Draw Media

حیزب لە نێوان مشەخۆرەکان ومشورخۆرەکانیدا

حیزب لە نێوان مشەخۆرەکان ومشورخۆرەکانیدا

2018-07-29 15:16:34


■ د. ئیسماعیل نامیق ..

مشەخۆر مرۆڤى هەلپەرستە، لەرواڵەتدا وەکو چاکەخواز دەردەکەوێت بەڵام لەناوەڕۆکدا حاقدە وسەدان گرێى دەرونى هەیە، رەنگە بڕوانامەى هەبێ بەڵام نەخوێندەوارە، پۆستى باڵاى هەیە بەڵام بێدەسەڵاتە، واخۆى پیشاندەدات خاوەن کەرەمە بەڵام لەراستیدا گرگن و نەگریسە، خەڵک هەلئەخەڵەتێنێ بەوەى خاوەن قەزیەیەو بەرگرى لەمافەکانیان ئەکات بەڵام لەواقعدا تەنها یەک قەزیەى هەیە ئەویش بەرژەوەندیە کەسیەکانى خۆیەتى و ئەوەى باوەڕى پێى نیە مافى خەڵکە، بۆیە زۆر بەئاسانى لەهەڵوێستەکانى پەشیمان ئەبێتەوەو رێکەوتنى ژێربەژێر ئەکات. مشەخۆرەکان راو بۆچونى تایبەت بەخۆیان نیە، بەڵکو تەنها قسەى گەورەکانیان دەڵێنەوەو بەرگرى لێدەکەن، ئەوان تەنها بیر لەئێستایان وبەرژەوەندیە کاتیەکانیان ئەکەنەوە، بۆیە بەردەوام لەخزمەتى ئاغاکانیاندان وهیچ کات تەنیشتیان چۆڵناکەن، قەت موجازەفەش ناکەن، هەموکات بەڵگە وبیانو بۆ دروستى گوتارو کردارى ئاغاکانیان ئەهێننەوە بالەهەڵەش هەڵەتربێ. ئەمانە مرۆڤگەلێکى بچوکن، تاکە خەمیان گەورەپیشاندانى خۆیانە، بۆ دەربازبونیش لەوخەمە بەردەوام لەهەوڵى بچوککردنەوەى بازنەى ئەو حیزب گروپانەدان کەکاریان تیادا دەکەن.
بەڵام مشورخۆر مرۆڤى سەرڕاست وخۆنەویستە، ناوەڕۆکیان باشترە لەرواڵەتیان، رەنگە بڕوانامەیان نەبێ بەڵام رۆشنبیرو خوێندەوارن، خاوەنى بۆچونى تایبەتى خۆیانن وئامادەن قوربانى لەپێناودا بدەن، تەنها بۆ ئێستا ناژین بەڵکو لەهەوڵى ئایندەدان لەپێناو جوانى مێژو ورابردویان، بۆیە زۆر جار بەرژەوەندیە کاتیەکانیان وەلادەنێن وموجازەفەى گەورە لەژیاندا ئەکەن. مشورخۆرەکان مرۆڤى گەورەن، هەمیشەش لەهەوڵى پێگەیاندن وگەورەکردنى بازنەکانى دەورپشتیانن، کارەکانیان بێ پرس وراوێژ ناکەن.
ئاساییە هەمو حیزب ودەستەو تاقمێک مرۆڤى مشەخۆرى تێدا بێت، بەتایبەتى حیزبى کوردى کە بنچینەى دروستبونى زۆربەیان بنچینەیەکى نادروستە، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کاتێک مشەخۆرەکان دەبنە زۆرینەو مشورخۆرەکان دەبنە کەمینە، ئەوکات بەناوى دیموکراسى و لەژێر پەردەى رێکەوتنى مادى هەمو پرۆژە گڵاوەکانیان تێدەپەڕێنن و ئیتر وردە وردە دەست ئەکەن بەپاکتاوکردن ودەرپەڕاندنى مشورخۆرەکان بەئاواتى ئەوەى مەیدانەکە بۆ خۆیان چۆڵ وتەخت بێت، تا لەکۆتاییدا حیزبەکە مایەپوچ ئەکەن وئەم مشەخۆرانەش وەکو مێش ومەگەز رو لەشوێنێکى دیکە ئەکەن بۆ ئەوەى لەسەر پیسیەکانى سکى خۆیان تێرکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand