“ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان” هەڵبژاردنی ئەمریکا یەکلا دەکەنەوە

Draw Media

2024-09-18 12:14:20



وینثرۆپ رۆجەرز، تایبەت ( بە درەو)

دەنگدەرانی ئەمریکا لە ٥ی نۆڤەمبەر دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ. پارتی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان کاندیدکردووە، کە هەوڵدەدات ئەو پۆستە وەربگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەدەستیدا. سەرۆک جۆ بایدن، ئەو کەسەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر ترەمپدا سەرکەوت، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕەتیکردەوە بەردەوام بێت لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کە سەبارەت بە تەمەنەکەی دروست بوبون. لەبری ئەوە دیموکراتەکان کامالا هاریس جێگری سەرۆک کۆماریان کاندید کرد. ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت یەکەم ژنە کە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە، پێشبڕکێکە نزیکە. چاودێرانی کوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان پرسیار دەکەن کە چی ڕوودەدات؟ بۆ زۆر کەس پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکرێت تێگەیشتنی ئاڵۆز بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی چەند لایەنێکی سەرەکی ئاسانتر تێدەگەیت.
ئەمریکا سیستەمێکی بەرێوەبردنی فیدراڵی هەیە و سیستمی ناسراو بە "کۆلێجی هەڵبژاردن" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دیاری بکات کێ دەبێتە سەرۆک. هەر ویلایەتێک ژمارەیەک دەنگی پێدەدرێت، بە شێوەیەکی رێژەیی و بە نزیکەی قەبارەی دانیشتووانەکەی. بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەورەترین ویلایەتە و بە 54 دەنگ زۆرترین نوێنەری دەبێت، لەکاتێکدا ویلایەتە بچووکەکانی وەک وایۆمینگ و ڤێرمۆنت تەنها سێ دەنگیان هەیە.
بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی، کاندید دەبێت لانیکەم ٢٧٠ دەنگی هەڵبژاردن – دەنگی ئەندامانی "کۆلێجی هەڵبژاردن"- بەدەستبهێنێت. کۆی ژمارەی ئەو دەنگانەی کە کاندیدێک لە سەرانسەری وڵاتەوە بەدەستی دەهێنێت - کە بە "دەنگی جەماوەری" ناسراوە – پەیوەندیدار نییەو نابێتە پیوەر بۆ هەڵبژاردنی.
لە ڕاستیدا لە دوو خول لە شەش خولی ڕابردوودا - جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٠ و ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ - براوە لەسەر ئاستی دەنگی جەماوەر بە گشتی دەنگی کەمتری بەدەستهێنا، بەڵام هێشتا هەڵبژێردرا چونکە دەنگی زیاتری "کۆلێجی هەڵبژاردن"ی بەدەستهێنابوو.
زۆربەی ویلایەتەکان هەموو ئەندامە هەڵبژێردراوەکانیان دەنگ دەدەنە هەرکەسێک کە ویلایەتەکە بباتەوە، هەرچەندە دوو ئیستیسنای تێدایە. لایەنەکان دەیانەوێت لە زۆرترین ویلایەتدا لە پلەی یەکەمدا بن، بە تایبەت ئەگەر دانیشتووانی زۆریان هەبێت وەک نیویۆرک یان تەکساس. بەڵام زۆر ویلایەت هەن کە مەیلی سیاسیان ڕوونە و دەتوانرێت پێشوەختە پێشبینی دەرئەنجامەکەی بکرێت. بۆ نموونە دیموکراتەکان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیان لەوەی لە شوێنێکی وەک مەسەچیوسس سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، لەکاتێکدا کۆمارییەکان بە دڵنیاییەوە لە ویلایەتی تێنسی دەیبەنەوە.
هەر خولێکی هەڵبژاردن چەند (ویلایەتێکی خۆڵەمێشیی یان سوینگ ستەیت) هەیە کە پێشبینی کراو نین و دەکرێت دەنگەکانیان بە هەر دوو ئاڕاستەکەدا بڕوات. بەو پێیەی ئەمریکا زۆر بە یەکسانی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دابەش بووە، ئاڕاستەی دەنگدانی ئەم ویلایەتانە زۆر گرنگ دەبێت. ئەوان ئەو ویلایەتانەن کە پێشبڕکێکە یەکلایی دەکەنەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، ٢٠٢٤دا، حەوت ویلایەتی سوینگ هەیە کە هەریەک لە کاندیدەکان چانسی باشی هەیە بۆ سەرکەوتن: پێنسیلڤانیا (کە ١٩ دەنگی هەڵبژاردنی هەیە)، کارۆلینای باکوور (١٦)، جۆرجیا (١٦)، میشیگان (١٥)، ئەریزۆنا (١١)، ویسکۆنسن ( 10) و نیڤادا (6).
هاریس و ترەمپ لەم ویلایەتانەدا چەندین گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و پارەیەکی زۆر لە ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکان خەرج دەکەن بۆ ئەوەی دەنگدەران ڕازی بکەن پشتگیریان بکەن. هەرکامیان بتوانێت لەم ویلایەتانەدا بەشی پێویست دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆک.
لە ئێستادا هاریس لە تێکڕای ڕاپرسییەکاندا کەمێک لە پیشە، بەڵام ئەوە لەگەڵ زیادکردنی ڕاپرسییە نوێیەکاندا دەگۆڕێت. تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و میشیگان و ویسکۆنسن پێشەنگە. تەنها ئەم سێ ویلایەتە ژمارەی دەنگی پێویستی کۆلێجی هەڵبژاردنیان هەیە کە لەگەڵ دەنگی ویلایەتە جێگیرەکان دەنگەکانی هاریس بگەیەننە ٢٧٠ دەنگ و کۆشکی سپی مسۆگەر بکات.
هاریس هەروەها لە ویلایەتی نیڤادا لە پێشە. ترەمپ لە ویلایەتی ئەریزۆنا و کارۆلینای باکوور و جۆرجیا کەمێک لەپێشترە ، بەڵام ئەمانە بەس نابن بۆ سەرکەوتن. بەڵام هێشتا دەرفەرتی باشی لەبەردەمە بۆ بردنەوە ئەگەر هاریس تووشی کۆسپ ببێت. پێشبڕکێکە لە ڕادەبەدەر نزیکە.
پێنسیلڤانیا بە تایبەتی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەردوو کاندیدەکە گرنگە. ژمارەیەکی زۆر دەنگی هەیە - زیاتر لە هەریەکێک لە ویلایەتەکانی تری سوینگ - و مێژوویەکی هەیە لە هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی کۆماری و دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی و کۆنگرێس و لەسەر ئاستی ویلایەتەکانیش.
دوو شاری گەورەی هەیە بە ناوەکانی فیلادلفیا و پیتسبورگ. ئەمانە بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانیانەوە ناوچەی دەوڵەمەندن بە دەنگ. زۆرێک لە گەنجان و ڕەشپێستەکان و ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران لەوێ دەژین کە زۆرینەیان دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن. لە نێوان ئەم دوو شارەدا، ناوچەی گوندنشینی بەرفراوان هەیە، کە دەنگدەران مەیلیان بۆ کۆماریخوازەکانە. زۆرینەی خەڵکەکەی سپی پێستن و زیاتر محافزکارن وەک لە دەنگدەرانی شارەکان. هەروەها لەو نێوەندەشدا شارەدێ و شارە بچووکەکانیش هەن کە تێکەڵەیەک لە دەنگدەریان هەیە.
هاریس پێویستی بە سەرکەوتن دەبێت بە جیاوازییەکی زۆر گەورە لە فیلادلفیا و پیتسبورگ و شارە بچوکەکان بۆ ئەوەی باڵانسی هێزی ترەمپ لە ناوچە گوندنشینەکانی ویلایەتەکەدا بکاتەوە. ئەگەر بتوانێت ئەمە بکات، ئەوا پێنسیلڤانیا دەباتەوە - و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆشکی سپیش دەباتەوە.
لە ١٠ی ئەیلولدا ترەمپ و هاریس لە شاری فیلادلفیا لە دیبەیتێکدا روبەڕووی یەکتر بوونەوە. لەسەر چەندین بابەت پێکدادان ڕویدا، لەوانە ئابووری، کۆچبەران، لەباربردنی منداڵ و سیاسەتی دەرەوە. دواتر ڕاپرسییەکان دەریانخست کە زۆرینەی دەنگدەران پێیانوابوو هاریس سەرکەوتو بووە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا، لەبەر ئەوەی زیاتر لەسەرخۆ و هاوسۆز بووەو ئامادەکاری باشتری کردوو. لە بەرامبەردا ترەمپ زۆر سەرنجی لەسەر ترسەکان بوو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆچبەران و درۆی ڕەگەزپەرستانەی بڵاودەکردەوە. هەر بۆیە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، لەوانەش لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆیەوە.
دیبەیتەکە جیاوازییەکی گەورەی ئەو دوو کاندیدەی بۆدەنگدەرانیان ئاشکرا کرد، کە زۆربەیان تازە دەستیان کردووە بە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکان. تەنها ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەسەندکردنی پێشوەختەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، بەڵام پێدەچێت ترەمپ لەناو دەنگدەرانی خۆڵەمێشیدا زیانی بەخۆی گەیاندبێت بەهۆی ئەدای خراپیەوە. لە ڕاستیدا ئەو ڕەتیکردووەتەوە جارێکی دیکە دیبەت لەگەڵ هاریس بکاتەوە، پێدەچێت بۆ ئەوەبێت کە خۆی لە شەرمەزارکردن بەدوور بگرێت بۆ جاری دووەم.
هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی ٥ی نۆڤەمبەر، ئەمە ماوەیەکی زۆرە لە سیاسەتدا و لەم نێوەندەدا زۆر شت دەگۆڕێت. جگە لەوەش ڕاپرسییەکان مەرج نییە وێنەیەکی تەواو بخەنەڕوو، وەک ئەوەی کاتێک ترەمپ بە پێچەوانەی ڕاپرسییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦دا هەڵبژێردرا.
بەڵام بۆ ئێستا وا دیارە هاریس چانسێکی زیاتری هەیە لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە ویلایەتە سەرەکییەکانی سوینگ وەک پێنسیلڤانیا، میشیگان و ویسکۆنسن. هەروەها لە دوای هاتنە دەرەوەی لە دیبەیتە سەرکەوتووەکەی، هاریس وزەو هێزێکی زیاتری هەیە وەک لە ترەمپ. بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا چاوێکی وردی لەسەر ویلایەتەکانی سوینگ دەبێت. لێرەدایە کە پێشبڕکێکە دەباتەوە یان دەدۆڕێت.

 

The US election will come down to the “swing states,” but Harris has an advantage over Trump

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand