Draw Media

۲٥ی تەموز: تەکانێک بۆ هەستانەوە...

۲٥ی تەموز: تەکانێک بۆ هەستانەوە...

2018-07-26 09:46:39


■ بابەكر دڕەیی ..
یەک) ئەمڕۆ وەک ڕۆژی دامەزرانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژێکی گرنگە بۆ گۆڕانخوازانی کوردستان تا چاوێک بە ڕابوردوی بزوتنەوەکەدا بگێڕدرێ و سەرنجێک بخرێتە سەر کێشەکانی و پێشنیاریش بۆ بەهێزکردنەوەو تۆکمەکردنی بخرێتەڕو.
دو) بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆڵێکی مێژوویی و سیاسی گرنگی لە هەرێمی کوردستاندا وازی کردو توانی لە مەودایەکی کەمی زەمانیدا ، سەرباری ڕێگری جدی و پیلانی ڕەق و زۆردارانە، لە ئاستەکانی هوشیارکردنەوەی جەماوەرو، کاری پەرلەمانی و جەدەلی سیاسیدا شێوازێکی تەواو جیاواز پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات،
سێ) گۆڕان لە و دەساڵەی تەمەنیدا سەنگ و قورسایی گێڕایەوە بۆ کاری سیاسی و، لە ڕێگای داکوکیکردن لە شەفافیەت و پاکی و یاساسەروەریەوە توانی هیواو ئومێدێکی گەورە ببەخشێ بە دەنگدەرانی و کۆی میللەت لە گەیشتن بە وڵاتێکی دیموکراتترو عادلتر،
چوار) کۆچی کاک نەوشیروان مستەفا ی ڕەهبەری بزوتنەوەی گۆڕان ڕوداوێکی گەورە بو کە هیچکام لەو هاوڕێ نزیکانەی مەزەندە دەکرا بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕانیان بکەوێتە ئەستۆ ، هەروەها کۆی هەڵسوڕاوان و چالاکوانەکان، ئامادەی ڕودانی نەبون چ لە باری نەفسی و چ لە ئاستی سیاسیدا،
پێنج) خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان کە دوای کۆچی ڕێکخەری گشتی هەڵبژێردرا، نەیتوانی لە هیچکام لە بوارەکاندا سەرکەوتو بێت و بە چەندین فرسەخ لە ئاست وقەبارەی سەردەمی نەوشیروان مستەفا دورکەوتەوە:
- لە ئاستی عاتفیدا نەیتوانی یەک لە سەدی نەوشیروان مستەفا ئەنجام بدات بۆ دڵڕاگرتنی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی،
-- لەئاستی سیاسیدا نەیتوانی دەسپێشخەریەکی جدی و بەرچاو بخاتە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستانەوە،
-- لە ئاستی فکری و مێتۆددا هیچ بیرۆکەیەکی نوێی پێ نەبو بۆ پڕکرنی لایەنگران و دەنگدەران و هەڵسۆڕاوەکانی،
-- لە بواری دبلۆماسیدا شکستەکانی بەرچاوتربون لە دەسکەوتەکانی،
-- لە ئاستی جەماوەری و سازدانی ڕای گشتیدا پاشەکشەیەکی جدی بەخۆوە بینیوە و نەیتوانیوە دۆخەکە وەک خۆی یان وەک پێویستە بخاتە بەرچاوی خەڵک،
-- لە بەڕێوەبردنی حکومەتە لۆکاڵیەکاندا ساردوسڕی و نەپرسینەوەیەکی نابەرپرسیارانە ببوە سیمای دیاری قۆناغەکە،
-- لە ئاستی میدیاییدا گۆڕانکاری دیراسەنەکراوو زیانبەخش هاتنەئاراو دەیان کادری میدیایی بە توانا زویرکران و بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش نەتوانرا وەک پێویست دەنگ بۆ کاندیدەکان کۆبکرێتەوە،
--لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا، سەرباری هەبونی زانیاری تەواو لەوەی کە تەزویر ئەنجام ئەدرێت هیچ ڕێگریەک نەخرایە بەردەم تەزویر و گۆڕان بوە پاشکۆی حزبە تەزویرچیەکان..

شەش) ئێستە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دو کێشەدایە کە دەبێ بە زوترین کات چارەسەریان بکات: 
یەکەم: چارەسەرکردنی هەر کێشەو گرفتێک کە زەربە لە کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا ئەدات وەک سیمبولی عەدالەتخوازی و یاساسەروەری لە کوردستان و لە هەمان کاتدا وەک ڕەمزی بزوتنەوەیەک کە بۆ عەدالەت و یەکسانی کۆمەڵایەتی و حکومەتی قانون تێدەکۆشێ... ئەو کێشانەش لە ئەستۆی جفاتی نیشتیمانیدایە ساغیان بکاتەوە و ڕای قەتعی خۆی لە بارەیانەوە بە ڕەسمی ڕابگەیەنێ،.. گرنگترین خاڵ لەم نێوانەدا پاراستنی مەوقعی مێژوویی نەوشیروان مستەفاو هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بە یەکگرتویی،
دوەم: چالاککرنەوەی خانەی ڕاپەڕاندن بە هەڵبژارنێکی پێشوەخت بۆ خانەو دانانی کەسانی وا کە بتوانن جوڵانەوەکە لەم دۆخەی دەربازبکەن و بیگەیەننەئاستێک کە توانای بەردەوامبون و ڕکەبەری هەبێ لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان..
کەسانێک کە لە هەنگاوی یەکەمدا توانای ئاشتکردنەوەی جەماوەری گۆڕانیان هەبێت و بتوانن دیالۆگێکی جدی و بنیاتنەر لەگەڵ کۆی هەڵسوڕاوانی جوڵانەوەکە ئەنجام بدەن،

حەوت) بنەمای سەرەکی بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە هیچ لایەنێک لە لایەنەخاوە ڕەئیەکانی گۆڕان خۆی بە خاوەنی ڕاستی ڕەها نەزانێت.. واتە پێش پێداگرتن لەسەر پرەنسیپەکان بەرژەوەندی کۆی بزوتنەوەکە بکرێتە پێوەر و هەستانەوەی گۆڕان بکرێتە بناغەی پێکهاتن و کاری هاوبەش،
وتووێژی هاوڕێیانە و بنیاتنەرانە خواستی دەنگدەران و دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕانە... بێ هەبونی وتووێژی جدی و گیانی پێکهاتن بۆ قازانجی گۆڕان ، ئەم جوڵانەوەیە دەشکێت و خەڵکی کوردوستان زیانی گەورە ئەکەن.
ئێمە لە ناو سەرجەم لایەنە خاوەنقسەو بڕیاربەدەستەکانی گۆڕاندا بێباکی و بێمنەتیەکی ترسناک و سامناک و ڕەش ئەبینین کە بە تەواوی دوورە لە میتۆدی کاری سیاسی مۆدێرن و گیانی هاوڕێێیەتی و کلتوری سادەیی و دوربینی نەوشیروان مستەفا..،
هەشت) هێشتاش بزوتنەوەی گۆڕان بە ئەندازەی قەندیل و پیرەمەگرون سەرچاوەی هێزو وزەی نەبەزین و ملدانی تیادا شاراوەتەوە، هێشتاش ئەم جوڵانەوەیە خاوەنی سەدان هەزار دەنگی چەسپاوو دلێرە، هێشتاش گۆڕان جێی هیوای هەزاران هەزار خێزانی شەهیدو ئەنفال و هەژاری کوردستانە، ئێستاش گۆڕان پێنج قاتی هەردو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان کادرو هەڵسوڕاوی خۆبەخش و نەترسی ئامادەی خەبات و بەردەوامیە.. هێشتاش گۆڕان دەیان قەڵەمی ئازای هەن و سەدانیشی بەڕێوەن....
بۆیەداواکارم :
فریای ئەم جوڵانەوە مەزنە بکەون و بە غروری خۆبەڕاستزانی و عینادی قەبیلەیی و فەنتازیای پوچی خۆبەڕەهبەرزانی، بزوتنەوەی گۆڕان وێران مەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand