Draw Media

نەتەوەین یا قەرەچ؟

نەتەوەین یا قەرەچ؟

2018-07-29 20:26:57


■دانا هەڵەبجەیی..

ئەوەی ئەگوزەرێت، ئەوەی کە لەو پارچە زەوییە هەیە کە پێی ئەوترێت کوردستان، باری نەتەوەیەکە یا دۆخی قەرەچێک؟.
نزیکەی سێسەد ساڵە کتێبمان نووسیوە و مێژووی وێژەمان سەریهەڵداوە، مەم و زینێکی کاک ئەحمەدی خانییە، کە داستانی عیشق و ئەوینە، کەچی داوای یەکگرتنمان لێ ئەکات و شورەیی خیانەتمان فێر ئەکات. یەکەم نووسینمان بەڕێگەی داستان و عیشق و سێکسکەوە، ڕامان ئەکێشن و ئاگادارمان ئەکەنەوە کە پاک بین، یەکگروو بین، خیانەت نەکەین، نەتەوە بین،،،..
بابا تاهیر، مەحوی، مەولەوی لە لایەک و نالی، سالم و کوردی لە لایەک هەوڵی کورداندن و نەتەواندنی ئێمەیان دا، بەڵام بێ ئومێد بوون. گۆڕی نالی لە تورکیایە، کەس نەک سەردانی ناکات، بەڵکو هەندێک هەر نازانن  لە کوێیە، کەچی گۆڕی مەولەوی لە کوردستانە، بەڵام تاریکبینان و پەیڕەوانی تاژیان تێکی ئەشکێنن و ئەیڕوخێن!.
نەمانتوانی وەک فارس کە لە دوای ئێمەوە بوون بە نەتەوە، مەحوی بکەینە حافڤ وەک قورعانی نەتەوە سەیری بکەین. مەولەوییە هەورامییەکەی لە مەڕخۆمان بکەینە مەولاناکەی کە هەم تورک و هەم فارس بەهی خۆی ئەزانێت و بە شانازی نەتەوەیی خۆی شانی پێ بائەدات، کە لەکاتێکدا بەڵخییە.
زەنگینترین مۆزیک و کەلەپوری هونەری ستران و هەڵپەرکێمان هەیە، کەچی بە سوکی سەیری ئەکەین و گەنجەکانمان ئالودەی موزیکی ناکوردی کردووە. تایبەتمەندترین بۆنەی زەماوەندمان و بووک گواستنەوە و خەنەبەندانمان هەیە، کەچی ئاهەنگی زەماوەندی هۆڵە شۆخەکان، تەنراوە بە ڕێوڕەسمی تورکی و سەمای فارس و گۆرانی عەرەبی، بە ئاستبەرزی و ڕۆشنبیریی ئەزانین،،،.
جوانترین پۆشاک و ڕەنگاوڕەنگترین بەرگی ژنانەمان هەیە، کەچی وەک بڵێی لە وڵاتێکی بێ کەلەپوری وەک ئەمریکا ئەژین، تەنیا جەژن و نەورۆز مناڵەکانمان ئەیپۆشن.
من نە نەژادپەرستم و نە فاشیستی نەتەوەییم، تەنیا غەمی من لەناونەچوونی میراتێکی فەرهەنگی مرۆڤاییەتی و نەتەوەیەکی بێ دەسەڵاتە، کە هەوڵی نەمان و توانەوەی ئەدرێت.
ئێمە لە جیهاندا بە خۆمان بزانین یا نەزانین، بووین بە مۆزەخانەیەکی مرۆڤایەتی کە وەک توحفەیەکی دەگمەنمان لێهاتووە،کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین؛ خاک، موزیک، مێژوو، زمان، کەلەپور و کولتوری تایبەت بە خۆمان هەیە، کەچی وەک هەتیوێک دەولەتانی درواسێمان لێبووەتە باوەپیارە و پەتپەتێنمان پی ئەکەن.
لە هاتنی سوپای دورگەی عەرەبییەوە بە ناوی ئیسلام، لە هاتنی ئەسپەکانی جەنگیزخانەوە،  لە سەفەویی و عوسمانییەوە هەر چاڵدێرانێکی فلیقاوەی ژێرپێی داگیرکەران بووین.
لە دەرفەتی سایکس بیکۆ و شەڕی دوو بلۆک و ڕوخاندی سەددام و دەرفەتە نهینییەکانی دی کە خرایە دەست سەرانی کورد، بێ باکانە هیچمان بۆ کورد نەکرد، نە قەوارە و نە دەوڵەت و نە ستاتۆیەکی نەتەوەیی و یا بە لایەنی کەمەوە دەسەڵاتی هاولاتی.
ئەم دیدە خێرایەم بۆ مێژوو، ئەم قەرەچاندنەشم بۆ نەتەوەی کورد؛ پەیامێکە بۆ سەرانی حیزبی دەسەڵاتدار و ئەوانەی خۆبەخاوەن خواستەکانی هاوڵاتی و  کوردستان ئەزانن، پەیامێکە بۆ ڕۆشنبیرانی خەیاڵپلاونێک کە وا ئەزانن هاوڵاتی کورد لە سویسرا ئەژی، بۆ ئەو کەسانەیە کە هەست بە مەترسی دۆخەکە و گۆڕانگارییە گەورەکە ئەکەن.
ئیتر کاتی ئامادەباشییە بۆ قۆناغێکی نوێ و بۆ دەرچون لە چاڵە تاریکەکانی سەدەی ڕابردوو.
من پێم وایە یا خۆمان بە خاوەندارییەتی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوە بزانین، یا ئەو شکۆ نەتەوەیی و مرۆییەی کە کوردستان بە تاکی کوردی بەخشییوە، بۆ دواجار لە شکاندنیدایەوە و لە وردوخاش بووندایە، ماڵئاوایی لێ بکەین،،.
ئەو نائومێدییەی کە دەسەڵاتدارانی حیزب و حکومەتی باشوور بە تاکی کوردیان بەخشیوە، بەسە بۆ ئەوەی کە چی دی نە شانازی بە ئێستا و ڕابردووی خۆیانەوە بکەن، وە نە جارێکی تر میللەت دەرفەتی ئەمانە بدات کە بێنەوە دەسەڵات،،،.
ئەو دۆخەی ئێستا بەرهەمی عەقڵ و کرداری ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن و نوخبەیە، ئیتر ئەگەر بە دەیان ساڵ نەیانکردبێت، خۆ بۆ چوار ساڵی ئایندە ئەوە هەر ئەبێت بێ شەو سەر بنێنەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand