سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

پێنج ساڵی جەنگ: زیانە گیانی و ئابوورییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

کۆی زیانە ئابوورییەکانی ئۆکرانیا (1.3 تریلیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە و بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە دوو ساڵی یەکەمدا بە ڕێژەی 21% تا 30% داڕماوە. هەروەها زیانە ڕاستەوخۆکانی ژێرخان (150 ملیار) یۆرۆی تێپەڕاندووە، کە تێیدا زیاتر لە 80%ی تواناکانی بەرهەمهێنانی ڕووناکی و کارەبا وێران ببوون.

بڵاوکراوەتەوە لە : 30 ئەیلوول 2026

پێنج ساڵی جەنگ: زیانە گیانی و ئابوورییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

راپۆرتی: درەو

🔻 دیارترین زیانە جیهانییەکان تا نیوەی دووەمی ساڵی 2026؛

🔹 ژێرخانی ئابووریی جیهانی کەوتووەتە ژێر بارگرانییەکی گەورەوە؛ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی (210 ملیار) یۆرۆ لە سەرمایە سەروەرییەکانی بانکی ناوەندیی ڕووسیایان سڕکردووە. لە بەرامبەردا، کۆی هاوکارییە دارایی و سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا سنووری (279 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە.

🔹 کۆی زیانە ئابوورییەکانی ئۆکرانیا (1.3 تریلیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە و بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە دوو ساڵی یەکەمدا بە ڕێژەی 21% تا 30% داڕماوە. هەروەها زیانە ڕاستەوخۆکانی ژێرخان (150 ملیار) یۆرۆی تێپەڕاندووە، کە تێیدا زیاتر لە 80%ی تواناکانی بەرهەمهێنانی ڕووناکی و کارەبا وێران ببوون.

🔹 جەنگەکە بووەتە هۆی وەدەرنان و ئاوارەبوونی زیاتر لە (9 ملیۆن و 600 هەزار) هاووڵاتیی ئۆکرانی؛ لەو ژمارەیەش (5 ملیۆن و 900 هەزار) کەسیان وەک پەنابەر ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.

🔹 کورتهێنانی بودجەی فیدراڵیی ڕووسیا گەیشتووەتە دەیان ملیار دۆلاری ساڵانە. هاوکات هێرشە چڕەکانی درۆن بوونەتە هۆی پەکخستنی 20% تا 40%ی تواناکانی پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیا، لەگەڵ کۆچکردنی نزیکەی (1 ملیۆن) هاووڵاتیی ڕووسی بۆ دەرەوەی وڵات.

🔹 کۆی قوربانیانی سەربازیی هەردوولا (کوژراو، بریندار، بێسەروشوێن) بەرەو (2 ملیۆن) کەس دەچێت. قوربانیانی ڕووسیا بە (1 بۆ 1.4 ملیۆن) کەس دەخەمڵێندرێت (کە 325 تا 450 هەزاریان کوژراون)، و قوربانیانی ئۆکرانیا بە (250 تا 600 هەزار) کەس مەزەندە دەکرێت (کە 100 تا 150 هەزاریان کوژراوی سەربازین).

 

دەستپێک

جەنگی بەردەوامی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیانی گیانی و ئابووریی زۆر گەورە کە کاریگەرییەکانی بۆ سەر تەواوی ئابووریی جیهان درێژبووەتەوە. لەگەڵ چوونە ناو ساڵی پێنجەمی جەنگەکە، فاکتەرە گشتییەکە دوو هێندە بووەتەوە تا وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری، قەیرانی جیهانیی وزە و خۆراک، و هەڵئاوسانی پێوانەیی بگرێتەوە.

 

 

دیارترین زیانە جیهانییەکان تا نیوەی دووەمی ساڵی 2026

1. زیانە ئابوورییە جیهانییەکان

خاوبوونەوەی گەشە و هەڵئاوسان: جەنگەکە بووە هۆی شەپۆلێکی بەربڵاوی هەڵئاوسانی جیهانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود و تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن.
قەیرانی وزە: سەپاندنی سزای بەرامبەر و لێدانی پاڵاوگەکان و تۆڕەکانی غاز بووە هۆی سەرهەڵدانی هەڵبەز و دابەزی توند لە نرخەکانی وزەی جیهانیدا؛ وڵاتانی ئەوروپاش ناچاربوون سەدان ملیار خەرج بکەن بۆ دابینکردنی بەدیل بۆ غازی ڕووسی.
ئاسایشی خۆراکی جیهانی: گەمارۆدانی بەندەرەکان و ئامانجگرتنی کۆگاکانی دانەوێڵە بووە هۆی کوتهێنانی گەورە لە دابینکردنی گەنم، گەنمەشامی و زەیتی ڕووەکی، کە ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نیشاندەرەکانی برسییەتی و نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.
سەرمایە سڕکراوەکان و بارگرانییە داراییەکان: وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی (210 ملیار) یۆرۆیان لە سەرمایە سەروەرییەکانی بانکی ناوەندیی ڕووسیا سڕکرد. لە بەرامبەردا، هاوکارییە دارایی و سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆکرانیا سنووری (279 ملیار) دۆلاری تێپەڕاند.
 

2. زیانەکانی دوو وڵاتە بەشەڕهاتووەکە (ڕووسیا و ئۆکرانیا)

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پەیمانگە نێودەوڵەتییەکانی وەک ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان و پەیمانگەی کیێڤ بۆ ئابووری:


ئۆکرانیا 

داڕمانی و دارایی: خەمڵاندنی پەیمانگە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی زیانەکانی ئابووریی ئۆکرانیا (1.3 تریلیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بە ڕێژەی 21% تا 30% لە دوو ساڵی یەکەمی جەنگدا داڕماوە.
وێرانبوونی ژێرخان و کەرتە ئابورییەکان: زیانە ڕاستەوخۆکانی ژێرخان و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون (150 ملیار) یۆرۆی تێپەڕاندووە؛ بە جۆرێک هێرشەکانی ڕووسیا زیاتر لە (80%)ی تواناکانی بەرهەمهێنانی ڕووناکییان لە ئۆکرانیا وێران کردووە و سەدان شەمەندەفەر لەکارخراون.
ئاوارەبوون: جەنگەکە بووەتە هۆی وەدەرنان و ئاوارەبوونی زیاتر لە (9 ملیۆن 600 هەزار) هاووڵاتیی ئۆکرانی، کە (5 ملیۆن و 900 هەزار)یان پەنابەرن لە دەرەوەی وڵات.


ڕووسیا 

داخورانی بودجە: مۆسکۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەدان ملیاری لە پرۆسە سەربازییەکاندا خەرج کردووە، و بودجەی فیدراڵیی ڕووسیا کورتهێنانێکی پەرەسەندوی تۆمارکردووە کە بە دەیان ملیار دۆلاری ساڵانە مەزەندە دەکرێت بەهۆی زیابوونی خەرجییە جەنگییەکان لە بەرامبەر دابەزینی داهاتەکانی نەوت و غاز.
قەیرانی سووتەمەنی: هێرشە چڕەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بووەتە هۆی پەکخستنی لە (20% تا 40%)ی تواناکانی پاڵاوتنی نەوتی ڕووسی، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانێکی گەورەی سووتەمەنی لە ناوخۆی ڕووسیادا کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان دانیشتووانی وڵاتەکە دروستکردووە.
گۆشەگیری و کۆچکردن: ئابووریی ڕووسیا بەدەست خاوبوونەوەیەکی لەڕادەبەدر و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود بۆ ئاستی پێوانەیی دەناڵێنێت، جگە لە جێهێشتنی وڵات لەلایەن نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتیی ڕووسییەوە بە هۆکاری ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە.
 

3. زیانە گیانییەکانی جەنگ 

زیانە گیانییەکانی ئەم جەنگە بە ئازارترین گەورەترین زیانە مرۆییەکان ئەژمار دەکرێت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بە جۆرێک:

قوربانیانی سەربازی: سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی قوربانیانی هەردوولا (لە نێوان کوژراو، بریندار و بێسەروشوێن) لەگەڵ چوونە ناو ساڵی پێنجەمی جەنگەکەدا نزیک دەبێتەوە لە (2 ملیۆن) کەس.
لایەنی ڕووسی: قوربانیانی هێزەکانی ڕووسیا لە نێوان (1 بۆ 1.4 ملیۆن) کەس دەخەمڵێندرێت کە لە نێوانیاندا (325 هەزار تا 450 هەزار) کوژراو هەیە.
لایەنی ئۆکرانی: زیانەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بە (250 هەزار تا 600 هەزار) کەس مەزەندە دەکرێت، لە نێوانیاندا (100 هەزار تا 150 هەزار) کوژراوی سەربازی هەیە.
قوربانیانی مەدەنی: ڕاپۆرتە بەڵگەدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەسی مەدەنی دەکەن لە ناو ئۆکرانیا و ناوچە سنوورییەکانی ڕووسیا، لەگەڵ تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی بۆ قوربانیان ساڵانە بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.
 

سەرچاوەکان

-       بندر الدوشي والوكالات، الحرب الروسية الأوكرانية.. 4 سنوات من القتال ونحو مليوني ضحية من الجانبين، (العربیة)، 28  يناير 2026؛

https://shorturl.at/7i1Vo

-       محمد سالم، لذكرى الرابعة للحرب| كم بلغت خسائر الاقتصاد الأوكراني جراء الحرب؟ (CNBC)، 20 فبراير 2026؛

https://shorturl.at/iWTbf

-       هاني منال ، الحرب الروسية على أوكرانيا و أثرها على الاقتصاد العالمي :الواقع و الدروس المستفادة، مجلة معهد العلوم الإقتصادية، 2022-12-31؛

https://asjp.cerist.dz/en/article/209561

-       (الجزیرة)، بعد 4 سنوات.. فاتورة حرب أوكرانيا تثقل كاهل القارة العجوز، 24/2/2026

https://shorturl.at/CEHGu

-       (الجزیرة)، اقتصاد أوكرانيا يخسر 1.3 تريليون دولار بفعل الحرب، 28/11/2025؛

https://shorturl.at/2yKjT

-       (الجزیرة)، اقتصاد الحرب.. نمو في روسيا وأوكرانيا لكنه لا يفيد المواطن، 17/8/2026؛

https://shorturl.at/5oS6f

-       (الجزیرة)، تقرير أمريكي: مليونان بين قتيل وجريح بصفوف قوات روسيا وأوكرانيا، 2/7/2026؛

https://tinyurl.com/2xzdbx92

-       (UATV Arabic)، خسائر روسيا في اوكرانيا تعادل 1% من السكان الذكور قبل الحرب  The Economist، 8 December 2025؛

https://tinyurl.com/zuh6v94m

-       قناة الحدث Al Hadath، 2  مليون قتيل وجريح ومفقود في حرب أوكرانيا.. كلفة بشرية هائلة دفعتها موسكو وكييف في صراع بلا نهاية حتمية، 3 July 2026؛

https://tinyurl.com/5xt5d7hh

-       worldometer، الناتج المحلي الإجمالي حسب الدولة، المصدر: IMF, World Economic Outlook (April 2026).  نوع البيانات: توقعات لعام 2026 بالقيم الاسمية؛

https://tinyurl.com/2uyuv9t6

-       Adam Yousef, OPINION - On the costs of economic attrition: A look at the Russia-Ukraine War, 15 August 2026;

https://tinyurl.com/mwj5ru5k

-       Seth G. Jones and Riley McCabe, Russian Blood and Treasure: The Ballooning Costs of Putin’s War, (CSIS), July 1, 2026;

https://tinyurl.com/ynjbdzkk

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 13 خولەک

ئاوات شێخ جەناب دەستیلەكاركێشایەوە

null
پێش 2 کاتژمێر

لەودیو تاوان و گەندەڵی: ڕووبەڕووبوونەوەی حوکمڕانیی تاوانکاری

null
پێش 17 کاتژمێر

لە "پرۆسەی ئازادی"یەوە بۆ "ڕۆژی سەروەری"