بۆ وا لە هەولێر دەكەن؟
2018-07-24 21:40:05
■سەرتیپ جەوهەر..
بەر لەچەند رۆژێك لەبەردەم نەخۆشخانەی دڵ لەهەولێر، دوو چەكدار بەبێ هیچ بیانویەك هەڵدەكوتنە سەر بازرگانێكی عەرەب و دوای ئەشكەنجەو ئازارێكی زۆر ئۆتۆمبێلەكەیشی لێ پەكدەخەن! بەقسەی سەرچاوەیەكی نزیك لە رووداوەكە، هەردوو چەكداریش ناسراون و تائێستا هیچ كامیان دەستگیر نەكراوە!
ماوەیەكە هەولێر بۆتە شارێكی مەترسیدار، تیرۆرو كوشتن بەبەرچاوی پۆلیس بوە بەدیاردە، ئەگەر پێشتر تیرۆرو هێرشكردنە سەر نوسەرو رۆژنامەنوس و چالاكوانان بەنهێنی بوبێت، ئەوا ئێستا بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایش دەكرێت و تاوانبارانیش دەستگیر ناكرێن!
فارس محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەبەرچاوی خەڵك تیرۆركرا، تائێستا تاوانباران دەستگیر نەكراون؟ لەسەر فول لایتێك گەنجێك خەڵتانی خوێن كرا، دوای ساڵێك بەڕێككەوتن تاوانبارەكە تەسلیم بەپۆلیسكرا!
بەرلەچەند مانگێك بەهوتافكێشانی ناشایستەی (رایسستی) لەبەردەم قەڵای هەولێر، هەڵیانكوتایە سەر چەند گەنجێكی عەرەب و هەرایەكی گەورەی لەشەقامی عەرەبی و بەدوایخۆیدا هێنا، جگە لەداوای لێبوردن و دەركردنی بەیاننامە، بەپێی زانیارییەكان بەنزیكەی یەك ملیۆن دۆلار سوڵحیان لەگەڵ ئەو خێزانەدا كردووە!!
روداوەكەی چەند رۆژی رابردوو جگە لە دوپاتكردنەوەی مەترسیداربونی ئەمن و ئاسایش لە هەولێر، هاوكات ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دروستكردنی پشێوی كۆمەڵایەتیی و شێواندنی روخسارو هەڵسوكەوتی خەڵكی كوردستان بەگشتیی و هەولێر بەتایبەتیی! روداوەكە تەنها ئەوەنییە هێرشكرابێتە سەر هاوڵاتییەكی عەرەب، بەڵكو ئاماژەكانی پشت روداوەكە جێی مەترسی و نیگەرانین.
ئەو روداوە تەنها لێدانی هاوڵاتییەكی عەرەب نییە، بەڵكو ئۆتۆمات گرێدراوی بارودۆخی سیاسی و قەومی دەبێت لەعیراق، جگە لەقوڵكردنەوەی شۆڤینیەت و رایسستی، كەس قازانجی لێناكات، بەتایبەت خەڵكی هەرێمی كوردستان. لەلایەك سەدان بازرگانی گەورەی عەرەبی باشورو ناوەڕاستی عیراق، لە كوردستان نیشتەجێن و سەرمایەی سەدان ملیۆن دۆلاریان لەگەڵ خۆیان هێناوەو لێرە وەبەرهێنان دەكەن، ئەگەر ژیانیان بەهەر شێوەیەك بكەوێتە مەترسی، كوردستان جێدەهێلن و روو لەشوێنی دیكە دەكەن، هەروەك ئەو بازرگانەی چەند رۆژی رابردوو ئەو پەیامەی گەیاندبوە دەسەڵاتدارانی هەولێر، هاوكات بیرو تێگەیشتن و بیری شۆڤینی و راسیستی تۆخدەكاتەوە دیسان زیانی گەورە بەكوردستان دەكەوێت، چونكە سەدان هەزار خێزانی كورد لەناوچەكانی دیكەی عیراق نیشتەجێن و رۆژانە هەزاران هاوڵاتی كوردستان بۆ سەردان و پێویستی روو لەبەغداو ناوچەكانی دیكە دەكەن و دور نییە، كاردانەوە لەوێ دروست بێت و روبەڕوی زیان ببنەوە، هەروەك پێشتر رویداوە.
ئەوەی جێی سەرنجە لەو روداوانە، زۆربەی ئەو تاوانانە لەلایەن كەسانێكەوە بووە پیاوی دامودەزگاكانی ئەمنی بوون، هەروەك روداوەكانی رویانداوە بەشێكیان ئامادەكاریی بۆكراوە واتە (سبق الاصرار والترصد) بوە، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە، هاوكات بەشێك لەتاوانبارانی ئەو روداوانە، دەستگیرنەكراون و لەوەدەچێت ئارەزوی دەستگیركردنیش نەبێت!
بەكورتی، ئەو روداوانە دڕدۆنگی و ترسێكی زۆری دروستكردووە، ئەوەی لێی بەرپرسیارە دەسەڵاتدارانی هەولێرن، روداوەكان هیچ پەیوەندیان بەهەولێرو سروشتی جوانی خەڵكی شارەوە نییە، پەیوەندی بەوانەوە هەیە كە دەسەڵاتداری ئەو شارەن، دەبێ چی زووە وڵامی ئەو روداوانە بدەنەوە.