ئەمریکا و تورکیا
2018-07-28 07:42:21
■ سەردار عەزیز ...
تویتەکەی ترەمپ جۆرێک لە هەژانی دروستکرد، بەڵام هەڵدانەوەی پاشخانی رووداوەکە ڕەنگە بە سود بێت بۆ تێگەیشتنێکی باشتر. قەشەیەکی ئەمریکی ماوەیەکە لە تورکیا دەستبەسەرە. ئامانجی ئەردۆگان لە گرتنی ئەم قەشەیە دوو شتە: یەکەم، ناردنی پەیامێک بۆ دەنگدەرە موسوڵمانەکانی کە ئەو رێگە بە تەبشیری نادات و هەوڵی تەبشیری هەیە لە سەر موسڵمانان، دووەم، بەکارهێنانی وەک کارتێک لە سەردەمێکدا کە پەیوەندی نیوان ئەمریکا و تورکیا پڕ لە هەڵبەز و دابەزە. هەروەها ئەگەری گۆڕینەوەی بە گویلەن.
ئەم روداوە مایەی نیگەرانی بوو لە لایەن ئەمریکیەکانەوە بەڵام کێشەی گەورەتر هەبوو بۆیە هێندە جێگەی بایەخ نەبوو. لە یانزەی شەشی ئەمساڵ ئافرەتێكی تورک بە ناوی ئۆزکان لە تورکیاوە دەچێت بۆ فرۆکەخانەی بن گۆریون لە ئیسرائیل، هەر پاش گەیشتنی لە فرۆکەخانە دەستگیر دەکرێت بە بەهانەی هاوکاری حەماس. ئەم ئافرەتە کە تەمەنی ٢٧ ساڵە سەرەتا رێگەیان پێنەدا کە پارێزەری هەبێت. بەڵام هەرزوو پرسی ئاڵوگۆڕ هاتە ئاراوە. ترامپ داوای لە نەتانیاهو کرد کە ئەو ئافرەتە بەرەڵا بکات لە بەرامبەر بەراڵاکردنی قەشە ئەمریکیەکە لە لایەن تورکیاوە. لە پانزەی ئەم مانگە ئۆزکان بەرەڵا کرا و گەڕایەوە تورکیا و سوپاسی ئەردۆگانی کرد. بەڵام هێشتا قەشە ئەمریکیەکە ئازاد نەکراوە.
لە بڕی ئازادکردنی قەشەکە تورکیا لە بەندیخانەوە گواستویانەتەوە بۆ ماڵێک کە تیایدا دەست بەسەرە، ئەمەش ترەمپی توڕەکرد و تویتەکەی کرد.