەوەی بە نیسبەت گروپێکەوە یان دەستەیەکەوە بەدەستکەوتێکی ئەرێنی دەزانن بۆ تەواوی کاتیگۆرییەکانی تری کۆمەڵگە، بەڵام کە لە یاساکە ورددەبیتەوە و دەیخەینە بەر تیشکی ڕەخنە، ئەوا درک بە کەلێن و بەرژەوەندیخوازی و هەژموونی لایەنێک یان دەسەڵاتێک دەکەین بەسەر ڕەگەز و نەژادێکی دیکەدا. زۆربەی یاساکان ئەم جۆرە هەژموون و دەسەڵاتدارییە زاڵە بەسەریدا. ئەگەر لە یاسا ناوخۆییەکاندا باسی سەرچاوەی یاسا بکەین؛ لە یاسای مەدەنییدا بۆ وەرگرتنەوەی مافە ماددییە تاکە کەسییەکان؛ پشتی بە یاسای مەدەنی فەرەنسی بەستووە، لەیاسای باری کەسێتیدا؛ ڕاستەوخۆ بنەما و سەوابتی ئاینی ئیسلام لە دەقی ماددەکانیدا جێگیر کراوە، لەیاسای تاوانکاریدا لەسەرچاوەی دروستبوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ ڕێکەوتنامەکان و بنەماگشتییەکان و جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و مافی ژنان. لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوە و ئاشنا بوون بە تووندوتیژییە یاساییەکان؛ ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، چۆن یاسا لەبەرامبەر تاک و هەندێک لە کاتیگۆرییەکان ڕووکاری خۆی دەگۆڕێت ڕێگە لە فۆرمی دروستبوون و خستنەگەڕی وزەی تاک دەگرێت، لە هاومانایەکی ڕێکخەر و پارێزەری ماف و ئازادییەوە دەبێتە پەردەیەک و تارماییەکی ناحەقیقەتی یان حەقیقەتێکی درۆینە، کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم مەترسی  گەڕانەوە و چەقبەستن؟ زۆرێک لە یاساکان دەبنە بەربەست لەبەردەم کۆمەڵگەکان، بە تایبەتی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ماف و ئازدیی تاکەوە هەیە، ئەم فۆرمی دواکەوتوویە خۆی لەو توندوتیژییانەدا دەبینێتەوە کە لە نەبوونی یاسا و خراپ جێبەجێکردنی و زۆرجاریش لەو یاسایانەدا دواکەوتووی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە کە لە ناوەڕۆکی دەقە یاساییەکاندا دیدی چەقبستوو هەبێت، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی لە سەردەمی شارستانییەکانەوە دژ بە ژنان خووڵقێنراون، جا یاساکان ناوخۆیی بن یاخود جیهانی و نێودەوڵەتی.
ئەگەر سەبارەت بە یاسای باری کەسیەتی و کۆمەڵگەی عێراقی بدوێین؛ ئەوا لە یاساکەدا بە تەواوی تەنها باڵای و هەژموونی پیاوگەرایی زاڵ دەبینینەوە، بۆیە یاساکە لەپێشتریشدا زۆر جێی ئومێد نەبوو، لە ئێستادا کە پڕۆژی هەموارکردنی یاساکە هەیە،  ئەم پڕۆژەیە لە هەموو ڕووێکەوە خراپترە و باش نییە. لەگەڵئەوەی یاساکانی دیکەش لە کەموکورتی و بەکەم سەیرکردنی ژن بەدەر نیین، سەبارەت بە یاسای باری کەسیەتی ئەم یاسایە ئەگەرچی لە هەرێمدا لەساڵی (٢٠٠٨) بە یاسای ژمارە (١٥) هەموار کرایەوە، بەڵام هێشتا ئەو ئاسۆیە لەبەردەم ژندا ئەوەندە کراوە و ڕۆشن نییە کە بە بنەماکانی دیموکراسی گرێدراو بێت، چونکە یاساکە لە کۆی ماددەکانیدا سەوابتی شەرع بە دەق تێیدا چەسپیووە و لە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی کە بەم دواییانە هەندێک لە باڵی شیعەکان داوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتیان خستە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان، داوای گۆڕینی چەند ماددەیەکیان کردووە لە یاساکەدا، ئەو ماددانەی کە پەیوەندی هەیە بە هەندێک ماف و ئازادی ژن و منداڵەوە، لەوانە؛ پێداگری لەسەر بەشودانی کچانی منداڵ و  گوێڕایەڵی ژن بۆ پیاو و  دوو بەش لەمیراتی بۆ نێر و بەرامبەر یەک بەش بۆ مێ ...) هەروەها بە گوێرەی سەوابتی ئیسلام، سەفەرکردنی ژن بە بێ مەحرەم لە فڕۆکە و گواستنەوەکانی تر ڕێگەپێدراو نییە، ئەم دەقە پیچەوانە و دژیەکە لەگەڵ ماددەی (٤٤) ی دەستور کە دەڵیت:" عێراقی ئازادی خۆ گواستنەوەو گەشت و نیشتەجێبوونی لە ناوەو دەرەوەی عێراقدا هەیە"، لەبەرئەوەی هەر لە ماددەی (٢) بڕگەی یەکەمی دەستوردا دەڵێت:" ئیسلام ئایینی فەرمی دەوڵەتە، ئەو سەرچاوەی بنەڕەتی یاسادانانە" بەمەش عێراق لە دانانی یاسا و دەستوورەکەیدا نەیتوانییوە کار بە ڕێسا و یاسا پێشکەوتووەکان و بنەما گشتیەکان بکات. یاساکان یاسای نووسراون، دەق و نووسراو هەمیشە بەرجەستەترە لە نەریتێک یان هەر شتێک کە ئەرگیومینتێکی نووسراوی نەبێت، هەر بۆیەش ئایین زیاتر مەترسییەکانی بۆ ژنان لە دەقەکەدایە کارکردنی لەسەر مەزهەبەکان و ئایینەکانیش دەبێت بە ڕەخنەی بابەتی و نووسراو تەفسیری شەرع بکەن.

با تیشک بخەینە سەر یاسای ژمارە (١٨٨)ی باری کەسیەتی ساڵی ١٩٥٩ ئەم یاسایە لە ٣٠/٤/٢٠٢٤ وەک پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لە باڵی شیعە جەعفەرییەکانەوە خراوەتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و پێشنیاری هەموارکردنەوەی کراوە، تاکو ئێستا دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەگەر ئەم هەموارکردنە تێپەڕێندرێت کارەساتی کۆمەڵایەتی و خێزانی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی لە هەموارکردنەکەدا باس لە بەشودانی کچان دەکات لە تەمەنی نۆ ساڵی و هەروەها داوادەکرێت پڕۆسەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا بێت و لە ڕێی موفتیەکانەوە بێت، یاخود دوو دادگا هەبێت(سوونی- شیعی) دوو هاوسەرەکە دادگایەک هەڵدەبژێرن، بەڵام ئەگەر دوو هاوسەرەکە ڕێکنەکەوتن لەسەر جۆری دادگاکە ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دادگایەی کە بۆ مەزهەبی پیاوەکە دەگەڕێتەوە. بێجگە لەم دۆخەی کە ئێستا یاساکەی پێ هەڵدەسەنگێنرێت لە ڕاستیدا خودی یاساکە لە بنەڕەتدا کێشەو ئاستەنگ لەبەردەم گەشەکردنی ئیڕادەی ژندا دروست دەکات، بەم هەموارکردنەش ژنان و منداڵان لە هەرچی ماف و ئازادییەکانیان بێبەش دەکات.

یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی خێزانی:

لەم دەساڵانەی دواییدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا و زۆرێک لەو وڵاتانەی توندوتیژی خێزانی تێیدا زیاترهەڵکشاوە، بەتایبەتی توندوتیژی دژبە ژنان و منداڵان ئەوە وایکردووە کە لە ڕێی لیژنە یاساییەکانی ناو پەرلەمانەوە باسەکە تاوتوێ بکرێ و دواتر وەک پڕۆژەیەک کاری لەسەر کراوەو یاسای بۆ دەرکراوە، بە ناوی(یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لەعێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەم یاسایە بوونی هەیە و جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئەم یاسایە کە یاسایەکی ناوخۆییە لێوانە لە کەموکورتی لە دانانی ماددەکان و لە جێبەجێکردنیشدا، یاساک بەشێوەیەکی کۆنکرێتی نەیتوانیووە توندوتیژییەکان بنبڕبکات، داکۆکیکار و پاڵپشتی و پارێزگاری لە تاک و ژن بکات لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بەتایبەتی لەناو خێزاندا، چونکە کۆی ماددەکانی ئەم یاسایە تاڕادەیەک توندتیژی وەک دیاردەیەکی گشتی لە پەیوەندی خێزانیدا شرۆڤەکردووە. بۆ نموونە؛ کاتێک پیاوێک لەبەردەم مناڵەکانی توندوتیژی جەستەیی دەروونی و سێکسی بەرامبەر بە ژنەکەی دەکات، کە ژنەکە سکاڵا دەکات، دەینێرن بۆ لیژنەی پزیشکی، لیژنەکە بڕی ئەو زیانە جەستەییەی بەر ژنەکە کەوتووە دیاری دەکات، بەهەر بیانوویەک بێت بکەرەکە بەشێوەیەکی بنبڕ لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت و سزا نادرێت، چونکە خودی یاساکە بە شێوەیەکی مەتاتی و تەمومژاوی بڕگەو ماددەکانی داڕێژراوە، بۆنموونە لە ماددەی (حەوت)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی( )، هەرێمی کوردستان؛ کە باسی سزاکان دەکات بەشێوەیەکی گشتی باسیکردووە و بۆ هەر تاوانێک ئاستی جۆری تاوانەکە سزایەکی دیاریکراو نییە، بەمشێوەیە یاساکە نەیتوانیووە توندوتیژیی تا ئاستێکی باش بنبڕ بکات، بەڵکو توندو تیژییەکان لەناو خێزاندا زیادی کردووە، لەدەروەی خێزانیش بەهەمان شێوە، لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە زۆرجار بەهۆی کەمی ئاستی وشیاری و بوێری، ژنەکە وەها ترسێنراوە یان لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سەلامەتی و ئارامی ژیانی مناڵەکانی سکاڵا تۆمار ناکات.  ئەگەرچی لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژیانەی کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان هەیانبووە؛ زیاتر فۆکەس خراوەتە سەر یاساکان، لەوانە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، کێشەی توندوتیژی یاسایی بەهۆی ڕەگەزەوە دژبە ژنان لە هەموو توندوتیژییەکانی دیکە بەربڵاوترە، ڕاستی ئەم بۆچوونە لەوێدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە؛ کاتێک ژنانێکی زۆر دەبینین لە (ماڵی داڵدەدانی ژنان)بەهۆی ئەوەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، یان ئەوەتا منداڵ بوون بەزۆر بەشوودراون، یاخود شویانکردووە بەسەر ژنێکی تر، یاخود هاوسەرەکانیان لەگەڵیان خراپ بوون، ژنان ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبنەوە بەهۆی ڕێگەدان بەفرە ژنی و بەشودانی کچانی منداڵ و زاڵی (قەوامە)ی پیاو بەسەر ژندا لە یاسای باری کەسێتیدا، کاتێک باوکەکان ژنی دووەم دەهێنن؛ منداڵەکان زیاتر سەرگەردان و بێماڵ دەبن، بەتایبەتی کچەکان، ڕووبەڕووی جۆرەها کێشە دەبنەوە، لەوێدا فرەژنی بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ڕەوشی کچان و ژنان. لەئاستی یاسا نێودەوڵەتیەکانیشدا کێشەکانی ژنان قوڵتر بوونەتەوە و توندوتیژییەکان زیاتر بەهۆی ڕەگەزەوەن،  بەتایبەتی بەرامبەر ژنانی کۆچبەر، بە هۆکاری نەژاد و کەمینەیی و ئایینەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.
لەلایەکیتر یاسا جیهانی و نێودەوڵەتیەکان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لە بنەڕەتدا یاسایەکی گشتییە و چوارچێوەیەکی کاتی و شوێنی هەیە، ئەم یاسایە لەکاتی جەنگدا لەو جێگایانەی شەڕوململانێی سەبازی تێدایە داکۆکی لە خەڵکانی مەدەنی و دیل و بریندار و ڕۆژنامەوانانی سەربازی ...هتد دەکات. ئەم یاسایە لەکارکردنیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئایدیای پشت جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکەوتنامەکانی جنێڤ، هەروەها قۆناغ بە قۆناغ یاساکە پێشکەوتنی بەسەردا هاتووە بەپێی چوونە پێشەوەی زیاتری ڕێکەوتنامەکان، لە بەهاناچوونی قوربانیەکانی جەنگدا خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئەو یاسایە دەگەڕێتەوەو ئەو یاسایە جێبەجێدەکات و لە سزادانی تاوانبارانیشدا؛ دەوڵەتان بۆ دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لاهای دەگەڕێنەوە. لەم یاسایەدا بەشێوەیەکی مەتاتی باس لە ڕەگەز کراوە، بەتایبەتی گەرسەرنج بدەین لە ماددەی (سێی هاوبەش) لە ڕێکەوتنامەی (جنێڤ)ی ساڵی ١٩٤٩دەڵێت:" نابێت لەکاتی یارمەتیدانی دیل و قوربانیانی جەنگدا جیاکاری بکرێت" دەستەواژەی جیاکاری لێرەدا نادیار و تەمومژاوییە، ئایا: جیاکاری لێرەدا مەبەستی لە جیاکاری پیاو و ژنە، یان جیاکاریی نەکردنە لە نێوان مرۆڤدا بە پێی نەژاد و نەتەوە و کەمینە و ئایین و مەزهەب؟!
هەر لە ڕاسپاردەی ژمارە (٣٥)ی ڕێکەوتنامەی(سیداو)ی ساڵی ٢٠٢٤، کە ڕێکەوتنامەیەکە ئامانجی پێشخستن و چەسپاندنی بنەما گشتیەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، ئاماژە زیاتر بە توندوتیژییە یاساییەکان دەکات، ڕەخنە لە ڕێسا یاساییەکان و جێبەجێکردنیان دەگرێت و دەوڵەت بە بەرپرسیار و کەمتەرخەم دەزانێت، بەم شێوەیە کە لە هەندێک خاڵی ڕاسپاردەکە ورد دەبینەوە: لە خاڵی یەکەمدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ جیاکاری و توندوتیژی ئاڕاستەی ژنێک دەکرێ لەبەرئەوەی ژنە[ئەمەش پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ژنە] جگەلەوەش لە خاڵی دووەمدا باس لەوە دەکات کە: قەدەغەکردنی توندوتیژی ڕەگەزیی دژی ژنان بۆ بنەمایەکی باوی یاسای نێودەوڵەتی پەرەی سەندووە، لە ڕاسپاردەکەدا گرنگی بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان دراوە، ئەوەتا لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ کۆمەڵە مەدەنییەکان بە تایبەتی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی ژنان شاڕۆڵیان لە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان گێڕاوە، چالاکیەکانیان کاریگەری گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبووە. سەبارەت بە خەسڵەتی توندوتیژی و ناسینەوەی زاراوەکە هەر لە ڕاسپاردەی ژمارە(٣٥)ی سیداو لە خاڵی نۆیەمدا باس لەوە دەکات کە چۆن لە ئێستادا پێناسەی توندوتیژی بەراورد بە ساڵی ١٩٩٢ گۆڕاوە، بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە؛ کە ئەو توندوتیژیانەی ڕەگەزیین، بەڵام لە ئێستادا دەبێت بە شێوەیەکی وردتر زاراوەکە بەکاربهێنین و هۆ و کاریگەرییە ڕەگەزییەکانی توندوتیژی ئاشکرا بکەین، لەبەرئەوەی چەمکەکە لە پێشتردا وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەک تاکە کەسی توندوتیژی بەهێزتر دەکات. فۆکەس دەخاتە سەر هەر جۆرە توندوتیژییەک کە بە هۆکاری جیاکاری ژنان بەهۆی نەژاد و نەتەوەو پێگەی ڕەسەنێتی و کەمینەیی و ڕەوش و چینی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زمان و ئایین وباوەڕ و بیروبۆچوونی سیاسی لەگەڵیان دەکرێ، ئەمەش دووبارە جەختکردنەوەیە لە مافی یەکسانی بە پێی یاساکان و ڕەهەندەکانی دیکەی ماف و ئازادییەکان هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک پەیوەست بە جیاکاری ڕەگەزەوە. هەموو ئەم خاڵانە دواجار بەندە بە دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت بەتەواوی بەرپرسیارە لە کەمتەرخەمی و لە ئەنجامدانی هەموو ئەو جۆرە توندوتیژیانەی لەلایەن دامودەزگاکان و لەناو خێزانەکان و هەموو ناوەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوودەدات، دەوڵەت لەڕێی دانانی یاسا ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنیان بەشێوەیەک بنبڕ دەتوانێت دیسپلینی دۆخی کۆمەڵگە بکات و بەر لە هەر توندوتیژییەک بگرێت، بەمەرجێک یاساکان لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئیمڕۆ یەکبگرنەوە.    

هەرچەندە بشمانەوێ ڕۆڵی یاسا نادیدە بگرین بەڵام دەبینین دەستوور و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و یاسا نیشتیمانیەکان کە بە بڕیاری کۆدەنگی بڕیاریان لەسەر دراوە، دواجار ڕەنگە بەند و ماددەکانیان پڕبن لە کەموکورتی دژ بە مافەکانی مرۆڤ و ژن و منداڵ، ئێمە بەردەوام لە ڕواڵەتدا ئەم یاسایانە بە دەستکەوت دەزانین بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە بەها مرۆییەکان و ئارامی کۆمەڵگە و ئاشتی نێوان مرۆڤ و گەلان. کە لێیان ورد دەبینەوە لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە درک بە کەلێن و هەژموونی لایەنێک یان مەزهەبێک دەکەین، ئەم بەرژەوەندیخوازی و هەژمونگەراییە بەسەر ئەوانیتردا بە هۆی ڕەگەز و نەژادو ئایینەوە پەیوەستە بە خۆبەزلزانی و لە پێشینەیی بۆ ئەوەی پێیدەگوترێت ڕەسەن، کە لەبەرامبەردا بەسەر ئەوانیتردا کە وەک کارتێکراوێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ چەمکی ناڕەسەن قوت دەبێتەوە، کە ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان داگیرکردنی کەسایەتی ئەوانەیە کە کارتێکراون و ناتوانن سەربەخۆ و ئازاد بن لەلایەن ئەوانەی کە کارەکتەری باڵا و بکەرن، ئەمە ڕێچکەکەی ئاسایی نییە بۆ پێکەوە ژنیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی ماف و ئازادیەکانی ئەوانیتر، بەڵکو ئەمە فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی فراوانکردن و جێبەجێکردنی توندوتیژی، جا توندوتیژییەکە لەوانەیە لە جەستە فیزیکیە ماددییەکەوە سەربکێشێ بۆ توندوتیژیی دەروونی، یاخود هەندێک جار توندوتیژییەکان لە فۆرمی ستەم و فشار و زەبروزەنگی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییدا خۆی دەبینێتەوە.
لەسەرەتای تێکۆشانیانەوە ژنان زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ یاساکاندا هەبووە، نەک هەر لە کوردستان و جیهانی ئیسلامی بەڵكو لە تەواوی جیهاندا، لەبەرئەوەی یاسا دانراوەکان زیاتر ئامانجی پاراستنی هەژموون و دەسەڵاتی سیستمە سیاسیەکان بووە، کەمتر لە خەمی تاک و توێژ و کەمینە و خەڵکدا بوون، بۆیە ئەگەر چەمکی یاسا وەک میتۆدێک و دانانی یاساکان وەک فریادڕەس بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە بە ڕێگای داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژن دابنێین، ڕەنگە پێویست بکات لە یاسا سروشتییەکانەوە دەست پێبکەین، کە لە فەلسەفەی یاسای سروشتیدا؛ مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی ئازادە و هەموو کەس وەک یەک ماف و ئازادییان هەیە، فەلسەفەی ئەم یاسا سروشتیانە بۆ ژیانی ئێستا لەچەند ڕوویەکەوە ڕەنگە ئیشکالیەتی داڕشتنەوە و شرۆڤەکردنیان هەبێت لەڕووی چۆنێتی تێگەیشتن لە دادپەروەری و مافەکان و یەکسانی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەمکانە، یاسا سروشتیەکانیش ئەگەرچی لەسەردەمی فەلسەفەی کۆنی یۆنانی و لە سەردەمی دوای ڕێنیسانس یشدا بەشێوەیەکی قوڵ یاسا سروشتیەکان تیۆریزەکراونەوە. ئەوەی ئێمە زیاتر ڕەخنە و سەرنجمان لەسەری هەیە یاسا دانراوەکانن، ئەم یاسایانە بەردەوام بە پێی دۆخی کۆمەڵگەکان چاککراوەنەتەوە و هەموارکراونەتەوە. دەستوری عێراق کە دەوڵەتێکی فیدراڵییە، بەرلەهەرشتێک لە بڕگە و ماددەکانی دەستورەکەدا لە ڕوانگەی سیاسیەوە گرنگیداوە بە سازانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ڕێکخستنەوەی کاروباری هەرێمەکان، بایەخ بە ڕێکخستنی خێزان و پەیوەندی نێوان دوو ڕەگەزەکە(ژن، پیاو) نەدراوە، سەبارەت بە ئایین پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئایینی ئیسلام ئایینی فەرمی دەوڵەتە و سەرچاوەی بنەڕەتی یاسا دانانە.( ) لە بڕگەی (ئەلف)دا زیاتر چوارچێوەش بۆ یاساکان دادەنێت کە دەڵێت:" ناکرێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ ئەحکامە جێگیرەکانی ئیسلام"، لێرەدا کۆتوبەندێکی ئایینی خۆی دەسەپێنێت بەسەر دانانی یاساکان و هەموارکردنەوەیان، هەرچەندە لە بڕگەی (باء) و (جیم)دا ئەو تەمە ئاینییە لەسەر دەستورەکە کاڵتر دەبێتەوە و دیسپلینە دەستورییەکە کراوەتر دەستەواژەکە دەخاتەڕوو، لە بڕگەی (باء) دا دەڵێت:" ناکرێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ پرانسیپەکانی دیموکراسی" و لە بڕگەی (جیم)یشدا ئاماژە بەوە کراوە کە:" نابێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە لەم دەستورەدا هاتووە، واتە چوارچێوەی ماف و ئازادییەکان لە چوارچێوەی دەستورەکەدایە و کار بە هیچ بنەمایەکی دیکە و سەرچاوەیەکی دیکە ناکرێت، لەبەرئەوەی مەسەلەی ماف و ئازادییەکان؛ سەرەتا لە یاسا سروشتیەکاندا ئەم مافانە سروشتین و لە یاسا و ڕێکەوتن و جاڕنامە جیهانیەکانیشدا پانتایی مافەکان فراوانترە. لە ماددەی چواردەدا جۆرێک لە بنەمای یەکسانی لە نێوان تاکەکاندا باسکراوە، لەوانە یەکسانیی ڕەگەزی و نەژادی و ئایینی و ئایزایی وبیروبۆچوون و باوەڕ و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم هاوسەنگییە لە تێڕوانین بەرەو یەکسانی، هەرگیز لەباری قەیرانی فیکری و ئاینیدا بە ئاڵۆزی ماوەتەوە، هیچ کات لە عێراقدا لە پیناوی یەکسانی کۆمەڵایەتی (ژن-پیاو) و (چین و توێژەکان) باز بەسەر فیکری چەقبەستوی ئایینی و مەزهەبیدا نەنراوە، مەزهەب و ئایین و نەتەوە و نەژاد لە پێشترن لە تێڕوانین بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی.
لەمەسەلەی دۆکترینی یاساکاندا دەبێت ژنان بەرچاو ڕوونی زیاتریان هەبێت سەبارەت بە چەندایەتی و چۆنێتی هەژموونی پیاوسالاری لە تەواوی یاساکانی وەک یاسای(ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی خێزانی و یاسایی مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای باری کەسیەتی و یاسای سزادان و  یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی...) پێویستە لەڕووی چۆنیتیەوە گرنگی بە بڕگە و ماددەکانیان بدەن بەتایبەتی لە بابەتی (یەکسانی و دادپەروەری و هەموو جۆرەکانی ئازادیی) و مەسەلەی سزاکان لە کاتی پێشێلکردنی ئەوانیتر، بەتایبەتی توندوتیژی ژنان لەناو خێزاندا کە بە بیانووی پاراستنی خێزان لە ڕوانگە کۆمەڵایەتیەکەوە تاوانەکانی دژبە ژنان پەردەپۆش دەکرێن، لەدادگاش کەیسەکان دادەخرێن.
بەمشێوەیە هەموو ئەو یاسا بابەتی و ڕوواڵەتیانەی(شکڵی) لە دووتوێیاندا یاخود لە جێبەجێکردندا جیاکاریی و توندوتیژی بەرهەم دەهێنن، یاخود بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پاساوی بەرگریکردن لە بنەما ئاینی و دۆکترینە ئایینیەکان، پشتگیری لە توندوتیژی دەکەن و بەناوی ڕەگەزەوە ڕێگە دەکەنەوە بۆ چەوساندنەوەی ژن و بەردەوامی دەدەن بە هەڵهاتن لە سزا، پێویستە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەو جۆرە پێوەرانە لە یاساکاندا کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت؛ لەوانەیە بەشێک بن لە یاسای نەریتی و ئایینی یاخود یاسای باو، لەوانە لەسەری سەرەوەی هەموو یاساکان لە لوتکەی هەرەمەکەدا؛ دەستوور، یاسای مەدەنی، خێزان، یاسای تاوانکاری، یاسای کارگێڕی یان یاسای ڕوون و جێبەجێکاری وەک ئەو بڕگە و ماددانەی لەسەر بنەمای باوەڕ و هەڵوێست؛ ڕێگە بەکرداری جیاکاری و کردەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدەن.
سەرئەنجام پێویستە دەوڵەت نەخشەی تایبەتی بە سیاسەتە گشتییەکان هەبێت و ڕێگاکانی چاودێری و دامەزراندن پەرەپێبدات و کارنامەی دادگا نەتەوەییە لێهاتووەکان جێبەجێی بکات، جگە لەوەش دەوڵەت پێویستە خزمەتگوزاری گونجاو و لەبار بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی ڕەگەزی دابین بکات، هەروەها ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و قەرەبووکردنەوەی تێکڕای قوربانیانی توندوتیژی ڕەگەزی، واتە دەوڵەت دەبێت کارکردەیی دامەزراوەیی و ڕەفتاری تاکەکەس و ڕەفتاری بەرپرسانی گشتی بنبڕ بکات، کە توندوتیژی ڕەگەزی دژی ژنان پێکدەهێنن یان چوارچێوەیەک بۆ کێشەوکەمتەرخەمی چارەسەر دەڕەخسێنێت.( )

-    ئەم ووتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand