Draw Media

ئۆپۆزسیۆنیش بەرپرسیارە لەم دۆخە

ئۆپۆزسیۆنیش بەرپرسیارە لەم دۆخە

2018-07-29 13:41:18


■ كەمال رەئوف..

ئەوەی ئێستا لەدنیای سیاسەت و ئیدارەی كوردستان ئەگوزەرێت، تەنها فەشەلی دەسەڵات و پارتە دەسەڵاتدارەكان نییە، بەڵكو ئێمە لەبەردەم فەشەل و شكستێكی ترشیداین كە ئەویش فەشەلی شكستی پرۆژەی هێزەكانی ئۆپۆزیسۆنە. لەدۆخێكی چەق بەستووی وەك ئێستادا، كە پرۆژەیەك بۆ قوتار بوون بوونی نەبێت، كە میكانیزمی كۆكردنەوەی هێزی نارازی قبوڵ نەكرێت، كە هێزەكانی ئۆپۆزیسۆن ئیمكانی یەكخستن و پێشخستنی دۆخەكەیان هەبێت و ئەنجامی نەدەن، ئیتر ئەوە ئەبێت بەتەنها یەخەی لایەنە دەسەڵاتدارەكان نەگیرێت و بەشێك لە رەخنەكان روو لەو ئۆپۆزیسۆنە بێت كە لەباتی خەمی گۆرینی دۆخەكەی كردبێتە ئامانج، خەمی بەشداریكردن و پاراستنی قەبارەی خۆی كردبێتە ئامانج ستراتیژ.
راستە بەرپرسیارێتی گەورەی خراپی ئەم دۆخە لەئەستۆی پارتی و یەكێتیە و ئەم دۆخە بەرئەنجامی تەراكومی هەڵەو شكستی چەند ساڵەی ئەوانە، بەڵام دابەش بوون و بچووك بوونەوەی هێزی بەرەو رووبوونەوە و دەنگی نارازیش لەئەستۆی لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆنە، پوچكردنەوەی رای گشتی و بەتاڵ كردنەوەی سیحری شەقام، نا ئومێدی و لاوازكردنی ئیرادەی خەڵك لەبەرامبەر ئەم دۆخە، لەئەستۆی ئەو سیاسەتە هەڵەو كاڵ و كرچانەیە كە ئۆپۆزیسۆن لەچەند ساڵی رابردوو بەرهەمی هێناون، خەڵك مافی خۆیەتی رەخنەو لۆمەی دەسەلاتێكی وا بێ‌ باك بكات، مافی جەماوەرە بەتەنگ بژێوی خۆی و خێزانیەوە بێت و لەكەمی خزمەتگوزارییەكان بەدەنگی بەرز رەخنەبگرێت، مافی خۆیەتی برژێتە سەرشەقام، بەڵام ناكرێت و رووینەداوە دەسەڵات تۆمەتبار بكەیت بەوەی كە تواناو وزە نابەخشێتە هێزە نەیارو ئۆپۆزیسۆنەكانی خۆی. كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزیسۆن ئامادەسازییان نییە بۆ گۆرینی دۆخەكە و نایەنەوێت بەئەركی خۆیان هەستن، كاتێك ناتواتنن خاوەن پرۆژەیەكی هاوبەش بن بۆ كۆكردنەوەی هێزی نارازی و یەكخستن و رێكخستنی خۆیان لەگەڵ دەنگی شەقام، كاتێك پشت ئەكەنە هەموو پرۆژەیەكی پێكەویی هەر یەك دەیەوێت خۆی سەرچۆپی بگرێت، كاتێك كێبەركێان بۆ ئەوەیە لەحەوشەی ماڵی ئۆپۆزیسۆن هەر خۆیان یەكەم بن و دەشزانن بەتەنها ئەركە گەورەكەیان بۆ راناپەرێت، ئیتر لێرەوە بەرپرسیارێتی خراپی دۆخەكە و تێنەپەراندنی ئەم چەقبەستنە بەرادەو نیسبەتی جیاواز لەنێوان ئۆپۆزیسۆن دەسەڵات دابەش دەبێت. بۆیە ئەگەر پێشتر تەوژمێكی بەهێزی نارازی هەبوو بێت بۆ بەرەو رووبوونەوەی دەسەڵات، تەوژمێكی تری رەخنەیی و نارازیش پێویستە بۆ بەرەو رووبوونەوەی هێزەكانی ئۆپۆزیسۆن، چونكە ئەم جۆرە لە ئۆپۆزیسۆن نەك دەسەڵات لاواز دەكات و دۆخەكە دەگۆرێت بەڵكو بۆخۆی رێگرییە لەگۆرانكاری و هێز دەبەخشێتە مانەوەی دەسەڵات، بەتایبەت ئەو دەنگ و رێگریانەی كە دەیانەوێت لەژێر پەردەی ئۆپۆزیسۆن بووندا خزمەتی دەسەڵات بكەن و دەیانەوێت دۆخەكە بەمحاڵەیەوە لەلای خەڵك قبوڵ بكرێت، خەڵك مافی خۆیەتی لەمەودوا بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەكانی بیر لەمیكانیزمی جیاواز بكاتەوە چیتر هەموو هێلكەكانی خۆی نەخاتە سەبەتەی ئۆپۆزیسۆنێكەوە كە بۆخۆی توشی چەقبەستن بووە و بوتە بەشێك لەو هۆكارانەی كە دەسەڵات بەم حاڵەیەوە لەسەر كورسی دەسەڵات ئەهێڵێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand