بۆ ئاغای قوباد تاڵەبانی..
2018-07-28 13:03:13
■ سالار جاف..
من لە مەغزەنێکی سویسرا کرێکارێکی ئاساییم، مانگانەکەم چوار هەزار و پێنج سەد دۆلارە، وەک سەرۆکی وڵاتەکە شەمە و یەکشەمە لە ماڵەوەم، وەک سەرۆکی وڵاتەکە خانو و کارەبا و ئاوی سارد و گەرم و تەئمینی دکتۆر و پاسپۆرت و مافم هەیە.
ئایا لە کوردستان کرێکار هەمان مافی تۆی هەیە؟ با من پێتبڵێم جەناب.
سەرەتای گەنجێتیم لە فڕنێکی سەمون ئیشم ئەکرد، سەعات دوی شەوی زستانی سلێمانی لەخەو هەڵەستام و بە ناو ڕەشەبای سلێمانییا ئەچوم بۆ ئیش، گەرمای کورەی فڕن و بوخاری سەمون هەڵهێنانەکەت بۆ باسناکەم چونکە تۆ لەو مەعاناتە تێ ناگەیت..
ئاغای قوبادی جەلالزادە. ڕۆژانەی من لەوێ دوانزە هەزار دینار بو، هەزار دینارم هەر لەکاتی ئیشا ئەدا بە قاپێک نۆکاو لای مامە عەبە، هەزار دینارم ئەدا بە پاکەتێک جگەرە، هەزار دینارم ئەدا بە کرێی ئەمسەر و ئەوسەری پاس بۆ بازاڕ، برنج و شلەیەکی سادەم ئەخوارد بە دو هەزار، ئەچوینە کافتریا و بە پێنج کەسەوە وەک موعتاد بە دەوری نێرگەلەیەکدا دائەنیشتین، لەو کاتەدا مناڵ و کەسە پۆشتەوپڕەکانی ئێوەم ئەبینی کە چۆن بە پۆزەوە داوای فرێشیان ئەکرد.
ئاغای جەلالزادە. ئەو نابەرابەرییە ئازاری زۆری دام، زۆرم بیرکردەوە بۆ ئەبێت ئەو هەمو جیاوازییە هەبێت؟ مامۆستاکانی مەکتەبم وەڵامیان نەئەدامەوە، بەڕێوەبەری ئامادەییەکەمان ئەیوت ئەوان پێڵاویان زۆر بۆ ئەم ڕۆژە دڕیوە، لەکاتێکا من خودی ئەو ڕۆژە بنی پێڵاوەکەم کونێکی تیابو.
ئاغای جەلالزادە.. ئەزانیت چیمکرد؟ لەتەلەبەیەکی زیرەکی پۆلەوە بوم بە تەمەڵێکی ئاژاوەچیی ڕیزی دواوە، فێری مەشروب خواردنەوە بوم، ئەمزانی وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی من هەیە بەڵام نەمەزانی لەکوێ، ڕۆژێک ڕۆمانێکی خەسرەو جافم بەرچاو کەوت و خوێندمەوە، سوتفە کارەکتەرێکی تیابو وەک من، بڕیارمدا کتێبی زیاتر بخوێنمەوە، دەستم بە پارەگرتنەوە کرد و ئیشی زیادەم ئەکرد، تا کتێبی زیاتر بکڕم، دوای نیوەڕوان بۆ ئیشی دوەم عارەبانەیەکم بەکرێگرتبو، ئەچوم لەعەلوەکە بارم ئەکرد لە کاڵەکی تەپیو و ئەمبرد بەرەو توی مەلیک، خاولییەکی تەڕم لەمل ئەکرد و وەک شێت هاوارم ئەکرد وەرنەوە کاڵەکی گەیو بۆ شەربەت، زۆربەی ژنە خواپێداوەکانی ئەوێ پارەی زیادەشیان دەدامێ، ئەوکات مناڵتربوم و ڕۆحم سوک بو، ئەونە ڕۆحسوک بوم تەنانەت نیوەڕۆیەکی گەرما ژنەخواپێداوێک بینی لە سێبەرەکەی ئەوبەر ماڵیان پاڵمداوەتەوە جامێک ئاوی بۆ هێنام و وتی وەرە ژورەوە لەبەر سپلێتەکە خۆت فێنککەرەوە، من حەزمئەکرد بزانم هەوای سپلێت چۆنە کە خواپێداوەکان هەیانە، چومە ژورەوە خانوەکە وەک بەشێکی بەهەشت بو، من نزیکەی سەعاتێک مامەوە و هاتمە دەرەوە، بەڵام شتێکی زۆر گەورە ڕویدا، کەچومە ژورەوە کوڕ بوم، بەڵام لە هاتنەدەرەوەمدا بوم بە پیاو، ئەو تاوانەش لە ملی تۆیە ئاغای جەلالزادە، چونکە ئێوەبون منتان کرد بە کاڵەکفرۆش لە توی مەلیک.
جەنابی جەلالزادە.. کتێبم زۆر کڕی و خوێنمنەوە، سەرەتا ڕۆمان، دواتر شیعر بۆ تێگەشتن لە دڵشکان، بینیم سەبەبی زۆربەی ئەوانە ئێوەن، ئینجا کتێبی فەلسەفیم کڕی، دانەو دوان نا بەڵکو بە باوەش، ئەوەندە لەناو چەمکە سیاسی و فەلسەفییەکانا ڕۆئەچوم ئەتوت بلۆکم بۆ قاتی پێنج سەرخستوە وا ماندو ئەبوم، دایکم ترسێکی زۆری لێ نیشتبو شێت بوبم، لەگەڵ باجی ڕوناکا بڕیاریان دابو بمبەنە لای شێخێک نوشتەم بۆ بکەن، من لە دڵەوە پێکەنینم پێیان دەهات لە دڵی خۆما ئەموت نازانن من تازە وا خەریکە چاوم ئەکرێتەوە، کتێب دوای کتێب ئەمخێندەوە مەکتەبە پڕبو لە کتێب، بوم بە کەسێکی داخراو. وازم لە سەردانی ماڵە خزمان هێنا، لە پڕێکا پێمزانی کە پێنج ساڵە نەچومەتەوە بۆ لادێکەی ماڵی نەنکم، پێمزانی کە چوار ساڵە وازم لە خوێندن هێناوە، پێنج ساڵە هەمو ژیانم بوە بە کتێب تا لێتان تێبگەم، زۆر چاکیش لێتانتێگەشتم، ئینجا به دوای هۆکاری ئەو خراپییەتان گەڕام، چوم لە ڕابردوتانم کۆڵییەوە، هەمو مێژوی شۆڕشەکانی کوردستان بە کوردی لە سەری نوسرابێت یەک وشەیم نەپەڕان و هەموم خوێندەوە، بۆ دەستکەوتنی کتێبێک کە وتیان میرزا مەنگوڕیی نوسیویەتی و لە کتێبخانەکەی پەکەکە دەست ئەکەوێ لەگەڵ هاوڕێیەکدا ڕێی قەندیلمان گرتەبەر، چوینە گوندی ئێنزێ وتیان کتێبخانەکە گواسراوەتەوە بۆ دۆڵی شەهید ڕۆژهات لە قەڵاتوکان، ڕێگاکە بە پێ چوار سەعات ئەبو شەویش داهاتبو، ناچار بەیانیی دواتر لەگەڵ ڕەتڵێک گەریلا ئێمەش ڕۆشتین و نوسخەیەکیم هێنا، وای لێهات ئیتر هەستمکرد هەمو مێژوی شۆڕشی کوردیم خوێندەتەوە، ئەوەی ناوی کتێب بێت و باسی شۆڕشی کوردی بکات من لە کتێبخانەکەم هەمبو.
ئاغای جەلالزادە، دواتر زانیم ڕابردوتان بۆنی مەنهۆڵی لێدێت، زانیم لە ئەزەلەوە وابون و ناگۆڕێن، بۆیە بڕیارمدا دژتان بم، بچمە هەر بەرەیەک کە هەوڵی ڕوخاندنتان بدات، لە هەمو ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی دژتان من لەوی بوم، خۆپیشاندانەکەی دوهەزار و شەشی بەردەم پاڵاس کە سەرکەوتی کوبە بە تێڵا کەوتە ناومان من لەوێ بوم و گیرام، بەڵام هەر ئەو شەوە لەگەڵ حەمەی جەمال و چەند کەسێکی تر بەریانداین چونکە هەژدە ساڵمان تەواو نەکردبو.
کە سۆران تیرۆرکرا من لە خۆپیشاندانەکە بوم، کە سەردەشتتان کوشت ئەوەی لە دوای سەیارەی سڵنگەکەوە مایکێکی پێیە و پێش خەڵکەکە کەوتوە و هاوار ئەکات ئازادی ئازادی منم.
لە هەمو ڕۆژنامە و میدیا ئەهلی ئۆپۆزسیۆنەکان چیم لەدەست هاتبێت دژتان نوسیم بۆ ئەوەی بڕوخێن، حەڤدەی شوبات یەکێک بوم لە شانزە چاودێرەکەی یەکەم ڕۆژ، شەست و سێ ڕۆژ سەرام چۆڵ نەکرد، لەگەڵ شەنکار و جەماعەت بە دوچاوی خۆمان بینیمان لە خانەقا چۆن سورکێو و شێرزادتان شەهیدکرد، بینیم چۆن ئومێدتان شەهیدکرد لای مزگەوتی گەورە لەگەڵ مامۆستا فایەقی فۆتۆگراف چوینە سەر تەرمەکەی.
جەنابی جەلالزادە، دواجار بۆم دەرکەوت هێشتا ژمارەی گەمژکان لە کوردستان زۆر زیاترن لە ئاقڵەکان، هێشتا کەسانێکی زۆر ئەیانەوێت جارێ کۆیلبن. زانیم نوسین و خۆپیشاندان ئێوە ناڕوخێت جگە لە چەک، کەسیش نەبو ڕابەرایەتییەکی وا بکات، چوار ساڵ هیوام بە کاک نەوشیروان بو، ئەویش زۆر پشو درێژ بو، بۆیە ئێوارەیەک چوم لە نوسینگەیەکی جادەی مەولەوی تکتێکی ئەستەنبوڵم کڕی، بەیانی دواتر کتێبەکانم بە پیکاب گواستەوە بەردەرکی سەرا و بە گۆتر فرۆشتمن بە هەزار دۆلار، ڕۆژی دواتر سواری فڕۆکە بوم و کوردستانم بۆ ئەبەد جێهێشت، چەند ئێوارەیەک دواتر ئێوارەیەکی درەنگ چومە سەر دەریای مەڕمەڕە لە بەندەرەکەی سوڵتان ئەحمەد، ئەو فلاش میمۆرییەم کە نوسین و کاری هەشت ساڵمی تێدابو فڕێمدایە ناو دەریاکە، دواتر هاتمە سویسرا و بوم بە کرێکار، بەڵام وەک کرێکارەکانی وڵاتەکەی تۆ نا... کرێکارێک کە شەرافەتمەندانە ئەژی.