خۆپیشاندانەكانی باشووری عیراق..
2018-07-24 09:48:12
■ستران عەبدوڵڵا..
خۆپیشاندانەكانی باشووری عیراق..هەڕەشەو دەرفەتەكانی لەسەر كوردستان
1
دۆخی خۆپیشاندانەكان لە باشووری عیراق تا بناگوێی بەغدا كار لەسەر رەوشی كوردستانیش دەكات. چونكە هێشتا كوردستان بەشێكە لە عیراق. واش نەبێ هەر كاریگەریی هەیە. وا خەریكە كاریگەری هەمەچەشن لەسەر دراوسێكانی عیراق جێدێڵێ، ئیتر چۆن كوردستان خۆی لەو كاریگەرییانە دەبوێرێ؟
بوونی كاریگەری، چ ئیجابی و چ سلبـی، جیاوازە لەوەی كورد بە ئیرادەوە كاردانەوە دروست بكات و هەوڵبدات دەرەنجامی ئەو خۆپیشاندانانە و دەركەوتەكانی لەسەر دۆخی سیاسیی عیراق تەوزیف بكات و بە قازانجی خۆی كەڵكیان لێوەربگرێت؟
قازانجی كورد لە چیدایەو كە دەڵێین (كورد) مەبەستمان كام كوردە؟
جاران كورد یەك ناونیشان بوو، واتا ئەزموونی حوكمڕانی كوردستان كە دەوترا بۆ ئەوەی قازانج بكات باشترە یەكێتی و پارتی هەڵوێستیان یەكبخەن تا بەهێزەوە دەسكەوت بۆ كوردستان و بۆ خۆشیان بچننەوە. كە ئۆپۆزسیۆن پەیدا بوو «گۆڕانو یەكگرتوو و كۆمەڵ»، روانین بۆ بەرژەوەندییەكان هەر ئەوە نەما كە یەكێتی و پارتی بە یەكەوە یەكی دەخەن و گوزارشتی لێ دەكەن. وای لێهات پرسەكە لە دوو لایەنەوە بوو بە سێ گۆشە، یەكێتی و پارتی دووان و ئۆپۆزسیۆنیش بووە لای سێیەم كە زۆربەی كات بە سەركردایەتیی گۆڕان بوو.
پێشتر یەكێتی و پارتی، چونكە قەدیمبوون لە ململانێ و لە یەكڕیزیدا زووتر لێك دەگەیشتن و ناونیشانی كوردیان یەك دەخست، لە سێگۆشەییدا دیسانەوە یەكێتی و پارتی زوو یەك دەبوون، بەڵام ئۆپۆزسیۆن هەموو یەكڕیزییەكی پەیوەست دەكردەوە بە دۆخی ناوخۆیی و ئاستەكانی ململانێ و رێكەوتن لەسەر پرسەكانی ناوەوە. بۆیە یان یەكێتی و پارتی دوای دانوستانێك سێیەمیان تێدەپەڕاند، یان ئەوانیش لەگەڵ پەككەوتنی گۆشەی ئۆپۆزسیۆندا پەكیان دەكەوت. بۆیە كوردستان زیاتر مژولی ململانێی ناوخۆ بوو، تا شەڕی داعش هات كە كاریگەری دەرەوەی دووپاتكردەوە.
پاش ماوەیەك لە پەككەوتن، فاكتەری درزكەوتنە نێوان یەكێتی و پارتی-یش هاتە كایەوە، بەمجۆرە نە گۆشەی ئۆپۆزسیۆن هاتە ریزو نە ریزی یەكێتی و پارتیش وەكو جاران بە یەكڕیزیی مایەوە. كەمێك گۆشەی یەكێتی لە سێیەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە گۆشەی گۆڕان نزیك بۆوە و كەمێكیش پارتی لە (سێیەم) لە گۆشەی یەكگرتوو نزیك بۆوە. بەمجۆرە لێكترازانی گۆشەكان و لایەنەكان زیاتر بوون، بێ ئەوەی لێك نزیكبۆوەكان بتوانن كەڵك بە یەكتر، یان بە پتەوكردنی نوێنەرایەتیكردنی كورد لە بەرامبەر ئەویتردا (ئەویتری عیراق و ئەودیو حەمرین)، بگەیەنن.
بەمجۆرە لەوێ رۆژێوە تا ئێستا كە بەرواری بەسەرهاتی خۆپیشاندانەكانی باشووری عیراقە، كورد بۆتە چەند كوردێك كە ئاڕاستەی لێك جیان بێ ئەوەی پەراوێزی مانۆڕی كورد زیاد ببێت.
گۆشەی ئۆپۆزسیۆن نە خێر و بێری بۆ خۆی هەبوو، نە بۆ یەكڕیزیی كورد و نوێبوونەوەو فراوانبوونی نوێنەرایەتییەكەی و ئەبدەیتكردنەكەی. جا كە كورد چەند كوردێك بوو، بێگومان قسە لەسەر قازانجی كورد و لایەنی قازانج و تەوزیفكردنی بە قازانجی یەك لە كوردەكان، یان هەموویان، هەر دیسان جیاوازەو دەگۆڕێن.
ناهەقییە و خراپە هەموو تاوانەكە بخەینە ئەستۆی گۆشەی ئۆپۆزسیۆنەكە، چونكە هیچ نەبێ دوو لەو ئۆپۆزسیۆنە كەینوبەینی دۆستایەتی لەگەڵ دوو گۆشەكەی تر هەبوو، گۆڕان لەگەڵ پارتی، دوایی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی، یەكگرتووش لەگەڵ پارتی، كۆمەڵیش ئەگەرچی جێژوانی حزبی نەبووە، بەڵام لە حكومەتی بنكەفراواندا، بەهەموو تێبینییەكانیشییەوە، تا دەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هاوبەش بوو. ئێستا زەحمەتە بڵێین سێ هێزەكە (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) گۆشەی سێیەمی دوو گۆشەكەن كە پارتی و یەكێتین، چونكە گۆڕەپانی كوردستان وەك سێ گۆشەی بەرمۆدەیە، هەر جارەی قاچی لایەنێكی تیا دەچەقێ. ریزبەستنیش لەنێوان لایەنەكاندا بێ هیچ پاساو و ئەنگێزەیەكی ئایدیۆلۆژی و فیكری، زوو زوو گۆڕانی بەسەردا دێت و ژمارەشیان زیاد و كەم دەكات، كە بەم دواییە هاوپەیمانی و نەوەی نوێ-شیان هاتۆتە سەر و حزبی تریش بۆ وەزن و قافیە دێن و دەڕۆن. ئەگەرچی گۆڕان و پارتی بە تیلەی چاو لێك دەبوورن و یادی زەمانی پێش قەومانەكەی بازگەی دێگەڵە دەكەنەوە، بەڵام مەعلومە ریزبەستنەكەی لایەنەكان بەرامبەر یەكێتی و پارتی پتەوترە، بۆیە ئاساییە لە بەرامبەریشدا یەكڕیزبەستنی پارتی و یەكێتی جێگیر ترە. لە متبوونی لایەنەكان بە دیار سندوقەكانەوە، یەكێتی و پارتی نەخشەی بەرنامەی كورد لە دانوستاندنی ئاییندە دەكێشن، مەعلومە كەس لە لایەنە عیراقییەكان كەینوبەینی دانوستاندنی حكومەتیان لەسەر دوا وێستگەی خۆپیشاندانەكان پەكنەخستووە، ئیتر بۆچی كورد پەكی بخات؟.
ئێمە دەزانین یەكڕیزیی كورد بەشێوەی پارتی و یەكێتی چییە و چۆنە، چونكە كراوە و تاقیكردنەوەمان لەبەر دەستە:
كوردستان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بێت و كورد گۆڕانكاریی دەرودراوسێ بۆ هەنگاوێكی تر لە شەترەنجی مەسەلە نەتەوەییەكە بقۆزێتەوە، مەسەلەكەی بچێتە پێشەوە بەو جۆرەی ئەدەبیاتی یەكێتی و پارتی لە پرسی نەتەوەییدا لەسەری كۆكن. ئەگەرچی ئەوەی یەكێتی و پارتیش بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام لەچاو بازنەی سێیەم زۆر باشترە. ئەمە دیارە و ناسراوە، ئەی «كورد» لە روانگەی دەرەوەی یەكێتی و پارتی كێیە و چۆن و قازانجەكەی چییە و چۆن دیاری دەكات؟
بۆ ئەمە سێ نموونەی مامەڵە دەهێنینەوە لە چەند وێستگەی كوردی تر. واتا كوردی دەرەوەی ستراتیژی چەند ساڵ پێكەوەیی پارتی و یەكێتی.
ئەم نموونەیە لە چەند وێستگە هەڵدەسەنگێنین و ئەنجامگیری ئەوە دەبینین كە ئەگەر یەكێتی و پارتی خۆیان ئەبدەیت بكەنەوە و گۆڕانكاریی ناوەكی لە خۆیاندا ئەنجام بدەن، دەبنە سەرمەشقی قۆناغێكی تریش و بگرە كوردەكانی تریش، لە دوای خۆیان، بۆ قۆناغێكی تر دەبەن.