باشترین بژاردە
2018-07-30 18:36:10
■ سلێمان عەبدوڵا یونس..
وێڕای جیابونەوەی حزبی و لەیەکتری ترازانی بەردەوامی ناو گەمەی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام ھێشتاش زیاتر لەشتێکی ھاوبەش ھەیە، کەھێزەکانی قەڵەمڕەوی سەوز دەتوانن لەسۆنگەیانەوە، لەناو بلۆکێکی سیاسی ئارەزومەندانەدا، ڕێکەوتنی بۆ بکەن و یەکبگرنەوە.کەلەڕاستیدا ئەمەش باشترین بژاردەی ئەم قۆناغەیە ھەم بۆ قەڵەمڕەوەکە و ھەم بۆ کوردایەتی.
سەروەریەکانی ڕابردووی ئەم قەڵەمڕەوە و خوێن و خەبات و قوربانی ھاوبەش، دەسگرتن بەپێگەی ڕەمزە مێژوویەکان، ھێنانەدی دادپەروەری و دیموکراسی،مافی چارەی خۆنوسین، ،خزمەتکردنی خەڵک، ھەڵسانەوەی کوردایەتی، خواستی گۆڕانی پۆزەتیڤ، فەلسەفەی چەپکەگوڵەکە و ئاکامی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان، ھێشتا ھەر شتەگەلێکی حەتمی ھاوبەشی نێوان ھێز و جەمسەرە ناکۆکەکانی ئەم قەڵەمڕەوەن، کەدەتوانن لەسۆنگەیانەوە، دووبارە لەسەر یەک سەرزەمینی سیاسی ھاوبەش، بۆ بنیاتنانی ئایندە و دەستەبەری قۆناغێکی نوێ ئارەزومەندانە یەکبگرنەوە.
ئەوانەی بەھەرھۆکارێکەوە نەخشیان بوو لەدابەشکاری ئەم قەڵەمڕەوە، لانیکەمی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیانە، بۆ ساتێکیش بێت، گیانی قوڵی بەرپرسیارێتی زاڵ بکەن و بەرژەوەندی کەسی و واقعی ئێستای بوغرابون و نائومێدی، کەزادەی سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاتین، بەلاوەبنێن و ئاوڕێک لەژیان و بژێوی خەڵک و شکستی حوکمرانی و پاشەکشەی کوردستان و ھۆکارە خودی و بابەتیەکانی سەرەتاکانی دروستبونی ئەم قەڵەمڕەوە، بەڕێبەرایەتی مامجەلال و ھاوڕێکانی بدەنەوە، بۆئەوەی تێبگەن چۆن لەئێستادا؛ لەھەرکات زیاتر ئەم قەڵەمڕەوە، کەگیان و ژیان و تەمەنی لاوێتی ھەزاران ڕۆڵەی کوردستانی لەپێناودا کراوە بەقوربانی، پێویستی بەھێزی یەکیەتی و لۆجیکی کۆکردنەوەیە، ھەتا پارچە پارچە بوون.
وێڕای دابەشکاریەکانی ڕابردوو، بەڵام دیسان دەرفەتی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەم قەڵەمڕەوە، دەرفەتێکی زێڕینە، بەتایبەت ھەتا بەشێک لەو سەرکردە خودان ئەزمونانە لەژیاندان، کەخۆیان بەزیاد و کەم، دەوری مێژووییان بوو لەدروستکردنی قەڵەمڕەوەکەدا. چونکە وێڕای لاوانی ھەڵکەوتو، بەڵام دیسان خوێنگەرمی و کاریگەری پەروەردەی دەستەگەری و ئەزمونی کەمی گەنجانی ئەم قەڵەمڕەوە و خواستی تاکڕەویان بۆ سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی، لەغیابی كۆی ڕەمزە مێژوویەکاندا، دەبێت بەمایەی دابەشکاری و لاوازی زیاتر و کەڕەنگە شکستێکی تری کوردایەتی و ڕوخانی یەکجارەکی قەڵەمڕەوەکەش بەدوادابێت، کەمودەتێکە لەناوخۆیی و دەرەوەی خۆیدا چاوی پیلانگێڕیەکی گەورەی لەسەرە.