Draw Media

خؤپيشاندان له شيعيستان

خؤپيشاندان له شيعيستان

2018-07-22 07:50:32


■سەلام عەبدولڵا..

ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە رووی مەزهەبییەوە بە زۆرینە شیعەن كە لە سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری سەدام و باڵادەستی مەزهەبی سوننەدا لەرووی مەزهەبییەوە سەركوت دەكران و مۆڵەت نەدەدران كە بە كامی دڵی خۆیان سنگكوتان و رەوزەخوانی و زنجیر و قەمەبازی ئەنجام بدەن، هەربۆیە بە رووخانی رژێم و هاتنە سەر دەسەڵاتی حزبە شیعەكان لە بەغدا ئەو مۆڵەتەیان بۆ رەخسا كە ئەو مەراسیمانە بە ئارەزووی خۆیان پەیڕەو بكەن تا بتوانن ئازاری جەستەی خۆیان بدەن بەوەش تۆڵەی ئەو چەند ساڵی قەدەغەكردنە بكەنەوە، بەڵام داوای ئەو خەڵكە دوای پازدە ساڵ هەر مۆڵەتی لەخۆدان نەبوو، تەنانەت مووچە و ئاو و كارەباش نەبوو كە حكوومەتی ئەمڕۆی عێراق دەیەوێت داخوازییەكانی خەڵك بخاتە ئەو چوارچێوەیەوە، چونكە رژێمی دیكتاتۆری پێشوو هەموو ئەو داخوازییانەی بۆ دەستەبەر دەكردن و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكەكە داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەكرد كە بتوانن لە سێبەریدا بە ئازادی و سەربەستی بژین و داوای فرە حزبی و سیستەمی پەرلەمانی و نەهێشتنی دیكتاتۆرییان دەكرد.
پاش پازدە ساڵ دانیشتوانی شیعیستان لەو راستییە گەیشتن كە ئەم رژێمە ئەگەرچی شیعەش تێیدا خاوەن زۆرینەی دەسەڵاتە -گەر نەڵێین هەمووی- ئەوا هیچ لە داوا دیموكراتییەكانی جێبەجێ نەكرد و سەرەڕای ئەوەش باری گوزەرانی خەڵكی لە هەموو روویەكەوە بەرەو خراپتر دەبرد، تا كار گەیشتە ئەوەی بژێوی ژیان بەرەو داتەپین بچێت، هاوكات ئاو و كارەباش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو كزی دەچوو، ئەمە لەكاتێكدا كەرۆژانە لە شارێكی وەكوو بەسرەوە (3) میلیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكرا، بەڵام كەس نەیدەزانی داهاتی دەچێتە گیرفانی كێوە، كە لەراستیدا دەچووە خەزێنەی حزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو ناوچەیە كە بە ناوی مەزهەبەوە خۆیان نمایش دەكرد، هەربۆیەش روویەكی خۆپیشاندەران لە بارەگای ئەو حزبانە بوو جگە لە حكوومەت.

ئێستا داواكاری خۆپیشاندەران تەنها بژێو و ئاو و كارەبا نییە بەڵكوو گۆڕینی جۆری حوكمڕانییە چونكە دروشمەكان ئێستا بە ئاشكرا و بوێرانە داوای ئەوە دەكەن.

فەرموو دروشمێك دەڵێت:

»ما نرید حاكم ملتحی، نرید حاكم یستحی«

بە واتایەكی دی خەڵكی عێراق خەباتی بۆ رژێمێكی مەزهەبی نەكردووە بەڵكوو بۆ عێراقێكی دیموكراتی و مەدەنی، هەربۆیەش رژێمی عێراقی وا بەتوندی هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەكات، چونكە ئێستا لە مەغزای خۆپیشاندانەكان دەگات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand