Draw Media

موعارەزەی وەعزیی

موعارەزەی وەعزیی

2018-07-21 19:32:53


■ پەیكار عوسمان ..

گەورەترین کێشەی ئۆپۆزسیۆنی ئێمە، ئەوەیە کە پێیوایە خەباتی شەقام کاری خەڵکە!
هەر ئەوەی لە تەلەفزیۆنەوە خەڵك پەمپبدە، ئیتر تۆ ئەوەی لەسەرتە کردوتەو واجبی موعارەزەییت بەجێهێناوەو باقی ئیشەکە ئەبێ خەڵك تەواویکات.

ئەمەش ڕێك یەعنی هیچ نەکردن، یەعنی ئێمە هێشتا موعارەزەی کرداریمان نیە، بەڵکو تەنیا موعارەزەی وەعزیمان هەیە، موعارەزەی فیعلی و موعارەزەی وەعزییش ئەزانی چەنێکیان فەرقەکە؟ هەر بەقەت وجودو غیابی موعارەزە، هەر بەقەت بوون و نەبوونی ئوپۆزسیۆن.

ئەم خەلەلەیە وایکردوە کە لەسەر جادە، ڕێژوان شەهیدببێ لەبری هەڵسوڕاوێکی موعارەزە. 
ئەمەیە وایکردوە کۆمەڵێك ئەگیرێن و کابرای موعارەزە لە تەلەفزیۆنەوە داوای ئازادییان بۆ ئەکات، لەکاتێکا ئەبوو ئەو خۆی گیراوەکەبێت. 
ئەمەیە وایکردوە شەقەکان و دارەکان خەڵکێکی تر ئەیخۆن لەبری سەرکردەو چالاکانی موعارەزە.
ئەمەشە وایکردوە موعارەزە لەبری ئەوەی پێشڕەوبێت، هەلپەرستبێ و سوار شەپۆلبێ و مساوەمەو مفاوەزات بە قوربانیەکانەوە بکات، نەك ئەوەی خۆی قوربانیدەرەکەی شەقام بێت.

بۆچی موعازەرەی ئێمە لەباشترین حاڵدا پەرلەمانییەو ناتوانێ شەقامیی بێت؟ بۆچی ناتوانێ هەدەپەیی بێت؟ بۆچی خەباتی شەقام بە کاری خەڵك ئەزانێ و بە ئەركی خۆی نازانێ؟ بۆچی قسەکەرو نەسیحەتکەرە، کارکەرو قوربانیدەر نیە؟
وەڵامەکەی زۆر کورت و ئاسانە، چونکە موعارەزەکەمان پەروەردەی سیاسیی نیە.

سەیرکە تۆ کە هەڵسوڕاوی گۆڕانیت، هیچ فەرقت نیە لەگەڵ هاوڕێکەت کە هەڵسوڕاوی گۆڕان نیە، بەڵام ئەگەر کادری پەکەکەبیت جیاوازیت زۆرە لەگەڵ ئەویتر کە کادری پەکەکە نیە، چونکە لە دووەمیانا پەروەردەیەك لەئارادایە.

هەموو تەڤگەری هەولێر ناگەنە هەزار کەس، بەڵام ئەتوانن چەن سەد کەسێك بهێننە سەر جادەو خۆپیشاندان بکەن، گۆڕان سەد هەزار دەنگی هەیە لەوێ، بەڵام ناتوانێ کادری مەکۆو بازنەکانی خۆشی بهێنێتە سەر جادە، لەبەر ئەوەی کادرەکەی تەڤگەر پەروەردەیەکی هەیە، ئیرادەو ئیلهامی تەحەدیی لێوەرئەگرێ، بەڵام کادرەکەی گۆڕان پەروەردەیەکی سیاسیی تایبەتی نیە، بەڵکو هەر وەکو دەنگدەرەو خەڵکە عامەکە شیعارات و قسەی گشتی هەیە، بۆیە ئیرادەکەشی بەشی ئەوە ناکات کە تەحەدیی گەورەی پێبکات.

هەڵبەتە من لەگەڵ حیزبی ئایدیۆلۆژی و تەڵقینی ئایدیۆلۆژیی نیم، بەڵام لەگەڵ هیچیش نیم، (سفر پەروەردە) کارەساتە، کادر نابێ بۆش بێت، ئەبێ لەنێوان تەڵقین و سفر، پەروەردەیەکی مامناوەند هەبێ کە کادر لە خەڵکی تر جیابکاتەوە، بایی ئەونەش ئیرادەی بداتێ کە بتوانێ تەحەدی و پێشڕەوی بکاو قوربانی بدا.

دۆخی ئێستا چەن خراپە، دوو ئەونەی تریش خراپ بێت، هێشتا خەباتی شەقام کاری خەڵك نیە، چونکە کارەکە ئەبێ ڕێکخراوبێ!!
کاری ڕێکخراویش کاری حیزبە نەك کاری شەعب، شەعب هەر ئەوەی لەسەرە دوای هەبوونی خۆپیشاندانەکە قەرەباڵغی بکات، نەك ئەوەی خۆی دروستی بکات.

ئەمەوێ بڵێم، گەمژەییە هێزی موعارەزە، خەباتی شەقام بە کاری خەڵك بزانێ و خۆی نەیەتە مەیدان. بەڵام گەمژەییشە پەروەردەت نەبێ و بەتامابیت بتوانی ئەمە بکەیت!

بۆ ئەوەی موعارەزەی ئێمە لە پەرلەمانییەوە بپەڕێتەوە بۆ شەقامیی، ئەبێ جۆرێك لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کادر دەستپێبکەن، لەبەر ئەوەشی ئەمە کارێکی هێواشەو کاتی ئەوێ، کەواتە ئومێد هەڵچنین لەسەر خەباتی شەقام جارێ کاتی نەهاتووە.

ئەبێ کادری خاوەن ئیرادە بخەیتە سەر شەقام بۆ ئەوەی خەڵك لەدەوریان کۆببێتەوە، نەك ئەوەی لە ئیعلامەوە قسەی زل هەڵدەیتە سەرجادەو بەتامابیت خەڵك لەدەوری قسە کۆببنەوە!
داینەمۆی شەقام ئەبێ خۆت بیت، نەك قسەکانت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand