Draw Media

دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ مزگه‌وت و تیرۆر

دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ مزگه‌وت و تیرۆر

2018-07-26 06:48:24


■د. هەردی مێد..

له‌ دوای رووداوه‌كه‌ی ٢٣\٠٧\٢٠١٨ كه‌ سێ هه‌رزه‌كاری توندوتیژكراو ده‌چنه‌ نێو باڵه‌خانه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چالاكیه‌كی تیرۆرستی، هه‌ندێك پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌بێت مزگه‌وته‌كان دابخرێن چونكه‌ بوونه‌ته‌ كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تیرۆر و زه‌بروزه‌نگ. به‌ كورتی، ئه‌مان په‌یوه‌ندیه‌كی میكانیكی، واته‌ راسته‌وخۆ و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا، له‌ نێوان تیرۆر و مزگه‌وتدا داده‌نێن. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ نیازی تیرۆر و تیرۆرستین جگه‌ له‌ مزگه‌وت خانه‌یه‌كی دییان نه‌بێت بۆ په‌روه‌رده‌كردن و توندوتیژكردنی كه‌سانێك كه‌ ئه‌گه‌ر و ئاماده‌گی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌یان ده‌شێت له‌ لا دروست بكرێت. به‌ڵام، له‌ هه‌مووی پڕكێشه‌تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره‌ گریمانانه‌ ده‌كه‌ن پێماننا‌ڵێین چۆن مزگه‌وت تیرۆر به‌رهه‌مده‌هێنێت.

ئه‌وه‌ی مزگه‌وت ده‌كات به‌ كارخانه‌ی تیرۆر خودی مزگه‌وت خۆی نییه‌، چونكه‌ دواجار مزگه‌وت له‌ خودی خۆیدا هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌می كرده‌ و ره‌فتاری نوێژكه‌رانی نه‌بێت‌. به‌ مانایه‌كی دی، بۆ تێگه‌شتن له‌وه‌ی چۆن مزگه‌وت ده‌بێت به‌ لانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی، ده‌بێت له‌وانه‌ بكوڵرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی مزگه‌وه‌وه‌‌ هه‌وڵی دروستكردنی بیر و ره‌فتاری توندڕه‌وی ده‌ده‌ن.

بۆ تێگه‌شتن له‌ مزگه‌وت ده‌بێت له‌و كه‌سانه‌‌ تێبگه‌ین كه‌ رۆژانه یان هه‌فتانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌م ده‌ستگایه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ كردار و ره‌فتار و سه‌ردانیان ئه‌و بینایه‌ی ناونراوه‌ مزگه‌وت ئه‌مان به‌ مزگه‌وت و شوێنی عیباده‌تی ده‌هێڵنه‌وه‌. ده‌نا مزگه‌وت هیچی له‌و ماڵ و بینایانه‌ جیاوازتر نییه‌ كه‌ له‌ ده‌وروبه‌رماندان و وه‌ك ماڵ، ده‌ستگا، قوتابخانه‌، تد،‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین. به‌ مانایه‌كی دی، ئه‌وه‌ی بینایه‌یه‌ك ده‌كات به‌ مزگه‌وت خودی بیناكه‌ نییه‌، به‌ڵكو هاتوچۆ و ره‌فتاری ئیمانداران و ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م بینایه‌دا دروستی ده‌كه‌ن وه‌ك مزگه‌وت.

بۆیه‌، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ و ده‌ستنیشانكردنی سه‌قه‌ته‌ له‌و كاته‌ی ده‌ڵێین مزگه‌وت تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. چونكه‌ به‌ گوزارشتێكی له‌م بابه‌ته‌ هه‌م مزگه‌وت ده‌كه‌ینه‌ بونیادێكی روح له‌به‌ر، له‌ كاتێكدا كه‌ روحله‌به‌ر نیه‌، هه‌مش هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ ده‌شارینه‌وه‌ كه‌ بزوێنه‌ر و بیناكه‌ری مزگه‌وتن و رۆژانه‌ ئه‌م ده‌ستگایه‌ به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێت مزگه‌وت نییه‌، به‌ڵكو كه‌سانێكن كه‌ یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و سیاسی، یان به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بروایان به‌ كار و چالاكی توندڕه‌وی هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كارانه‌وه‌ خوا و مزگه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه‌.

كه‌واته‌، فۆرم و سومعه‌ی مزگه‌وت هه‌م له‌ سه‌ر وتاربێژه‌كه‌ی هه‌م له‌ سه‌ر نوێژكه‌رانی وه‌ستاوه‌. هه‌ر ئه‌مان ده‌توان مزگه‌وتێك له‌ یه‌ك گه‌ڕه‌كدا بكه‌ن به‌ تیرۆرست، یه‌كێكی دیش بكه‌ن به‌ شوێنی زكر و عیباده‌ت، یه‌كێكی دیش شوێنی عیرفان و بیر و تێفكرین. كه‌واته‌، ئه‌وه‌ مزگه‌وت، وه‌ك بینایه،‌ نییه‌ كه‌ بڕیار له‌و فۆرم و بچمه‌ و سومعه‌یه‌ ده‌دات كه‌ پێوه‌ی ده‌لكێت و ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی، به‌ڵكو كه‌سه‌كانی نێوی، ئه‌وانه‌ی رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand