یاسایی باری کەسێتی لە نیوان بەرەی کۆنەخوازی و مەدەنیدا
2024-12-19 12:52:50
بەهار مونزیر
(ویستێك بۆ عێراقێکی بێدایک)
بەهار مونزیز
لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ مەحاکمی شەرعی دروستبوو تایبەت بوو بە ئەهلی سونە و محاکمی مەدەنی بە مەزهەبی جەعفەری، واتە دادگاکان دروست نەبوون تا ساڵێ ١٩٦٣( لا:١:٩) واتە دروستبوونی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ٦١ ساڵ لەمەوپێش.
یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ لە عێراقدا زیاتر لە ٦٤ ساڵە کاری پێدەکرێت، لە دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٥٨، دەسەڵاتی عبدولکەریم قاسم دامەزراوەکان پێكدەهێنێت. لەناویاندا کار بۆ یاساکان دەکرێت یاساکان کاریان پێدەکریت. یەکێك لە یاسا گرنگەکان لە عێراقی نوێدا لەو کاتەدا گۆڕانکاری دەکرێت، بەسەردەمی گەشەکردنی عێراق دادەنریت لە چاو وڵاتانی دەوروبەری بەتایبەتی بڕیاردان لەسەر یاسای باری کەسێتی کە لەلایەن "نەزیهە دلێمی" یەکەم وەزیری ژن بوو کە وەزیری شارەوانیەکان بوو لە دەسەڵاتەکەی عبدولکەریم قاسم، نەزیهە دلێمی هەولێکی زۆری داوە بۆ جێگیرکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٥٩ یاسایی باری کەسێتی بڕیاری لەسەردەدرێت و کاری پێدەکریت تاکۆ ئەمرۆ.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ویستی گۆرانکاری:
لە ٢٤ی ٧ ی ٢٠٢٤ پڕۆژە یاسای هەمواری یاسایی باری کەسێتی لە لایەن پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە ناوی ( ڕائید کەنعان)ەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، لە ٤ی ٨ ی ٢٠٢٤ خوێندەوەی یەکەمی بۆ کرا، لە ٢٦ی ٩ی ٢٠٢٤خوێندنەوەی دووەمی بۆکرا، لەگەڵ پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایەکە ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی ژنان، رێکخراوەکانی منداڵان، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی عێراق، پاریزەران، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆ، دایکانی عێراق و چین و تویژە جیاوازەکانی لێکەوتەوە. لە ناو هەوێنی ئەم نآڕەزایەتیانەدا لەسەرەتاوە تەحالوفی ١٨٨ی لە سەرتاسەری عێراق پێكهات و دەستی کرد بەکاری مەدەنی وەك: گردبوونەوە لە زۆریك لە شار و شارۆچکەکانی عێراق، دانانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی، نوسینی نامە بۆ لایەنە جیاوازەکان، پەیوەندی کردن بە حزب، کوتلە جیاوازەکان، دەزگا و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتوەکان هتد.
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەم هەواڵە لەناوخۆ ودەرەوەی عێراق بڵاوبویەوە، لە شارەکانی ئەوروپا چالاکوانانی کورد و عێراقی ناڕەزایەتییان لە بەردەم سەفارەتەکانی عێراق ئەنجام دا بە دروشمی "نا بۆ هەمواری یاسایی باری کەسێتی" کە عێراق دەسپێریت بە چارەنوسێکی نادیار و دواکەوتووی تێکدانی کۆمەڵگای عێراق.
هەمواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵێ ١٩٥٩ وەلانانی دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەدوای ساڵانێکی زۆر هەنگاونان بەرەو دەسەڵاتیکی دامەزراوەیی لەو کاتەوە تاکو ئێستا لەگەڵ بوونی هەموو شەڕو ململانی و گۆرانکاری دەسەڵاتەکان دادگاکان بوونیان هەبووە. چەندین ساڵە کاری پێدەکرێت لەگەڵ سەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی بەسەر دادگاکان و سەرنج و گۆڕانکاری و هەمواری یاساکە داواکاریی ڕێکخراوەکان بۆ هەمواری ئەو ماددە یاسایانەی بەتایبەتی پەیوەستە بە پرسەکانی ژنانەوە کاری جدی بۆکراوە. بەڵام لە ئیستادا ئەم هەموارە جاریكی دیکە خواستەکان بۆ بەرەوپێشبردنی یاساکان بە ئینسانی بوونیان و بە پاراستنی مافەکانی ژنان پەلکێش دەکاتەوە بۆ دواوە..
بە پێ دەستور لە مادەی( ٣٨) کە دەڵێت "هاوڵاتیان مافی ڕادەربڕین و ئازادی تەعبیرکردنیان لەخۆیان هەیە" کە ئەم پرۆژەیە پێشێلی ئەم ماددەی دەستورییە دەکات. هەمان کات عێراق چەندین پەیماننامە و ڕێکەوتننامەی جیهانی واژۆ کردوە بۆ نموونە (پەیماننامەی پاراستنی مافە مەدەنی و سیاسیەکان و پەیماننانەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری دژی ژنان) لەناو ئەم پەیماننامانەدا بە هەموو جۆریك پاراستنی هاوڵاتیانی تیدا پاریزراوە، ئەم پرۆژە یاسا پێشنیارکراوە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تیادایە و هاندان دەکات بۆ زیادبوونی توندوتیژی بە ڕاستەخۆی و ناڕاستەوخۆ.
لە ناو ئەم کێشمەکێشەی نێوان بەرەی ئازادیی ژن و کۆنەخوازی، دەنگی ئازادیی ژن، ئازادی دەربڕین، ئازادی ڕیکخراوبوون بەرچاوتر بوویەوە لەسەر ئاستی عێراقدا، کۆمەڵگای عێراقی کردە دوو بەرە بە ڕوونی ئەم دەنگە ئازادە توانی یەکڕیزی بەرەی پێشکەتووخوازان نیشان بدات. ئەم دەنگە مەدەنیە هەڵقوڵاوی دەنگی ژنانی عێراق و دایکە نیگەرانەکانی عێراقە کە لە خەمی ئایندەی منداڵەکانییاندان، ئەم دەرکەوتنەی ژنان و دایکان هێزی ناڕەزایەتییەکەی بەرجەستەتر کرد، توانی لە سنوری عێراق بچێتە دەرەوە و سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئەوە بوو ئەم دەنگە ئازادە توانی کاریگەریی لەسەر یەکیتی پەرلەمانی ئەوروپا دابنێت و باشترین بڕیار دەربکات و دەوڵەتی عێراق سەرزەنشت بکات بەوەی دژی مافەکانی منداڵان و ژنانە.( تحالف:١٨٨)
لە ئێستادا لە پەرلەمان دوای دووجار خوێندەوە، بەرەی کۆنەخوازی کپبۆتەوە، ئەمەش وەك دەستکەوتێكی بزوتنەوەی مەدەنی لەعێراق ئەژمار دەکرێت. هەموان پێکەوە کار بۆلەباربردنی ئەم هەوارە دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگای عێراق ڕزگاربێت لەو پێشنیارانەی کۆمەڵگا تێکدەدات و هەموو جۆرە توندوتیژیەکان زیادەکات و عێراق دەکاتە وڵاتێکی بێدایك ئەگەر ئەم پرۆژە یاسایە دەنگی بۆ پێبدرێت..
پرسیاریك ئاراستەی ڕێکخراوەکانی کوردستان دەکرێت لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا ئەوەیش ئایا ئەگەر ئەم یاسایە لە عێراق دەنگی بۆ بدرێت کاریگەریەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبن؟
بە ئەزموون و کاری ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرمان لەسەر ئەوە کۆکین کە کاریگەری نەرێنی زۆردادەنیت نموونەیەکی بەرجەستەش ئەوەیە لە هەرێم لەگەڵ ئەوەی کار زۆر دەکەین بۆ لابردنی فرەژنی بەداخەوە هێشتا لانەبراوە بەلكؤ کۆمەڵێك شەرت دانراوە بۆ ئەوەی پیاوان بتوانن زیاتر لە یەك ژنیان هەبێت، ئەو پیاوانەی ناتوانن شەرتەکانی هەرێم جێبەجێبکەن دەچن لە دادگای کەرکوک، خانەقین، بەغداد هاوسەرگیری دەکەن. بۆ ئەم گۆرانکایەکش ڕێخراوەکان و دامودەزگاکانی هەرێم و دادوەرکان باس لەوە دەکەن کە دەرگا دەکاتەوە بۆ بەشودانی منداڵان ئەگەر لێرە نەبوو دەچنە شارەکانی تری عێڕاق. ئەمەش پێشلکردنی مافەکانی منداڵە و دەستدریژی سێکسیە بۆ سەر منداڵان بەناوی هاوسەرگیریەوە ...
سەچاوەکان
شرح قانون – احوال الشخصیة رقم (١٨٨)لسنة ١٩٥٩
جمعیة امل العراقي
تحالف ١٨٨
- ئەم ووتارە لە لایەن ڕێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت .