هەڵبژاردنێكی تر بەرێوەیە!
2018-07-24 21:39:14
■ئازاد چالاك ....
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا دەكرێ یان دوا دەخرێ؟
پارتی و یەكێتی وەك دو حیزبی خاوەن دەسەڵات و براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەكەش و هەواو مەعنەویاتێكی باشترەوە دەچنە هەڵبژاردنی داهاتو، حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی جاران و دو حیزبە تازەكەش بەدڵنیاییەوە لە بیرورا گۆڕینەوە و خۆ ئامادەكردن و كێبڕكێدان ئاخۆ ئەمجارە كێ دەبێتە براوەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم، لەكام شارو لەكام شارۆچكە دەتوانن دەنگی زیاتر بەدەستبێنن!
هەمو جارێك كە ئەم حیزبانە دەچنە هەڵبژاردنەوە ئومێدێكی زۆر لە سەر پاكی و شەفافیەتی پرۆسەكە هەڵدەچنن و، پێش حیزبەكانی دەسەڵات دەكەونە پیاهەڵدانی پرۆسەكەو هانی خەڵكیش دەدەن كە ئەمجارە ساختەكاری ناكرێ و چونیان بۆ دەنگدان رێگر دەبێ لە تەزویرو ساختەكاری و تەنانەت لایەنی پەیوەندیدار بەكۆمسیۆن و ژوری هەڵبژاردن ئەوانیش بەهەمان شێوە باسی رێك و پێكی پرۆسەكەو هەوڵەكانی خۆیان بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری بەرز دەنرخێنن.
جیاوازی هەڵبژاردنەكانی پێشو لەگەڵ هەڵبژاردنی چاوەروانكراوی پەرلەمانی كوردستان، چین و چی لە هاوكێشەكە گۆڕدراوە؟
ئەم پرسیارە روبەروی بەرپرسی باڵای حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵاتەو پێویستە زۆر بەوردی شیكردنەوەی بۆ بكەن و قازانج و زەرەری چون بەرەو پیری بەناو هەڵبژاردن لێك بدەنەوە و بێدەمارگیری لەناو خۆیان و كادیرەكانیان و لایەنەكانی تردا بیرورا بگۆڕنەوەو هەوڵی هەڵوێستێكی هاوبەش بدەن و ئەگەر وانەكەن بایەخی بەشداربونیان لە هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات و جێبەجێكردنی بەرنامەی حیزبەكانیان بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی دەبێتە گاڵتەو تەڵەكە بازی، كە پێم باشە لەچەند خاڵێكدا هۆكارەكانی بخەمەڕو.
1. زەمانەتی تەزویرنەكردن و ساختەكاری لە كێ وەردەگرن، حیزبێك كە پێشتر چەندینجار ساختەكاری لەدژی ئەنجامدرابێت و جارێكی تر بچێتەوە هەڵبژاردن و بەهەمان كەرەستەو هەمان دەزگاو هەمان دەسەڵاتەوە چۆن ئەتوانێ دڵنیابێت لە دەنگەكانی!؟ چۆن ئەمجارە ئەتوانێ بەخەڵك بڵێ كە ئەمجارەش تەزویری لێكراوە!؟
2. بەشداربون لەهەڵبژاردنێكی لەو جۆرە شەرعیەتدانە بەپرۆسەی ساختەكاری و تەزویر، لایەنی دەسەڵات ئەمڕۆ دەسكراوەترو بێباكانە تر لە جاران و بێسڵەمینەوە دەست بۆ ئەو پرۆسەیە دەباتەوە. چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەریخست كە تەزویر ئەنجامدرا دەبێتە ئەمری واقیع و جوینەوەی ئەو باسەش شتێكی وا لەئەنجامەكان ناگۆرێ!.
3.یەكێك لەهۆكارەكانی دابەزینی دەنگی هەمو لایەنەكان جگە لەهۆكاری تەزویر باوەڕنەبون و ساردبونەوەی هاوڵاتیانە بە هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لەرێی سندوقەكانی دەنگدانەوە، ئەگەر ئەمە حاڵی دەنگدانی پێشو بێت خەڵك چۆن جارێكی تر دوای ئەم هەمو ساختەكاریە باوەڕ بەچون بۆ دەنگدان دێنێ و كێ ئەم باوەرەی پێ ئەگۆڕێ!؟
بەدڵنیاییەوە دەنگدانی داهاتو زۆر مەترسیدار دەبێ و جگە لەخەڵكی سەر بەحیزبەكان، كەسی تر ناچێت بۆ دەنگدان ئەمەش دیسان لە قازانجی حیزبەكانی دەسەڵات دەبێت نەك لایەنەكانی تر.
4. لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە چ روداوێكی ئەرێنی لەقازانجی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات هاتۆتە كایەوە تاببێتە مایەی هەڵسانەوەو زیادبونی دەنگەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو! بەڵكو بەپێچەوانەوە كێشەی ناو خودی ئەو حیزبانە بەشێوەیەكی رێژەیی زیادیان كردوە.
ئەگەر ئەم خاڵانەی سەرەوە حاشا هەڵنەگربن ئەی دەبێت لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات چی بكەن؟
پێموایە واقیعی ئەمڕۆی كوردستان زۆر لەبارە بۆ بایكۆتكردنێكی سەرتاسەری خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات. قازانجی ئەو بایكۆتكردنە كورت دەكەمەوە لەم چەند خاڵەدا:
1. شەرعیەت نەدان بەپرۆسەی تەزویرو بەو دەسەڵاتەش كە بەهۆیەوە دروست دەبێت بەتایبەت كە رێژەی بەشداری نەكردنی خەڵك زۆر گەورە دەبێت.
2. لایەنە سیاسییەكان لەو چوار ساڵەدا دەتوانن كاروباری ناوخۆی حیزبەكانیان، رێكخستن، دارایی و راگەیاندنیان باشتر رێكبخەن و پێداچونەوە بەكاری سیاسی رابردویان بكەن و بیر لەكاری هاوبەش و پێكهێنانی هاوپەیمانێتی راستەقینەو بەرەی هاوبەش بكەنەوە، دەست كراوەتر باس لەچارەسەركردنی كێشەكانی هاوڵاتیان و هەرێم بكەنەوەو هەوڵی سازدان و ئاراستەكردنی شەقام بدەن بۆداخوازیە رەواكانیان.
3. كاتێك كە لایەنە سیاسییەكان بەشدارنابن لە دەسەڵات ئەوكات یەكێتی و پارتی ناتوانن گەندەڵی و كەموكورتیەكانی حكومڕانیان دابەشبكەن بەسەر لایەنەكانی تردا و شەریكە دز بۆخۆیان بدۆزنەوەو سەر لەخەڵك بشێوێنن و بڵێن هەمو وەك یەكین و فەرقمان نیە!
4. ئەگەر لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات هەڵوێستێكی وابنوێنن و نەچنە دەسەڵاتەوە ئەوا بەرپرسیاریەتی كێشەكۆن و تازەكانی هاوڵاتیان لەگەڵ دەسەڵات جارێكیتر دەخەنەوە ئەستۆی خودی ئەو خەڵكەی كە جیاوازی نەكرد لەنێوان باش و باشترو خراپ و خراپتر دا، باجارێك ئەم لایەنانە بەكردەوە بیسەلمێنن كە مەبەست و هەوڵیان بۆ كێكەكەی دەسەڵات نیەو خەڵكیش واز لەوە بێنێ كە هەمو لایەنەكان بەیەك چاو سەیر بكات!