Draw Media

گۆڕانەكەی كاك نەوشیروان و گۆڕانەكەی ئێستا

گۆڕانەكەی كاك نەوشیروان و گۆڕانەكەی ئێستا

2018-07-29 15:56:31


■ نوسینی: چیا عەباس...
گۆڕان بۆ كاك نەوشیروان كۆكەرە و ئاوێنەی ئاوات و خواستە سیاسی و فكری و كۆمەڵایەتیەكانی ژیانی بو، گۆڕان بۆ ئەو  لە زەرورەتی قۆناغێك زیاتر نەبو، رێگەخۆشكەر و ئامرازێك بو بۆ گەیشتن بە قۆناغێكی گرنگتر، لە چەندین نوسین و چاوپێكەوتن و وتاردا باسی دید و بۆچونی بۆ ئەو ئایندەیە و رۆڵی گۆڕان تێیدا  كردوە. گۆڕانی بە ئایدۆلۆژیاكی دیاریكراو گرێ نەدابو تا توشی چەقبەستن و دۆگما و پۆپۆلیزم و دابران نەبێت. 
بەمەبەستی ئامادەسازی و گواستنەوە بۆ ئەو قۆناغە نوێیە گۆڕانی وەك ئامرازێكی سیاسی، یاسایی، رێكخراوەیی، كۆمەڵایەتی و فكری بنیات نا و خستیە كار. زەمینەی بنەرەتی ئەم بیرە ستراتیژیە كۆكردنەوەی نارەزایی فرە رەنگی خەڵك بو لە چەمكی ئۆپزسیۆندا، ئۆپزسیۆنێك كار بۆ گۆرانی سیستەمی حوكمرانی بكات و هاوكاتیش ئامادە بێت مامەڵە لە گەڵ دەسەڵات بكات. 
كاك نەوشیروان لە ئەزمونەكانی ژیانی سیاسیدا گەیشتبوە ئەو قەناعەتەی كە هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابن، هیچ باوەرێكیشی بە بەكارهێنانی چەك و توند و تیژی نەمابو، بۆیە مەبەستی بنەرەتی لە دینامیكی سیاسی و یاسایی گۆڕان گەیشتن بە دەسەڵات نەبو، بەڵكو بۆ رەخساندنی رەوش و دۆخێك بو كە ململانێی سیاسی و فكری زەمینەخۆشكەرێكی گرنگ دەبێت بۆ پرۆسەی بەرزكردنەوە و گەشەپێدانی ئاستی مەعریفی و هۆشیاری خەڵك، چونكە لەو باوەرەدا بو كە ئەمە شارێگایە بۆ ئازادكردنی تاكی كورد لە قیودە كۆمەڵایەتی و سیاسیە بەسەرچوەكان، ئەوەش سەرپشكی دەكات كە بژاردەی فكری و سیاسی خۆی بكات، گەیشتن بەو ئامانجە سەرهەڵدانێكی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتی هێمن خۆشە دەكات كە شا رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ بەرقەرار كردنی كەرەستە بنەرەتیەكانی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی. لە سەردەمی ئەودا چەندین گۆرانكاری بنەرەتی لە كۆمەڵگادا سەریان هەڵدا، وەك ئۆپزسیۆنی مەدەنی و یاسایی، چەمكەكانی عەدالەت، شەفافیەت، سەروەری یاسا، سەربەخۆیی دەزگای داد، لێپرسینەوە، نیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندیەكان لە گەڵ بەغدا و دنیای دەرەوە و .... تاد.
كاك نەوشیروان بە ئەقڵیەتێكی كراوە و چاوەروانیەكی واقیعیانە سەیری پرۆسەكەی دەكرد، بۆیە بەردەوام جەختی دەكردەوە لەوەی هێزە گۆڕانكارەكان لە ناو هەمو توێژ و هێز و گروپە جیاكانی كورد دا ئەو پرۆسەیە بەرێدەكەن، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕانی بە تاكە خاوەنی هزر و پرۆسەی گۆڕانكاری نەدەبینی. 
لە سەرەتای دروستبونی گۆڕان و بۆ ئەم هەڵمەتە چەند كۆڵەكەی سەرەكی دارشت:
یەكەم: گەنج و نەوەی تازە پێگەیشتوی دوای راپەرین، گروپێكی نارەزا لە دەسەلات، هەڵچو، پەرتەوازە و فرە ئاراستەی فكری و كۆمەڵایەتی. كاك نەوشیروان گوێگریان بو، رەخنە و بۆچونە توند و هەڵچوەكانیانی قبوڵ دەكرد، كارئاسانی زۆری بۆیان كرد، پشتگیری لێ دەكردن بۆ چەندین پلە و پێگە لە ناو گۆڕان و دەرەوەی، 
دوەم: نەوەی كۆن، تایبەت سەركردە و كادیرە باڵاكانی یەكێتی بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ، لە گەڵ ئەم گروپەدا زۆر بە ئاگاوە مامەڵەی دەكرد، هەمیشە دەیگوت پێكهاتەی رێكخراوەیی گۆڕان دەبێت زۆر لە حزبە كلاسیكیەكان جیاواز بێت تا بوار نەرەخسێت ئەزمونە شكستخواردوەكانیان لە ناو گۆڕاندا دوبارەبكەنەوە،
سێیەم: گروپیكی رۆشنبیر و ئەكادیمی و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان. ئەمانە تا رادەیەك دورەپەرێز لە گۆڕان رایگرتبون، لە ناو گۆڕاند چالاك و بەرچاو نەبون. 
كاك نەوشیروان لە رێگای دۆستایەتی و نزیكی لەو كەسایەتیانەوە تۆرێكی پەیوەندی لە كوردستان و دەرەوەی دروست كردبو كە زۆر هاریكاری  گۆڕان و كارئاسانیان بۆ دەكرد.
رێكخەری گشتی سەرجەم كەرەستە و پەیوەندیەكانی خۆی و گۆڕانی بۆ پرۆژەیەكی سیاسی تەرخان كردبو كە  زۆر بەرفراوانتر و وبەهاتر بو لە چەمكی گۆڕان.
مەخابن قەدەری ژیان رێگەی پێنەدا ئەم پرۆژە سیاسیە نەتەوەیی و نیشتمانیە مەزنە پەرە پێبدات و كۆڵەكەكانی بچەسپێنێت.
كاك نەوشیروان بە هۆی نەخۆشیەوە نزیكەی ساڵ و نیوێك لە كوردستان دور بو، بەڵام بەردەوام ئاگای وردەكاریەكانی رەوشی گۆڕان بو، گەیشتبوە ئەو باوەرەی كە بەرێوەبردنی دروستی گۆڕان لە غیابی خۆیدا پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە.  
لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٦ بە بریارێكی نوسراو گروپە دێرینەكەی یەكێتی لە ناو گۆڕان وەك گروپی راوێژ دیاری كرد و دەسەڵاتەكانیانی سنوردار كردن.
بۆ خۆم لە كاتی ئەو بریارەدا لە لەندەن لای بوم، پێش ناردنی بریارەكە داوای لە كاك حەمە تۆفیق و بەندە كرد بۆچونمان لە سەری بدەین. من لە گەڵ ئەوەدا بوم دەسەڵاتەكانی گروپەكە بە دانانی خاڵ لە سەر وشەكان دیاری بكرێن، بەڵام خودی خۆی و حەمە توفیق لەو رایەدا بون دەستەواژەی راوێژ كافیە بۆ تێگەیشتن لە دەسەڵاتەكان. بۆ خۆی لە ناو گۆڕاندا ئەزمونێكی سەخت و ئاڵۆزی لە گەڵ بەشێك لەو گروپە هەبو، هەڵسەنگاندنی جیای بۆ هەر یەكێكیان بە دەست و خەتی خۆی نوسیبو.  ئەوی زۆر نیگەرانی كردبو، لە گەڵ چەند دۆست و هەوادارانی گۆڕان كە لە لەندەن سەردانیان دەكرد راشكاوانە باسی دەكرد، ئەوە بو ئەم تاقمە لە گەڵ یەكدا هەڵ ناكەن، دەیگوت لە سەردەمی خەباتی شاخ  زۆربەیان بریاری سەختیان لە سەر ژیان و مردن داوە  كەچی لە ناو گۆڕاندا ناتوانن یەك بریاری یەكگرتو بۆ چاكسازیەك بدەن.  
كاتێك بریارەكە گەیاندرایە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی كاك نەوشیروان بە دواداچونی كرد ئایا دەستیان بەجێبەجێكردنی كردوە، دەركەوت پاش دو رۆژیش هەر بڵاویشیان نەكردبوەوە، بۆیە داوای لە بەرپرسی میدیای گۆڕان و چەند هەڵسوراوێكی گۆڕان كرد دەقی بریارەكە بە شوێنە مەبەستەكان بدەن.
دواتر دەركەوت زۆربەی ئەو بەرێزانەی گروپەكە بە پلەی راوێژكار نارەحەت بون.
كاك نەوشیروان دەركی كردبو كە دوا قۆناغی ژیانی بەرێدەكات، بۆیە لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٦ نامەیەكی نوسیبو، تێدا باسی لە وازهێنانی لە پۆستی رێكخەری گشتی كردبو، داواشی لە هاورێكانی لە كوردستان كردبو كە لە نێو خۆیان رێك بكەون و بریار لە رێكخەرێك بدەن ( دوای كۆچی دوایی ئەم بەشە لە خواستی لە نامەیەكدا لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی خوێندرایەوە). 
كاتێك نامەكەی پیشان دام بە دڵێكی تەنگ و هەڵچونەوە وتم: دەتەوێت هەمومان هەتیو بین. زۆر بە ئارامی و بە یەقینەوە وەڵامی دامەوە، گوتی: بۆچی هەتیو دەبن خۆ گۆڕان هەر دەمێنێت، دوای گۆرانیش كەسان و گروپێك دێنە مەیدان كە خەمخۆری پرۆژەی گەورە بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەیان بن.
دەرباری كۆمپانیای وشە و میدیای گۆڕان زۆر وتراوە و نوسراوە، پێدەچێت ئەم هەویرە زۆر ئاو بكێشێت، ئەوەی من و دەیان گۆرانخوازی تر لێی دڵنیاین ئەوەیە كە كاك نەوشیروان هەمویانی خستبوە خزمەتی پرۆژەیەكی سیاسی گەورە بە گۆرانیشەوە. لە سەردەمی خەباتی شاخدا چەند جارێك رویداوە باوك یاخود دایكێك كە كورەكەیان شەهید دەبێت كورێكی تریان دەهێنن بۆ لای كاك نەوشیروان و پێی دەڵێن فەرمو ئەمە كورێكی تر بە تۆ دەدەین بۆ پرۆژە نەتەوەیی و نیشتمانیەكەت.    
كۆچی دوایی كاك نەوشیروان سەرەتای گۆڕانێكی تر دەستی پێكرد، ئەو گۆڕانەی ئێستا دەی بینین.
پاش ماڵئاوایی كۆمەڵێك لە گروپی راوێژ دەستیان بەسەر موقەدەراتی گۆڕاندا گرت. كاك نەوشیروان پاش سێ ساڵ لە بریاری یەكەم كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان (٢٠١٣) لە دروستكردنی خانەی راپەراندن دڵنیا نەبو، چونكە دەیزانی ئەگەر هاوسەنگی نێوان گروپ و ئاراستەكانی ناو گۆڕانی تێدا رەچاو نەكرێت و گروپی راوێژ ناكۆكیە لابەلاكانیان بەلاوە نەدەن ئەوا ئاكامەكانی بۆ گۆڕان زەرەربەخش دەبن.
راستەوخۆ دوای ماڵئاوایی ، یەكەم هەڵمەتی گروپی راوێژ دروستكردنی خانەی راپەراندن بو تا دەست بەسەر گۆڕاندا بگرن، گۆرانخوازان زۆر باش بە ئاگان بە چ ژان و مەخزێك و بە پێچەوانەی بەشیكی گرنگ لە وەسیەتی كاك نەوشیروان ئەو خانەی راپەراندنە دروستكرا. قۆرخكاری و چاوچنۆكی و پشتگوێخستنی وەسیەتەكەی كاك نەوشیروان ئەو زەنگە مەترسیدارانە بون كە بەرگێگی تر بەبەری گۆڕاندا دەكرێت.
لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە دەسەڵاتی ئەم خانەی راپەرندنەدا گەڵێك روداو و گۆرانكاری هەستیار رویانداوە، ریفراندۆم و سەرنەكەوتنی و ئاكام و كاریگەریەكانی، كارەساتی ١٦ ئۆكتۆبەر، داگیركردنەوەی زۆربەی ناوچە دابرێنراوەكان، گۆرانكاری گەورە لە هەڵوێستی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان بەرامبەر بە هەرێم و دەسەڵاتدارانی و ... كەچی مێشێك میوانی ئەم خانەی راپەراندنە نەبوە. زیاتر لەمە بونیادی گۆڕان بە دەست گروپ گروپێنە و چەند تاقمێكی خۆپەرستی بەرژەوەندخواز  شەكەت بوە، چەند هەڵسوراو و ئەندام پەرڵەمان و وەزیر و گوزیری گۆڕان تا بیناقاقایان لە گەندەڵی و كار و رەفتاری ناشیرین تێوەگڵاوە، خانەی راپەراندن پاش فشارێكی زۆر بە دەگمەن بەو گۆڕانە گەندەڵچیانەی گوتوە كلێك بە چاوتانەوە دیارە.
گۆڕان كێشەی موڵكداریەتی و دارایی و راگەیاندن و دەستتێوەردانی دەرەوەی گۆڕانی هەیە، كەسانێك كە بە ناو گۆڕانخوازن( بەناو و بەڵگە پارێزراون) مەرج و میزاجی خۆیان بە سەر گۆڕاندا دەسەپێنن، بەشێك لە تازە پێگەیشتوەكانی ناو گۆڕان بونەتە دێوەزمەیەكی خۆپەرستی تێكدەری ناو گۆڕان و بە هەمو جۆرێك كار بۆ خۆیان و خواستەكانی خۆیان دەكەن، بەشێك لێیان لە گەڵ تۆرە ناحەزەكان بە گۆڕان تێوەگلاون، بە چرینەوەی دروشمەكانی گۆڕان روخساری تاریكیان بچێك سپی دەكەنەوە، ئەمانە و دەیان نمونەی تر گۆڕان یان هێناوەتە لێواری دارماندن، كەچی ئەم خانەی راپەراندن و جڤاتە نیشتمانیە وەك " اهل الكهف" دەستە و وەسان هەر لە كۆبونەوەدان.
تا ئەم چركەیەش زۆربەی گۆرانخوازان رێگا و رێكارە رێكخراوەییەكانیان بۆ رەخنە و پێشنیاز و بۆچونەكانیان گرتۆتە بەر، پێدەچیت ئیتر وا نەمێنێت و راشكاوانە و بە بەڵگە و ناو و رۆژ و روداو یەكە بە یەكی ئەو لادەرانەی ناو گۆڕان بخرێنە بەرچاوی خەڵكی كوردستان. گۆڕان كاتێك قازانج دەكات كە ناوخۆی پاك بكاتەوە، بێئەوە وەك لە هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆرانخوازان سزای زیاتری بزوتنەوەكە دەدەن. دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان سەركەوتن تەنها لە ژمارەی كورسیدا دەبینن بێئەوەی بتوانن بەو ژمارەیە كارێكی هەستیار ئەنجام بدەن، هۆكارەكەشی بۆ چەقبەستنی ئەقڵیەتی سیاسی ئیدارەدان دەگەرێتەوە. 
لێرەدا زۆر تایبەت باس لەو خۆپەرست و لادەرانەی ناو گۆڕان دەكەم كە دژ بە بەرنامەی گۆڕان و خواستی كاك نەوشیروان ماوەیەكە لە گەڵ ئەم و ئەو هاریكاری دەكەن بۆ بەرێكردنی چەند كارێكی ترسناك. بێگومان هیچ هێزێك ناتوانێت رێگری بكات لەوەی ئەوانە نەكەونە بەر غەزەب و هەڵچونی گۆرانخوازە رەسەنەكان، ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە چەند پۆست و تورەكە دۆلار و هەگبەی گەندەڵی و ناوپیسی زیاتر نیە. 
بەشێكی زۆری بەرنامەی سیاسی گۆڕان دوای كاك نەوشیروان پارێزراوە، ئەمە كافی نیە، چونكە بە گشتی كەرەستەكان و جێبەجێكەرانی ئەو بەرنامەیە وەك بێزوكەر دەیچرنەوە و لە چەند بوارێكیشدا بە كرداریش پێچەوانەی ئەو بەرنامەیە كاریان كردوە.
وەك نمونەیەكی زیندو لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان بۆ خولی داهاتوی پەرڵەمانی كوردستان: ئەوپەری قۆرخكاری و پێشێلكردنی بەشێك لە بریاری جڤاتی نیشتمانی دەرباری دەسەڵاتەكانی لیژنەكە و تەنانەت پێكهاتەكەشی بونەتە مایەی گەلێك پرسیار، بۆ گۆرانخوازانی رەسەن ئەو پرسیارانە رەوان و نابێت بێ وەڵام بمێننەوە، بۆ ئەوانی تر دەبێت خۆڵی بەسەردا بكرێت چونكە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان وا دەخوازێت. 
زۆربەی دەسەڵات بەدەستەكانی گۆڕانی لەم ساتە وەختەدا بێ چەمكی ئۆپزسیۆن ناتوانن یەك هەنگاوی جدی بەرەو ئایندە بنێن، چونكە ئێستاشی لە گەڵدا بێت نە بۆچونێك، دیدگایەك یا رایەكی نوێی داهێنەریان بۆ ئایندە نە بیستراون و نە بینراون. گۆڕان لە چەقبەستنێكی ئازاردەردا گیرساوەتەوە.
بەپێی دەستوری گۆڕان دەبێت ( نەك دەكرێت یا دەشێت) كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، چونكە كۆنفرانس تاكە دەسەڵاتە بەرنامە و دروشمی هەڵبژاردن دیاری دەكات. مەخابن ئەم دەسەڵاتدارانەی گۆڕانی ئێستا بەزەقی ئەم برگەیەی دەستوریان پێشێل كردوە لە كاتێكدا هیچ هۆكارێكی رەوای ئانی بۆ ئەو بریارەیان نیە. 
ئەمە گۆڕانی دوای كاك نەوشیروانە، داوای رەحمەتی خوا ناكەین، بەڵكو هیمەت و توند بەستنەوەی پشتێنی گۆرانخوازان دەبێت ئەو گۆرانەی ئێستا بخاتەوە سەر رێرەوە رەسەنەكەی.

رۆتەردام: ٢٨ی تەموز ٢٠١٨
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand