هەرێم و ترۆرى نائیسلامى؟
2018-07-26 21:47:26
■ ئەبوبەكر عەلی ...
وتەیەک دەربارەى مامەڵەى ئەخلاقیانە
پێش ماوەیەک ویستم بابەتێک بەو ناونیشانەى سەرەوە بنووسم نەک لەبەر ئەوەى پێم وابێت ترۆرى ئیسلامى و بە ئیسلام پاساودراو بوونى نیە بەڵکو بۆ ئەوەى ئاماژە بەوڕاستیەبکەم کە نزیکەى تێکڕاى ئەو ترۆرانەى ئەنجامدراون پەنجەى تۆمەت بۆ ئیسلامى ڕانەکێشراوە.
چەندین نووسەر، ڕۆژنامەنووس، زاناى ئاینى، چالاکوانى مەدەنى، یاساناس، بەرپرسى سەربازى، کەسێتى کۆمەڵایەتى لەو ماوەدا و لەو چەند ساڵەى ڕابردوودا بوونە قوربانى دەستى ترۆرى نائیسلامى لە هەرێمدا.ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مەترسى ترۆر لە هەرێمدا تەنها لە فۆرمە ئیسلامیەەیدا قەتی نادرێت تەنانەت دەتوانین بلیین لە چەند سالى رابردوودا لە پەیوەندى بە دۆخى ناوخۆى هەریم قوربانیانى ترۆرى نائیسلامى چەندقات بووە .
تێوەنەگلانى ئیسلامیش لە چەند ساڵى ڕابردوودا لەناو هەرێم لە کارە تیرۆرستیەکاندا جێگاى دڵخۆشى و شایستەى هاندان و ستایش کردنە. چونکە ئەگەر خەمەکانمان نیشتیمانى بێت، نابێت باس و خواسى ترۆر تێکەلڕ بە ململانآ و تۆڵەى سیاسى بکەین چ جاى جۆرێک لە پێخۆشبوون بە هەندێ ناوەندەوە دەرکەوێت بەرامبەر تۆمەتبارکردنى هەندێ هێز و کەس. کە هەموو هەوڵێکى لەو جۆرە پاکتاوکردنە جەستەییەکان و ئۆپەراسیۆنى ئاسایش دەخاتە ژێر پرسیار و گومانى جۆراوجۆرەوە.
پەنجەى تۆمەت ڕانەکێشان بۆ هەندێ کەس و ناوەندى حسابکراو لەسەر ئیسلامیەکان،لە چەند سالى رابردوودا دەبێت جێ ى شانازى هەموومان بێت، بە خودى ئیسلامیەکان و دام و دەزگاکانى حکومەت و هێز و لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیانى خۆشەویست، کە لەگەڵ بوونى هێزى پاشخان جیهادى لە وڵاتەکەماندا توانیویانە تا ڕادەیەکى باش خۆیان لەگەڵ چوارچێوە یاساییەکان و کارى مەدەنى بگونجێنن و سەرچاوەکانى ترۆر لە کوردستاندا بەرەو لاوازى بچێت. پێشم وایە هۆکارەکانى ئەو دۆخە دڵخۆشکەرە لەم خاڵانەى خوارەوەدا بەرجەستە دەبن:
1-تایپ و شیوازى دیندارى کوردەوارى و ئیسلامەتى لە کوردستاندا ، بە ترۆر و توندڕەوى نامۆیە، گەر لە سەرەپێچێکیشدا دیاردەیەکى نامۆى لەو جۆرەى تێدا دەرکەوت زۆر ناخایەنێت بەرەو لاوازى و پووکانەوە دەچێت.
2-بوونى تەوژمیکى ئیسلامى میانەرەو کە هەر لەسەرەتاوە رەوایەتى خۆى لەسەر دژایەتى ترۆرو توندرەوى دیاریکردووە.
3-خۆگونجاندنى بەشى هەرەزۆرى ئیسلامی یە پاشخان جیهادییەکان لەگەل بارودۆخى هەرێم و چوارچیچوە یاساییەکانى کارکردنى سیاسى و دەست بەرداربوون لە چەک وەک شێوازێک بۆهێنانەدى ئامانجەکان .
4-پەراوێزەدیموکراسیەکەى هەرێم کەسەرەڕاى کەم وکورتى وکێشەکانى توانیویەتى ببێتە سەرچاوەى بەهاو پێوەروتێگەیشتنى نوێ ،لەوانەش بۆ ئیسلامییەکان.
5-چاوکراوەیى هاولاتیان و دەزگا ئەمنیەکان ،
کەواتە دەتوانین بڵێین ئەو واقیعەى ئاماژەمان پێکرد دەبێت جێگاى شانازى هەمومان بێت ،بەحوکمى ئەوەى ئاماژەیە بە جیاوازیی لە تێگەیشتنى دینیدا لە نێوان کوردستان و ئەو شەپۆلە ڕەشانەى ڕق وکینەى مەزهەب و ترۆرو ڕەشە کوژ ىکە بە دەروبەرماندا دەجوڵێن بۆ ئەوەى دۆخێکی واش بێتە کایەوە ئەم دیمەنە بەرەو تەواوى بەرین تا دەگاتە خاڵى ووشکردنى سەرچاوەکانى توندڕەوى ئاینى ،گرنگە ئەم خاڵانەى خوارەوەمان لەبەرچاوبێت:
1-تێکەڵنەکردنى پرسى چارەسەرکردنى ئەمنى ترۆر بەململانی حیزبیەکانى کوردستان و بەڵگە داتاشین بۆ ئەم هێزو ئەو هێزو تۆڵەکردنەوەى سیاسى .
2-بە لۆژیک و هەمان ڕۆحى پیشەییەوە مامەڵەکردن لەگەلڕ کەیسەکانى ترۆر چونکە ئەمە جگە لەوەى ئەرکێکى پیشەییەومیسداقیەتى دەزگا ئەمنیەکانى پێوە بەندە پێویستیەکى مامەڵەى ئەخلاقیانەشە لەو سۆنگەوە کە کەکەیسى یەکسان مامەڵەى یەکسان دەخوازێت.