تورکیا لە هەرێمدا: پرۆژەیەکی کۆلۆنیالی ترسناک

Draw Media

2024-07-14 19:51:19



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێم و دەستگرتنی بەسەر چەندان ناوچەی جیاوازیدا، بەو ژمارە زۆرەوە لە سەرباز و بەو هەموو چەک و تفاقە جەنگییەوە، مەبەست لێی رێکخستنی سەیرانێکی کاتیی بۆ سەربازەکان و پەرەدان بە پەیوەندیی گەشتیاریی لەگەڵ هەرێمەکەدا، نییە. مەبەستیش لێی هاریکاریکردنی کوردانی عێراق نییە بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە بەرامبەر بەغداد، یان لە بەرامبەر هەر هێزیکی دیکەدا. هاتنی ئەم سوپایە تەنها پلانێکی سەربازیی سادەو مەبەستێکی کاتیش، ئاراستەی ناکات. ئەم هاتنە هاتنێکی کۆلۆنیاڵیانەیە، داگیرکردنی چەندان ناوچەیە کە تورکیا بە موڵکی مێژوویی خۆی دەزانێت و دان بە خاوەندارێتی دانیشتوانە ڕەسەنەکەیدا، نانێت. لە چەند ساڵی رابردوودا تورکیا خاوەندارێتی خۆی بۆ ئەم شوێنانە نەشاردۆتەوە و بە بەردەوامی بەشێکبووە لەو تەماحە سیاسیە تازەیەی لەو وڵاتەدا دروستبووە. خودی ئەردۆگان خۆیشی وەک سەرۆک کۆماری وڵاتەکە،  ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی ئەم گوتار کۆلۆنیالیەدا بینیوە.   

وەک هەر کردەیەکی کۆلۆنیالیی، ئەم داگیرکردنە تازانەی تورکیا بۆ ئەو ناوچانە، هەڵگری سەرجەمی ئەو مەترسییانەیە کە کۆلۆنیالیزم لە مێژووی خۆیدا، دروستیکردون. کۆلۆنیالیزم لە سادەترین پێناسەیدا کردەیەکی توندتیژیی هەمەلایانە و بەرفراوانە، تا ئاستی دروستکردنی هەلومەرجیکی تایبەت، لە رێگای ئەو توندوتیژییەوە. وەک فرانز فانۆن دەڵێت کۆلۆنیالیزم پرۆژەیەکی کامڵ و کۆگیرە، دروستکردنی نەزمێکە بە مەبەستی مانەوە. تەنها پەلاماردانێکی سەربازیی و هێرشێکی کورتخایەن نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی کامڵ و هەمەلایەنە، دەست بۆ ورد و درشتی ژیانی ئەو میلەت و دانیشتوانە دەبات کە داگیریان دەکات. کۆلۆنیالیزم واقیعێکی تازە دروستدەکات گونجاو لەگەڵ کردەی داگیرکاریەکەدا، ئەم واقیعەیش تەنها لە سنووری دروستکردنی ئەم یان ئەو سەربازگە و ئەم یان ئەو خاڵی پشکنیندا کورتنابێتەوە، بەوە وازناهێنێت ئەم یان ئەو قوتەوئەم یان ئەو شاخ، داگیربکات. دروستکردنی واقیعێکی کۆلۆنیاڵی بونیادانی ژینگەیەکی تەواو تازەیە کە تیایدا، لە سەرێکەوە، هێزە کۆلۆنیاڵیەکە هەیمەنەی تەواوی خۆی دەسەپێنێت و وەک سەروەر و وئاغایەکی سیاسیی ڕەها ئامادەدەبێت، لەسەرێکی دیکەوە دانیشتوانی ئەو شوێنەی داگیریدەکات دەگۆڕێت بۆ بوونەوەری بێماف لە فۆرمی کۆیلە، یان نزیک لە کۆیلەدا. دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە، یان سەروەر و رەعیەت دەبێت بە لۆژیکی کارکردنی ئەو واقیعە کۆلۆنیالییەی دروستدەکرێت.

کۆلۆنیالیزم هەمیشە هەڵگری پرۆژەی هەیمەنەکردنێکی هەمەلایەنەیە  بەسەر ئەو شوێن و خەڵکەدا کە داگیریاندەکات. ئەمەش وادەکات کۆلۆنیالیزم، بە پلەی یەکەم، پرۆژەی لە ئیرادەخستن و سڕینەوەی خواستە هەرە سەرەتاییەکانی ئەو ژینگەیە بێت کە داگیریدەکات. ئەمە وادەکات کۆلۆنیالیزم تەنها داگیرکردنی خاک و ژینگەیەکی تایبەت نەبێت، بەڵکو بە هەمان ئەندازە داگیرکردنی شوناس و کولتور و زمان و ئەو سیستمە رەمزییانەش بێت، کە میلەتێک دەکات بە میلەت. کۆلۆنیالیزم داگیرکردنی دونیای دەرەکیی و ناوەکیی مرۆڤە داگیرکراوەکانە، بە داگیرکردنی هۆشیاریی و بیرکردنەوە و خولیاکانیشیانەوە، هاوکات پرۆژەی بڵاوکردنەوەی چەندەها نەخۆشیی کولتوریی و سایکۆلۆژیی و شارستانیی و رەمزیشە، ڕەشەبایەکی بۆگەنە کە هەڵیکرد لەشکرێک ڤایرۆسی ترسناک لەگەڵخۆیدا دەهێنێت، کە میلەتبوونی میلەتێک و خەونە هەرە سادەکانی بیماردەخات. کۆلۆنیالیزم هەروەها سیستمی شکاندنی بەردەوامی کەرامەتی مرۆڤ و مامەڵکردنیەتی وەک بوونەوەرێکی کەم و گەمژە، بێماف و بێنرخ. لەم ئاستەدا کۆلۆنیالیزم هەڵگری پرۆژەی دروستکردنی خودێکی کۆلۆنیالکراوە، هەم خودێکی تاکەکەسیی و هەم خودێکی دەستەجەمعیی داگیرکراو. ئەمەش چەند هێما بۆ هەیمەنەکردنێکی هەمەلایەن دەکات، هاوکات ستراتیژیەتێکی رۆژانەی وێرانکاریشە، کە توندوتیژیی ئاکارە هەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکەیەتی. هیچ داگیرکارییەک بەبێ توندوتیژیی، هەموو فۆرمەکانی توندوتیژیی، بەڕێوەناچێت.
 
دواهەمین خاڵێک بکرێت لێرەدا هێمایەکی خێرای بۆ بکەم، ئەو راستییەیە کە کۆلۆنیالیزم تەنها ئەو هێزە دەرەکییە داگیرکەرە نییە کە سەرزەمینێکی تر داگیردەکات، بەڵکو کۆی ئەو هێز و لایانە ناوەکیانەشە کە وەک داردەست و بەشێک لە ماشێنە کۆلۆنیالییە داگیرکەرەکە کاردەکات و دەخرێتەگەڕ. یەکێک لە رەگەزە بەردەوامەکانی ناو مێژووی کۆلۆنیالیزم بوون و دروستکردنی ئەو هێزە ناوەکییانەیە، کە دژ بە میلەتەکانی خۆیان، هاریکاریی هێزە کۆلۆنیالە داگیرکەرەکە دەکەن.

ئەوەی تورکیا لە هەرێمدا سەرقاڵی جێبەجێکردنیەتی سەرەتاکانی ئەم پرۆژە کۆلۆنیالیەیە. تورکیا لە هەرێمدا هەم هێزێکی کۆلۆنیالی و هەم هەڵگری پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیانەیە. لە ئایندەییەکی نزیکدا خەڵکی کوردستان ڕوویان بە ڕوی ئەم پرۆژە کۆلۆنیالیەدا ئەتەقێتەوە و سەرجەمی ئەو دۆخە نائینسانییانە ئەزموون دەکەن کە کۆلۆنیالیزم دروستکەرو داهێنەریانە،  ئەم پرۆژە کۆلۆنیایەش لە هێڵە بەرچاو و سەرەکییەکانیدا بریتییە لەم خاڵانە:

یەکەم، دۆخی کوشتن و وێرانکاریی و ڕاگواستن.
هەموو کردەیەکی داگیرکاریی هەڵگری سیاسەتێکی تایبەتی کوشتنە، سەرکەوتنی ئەم پرۆژە تازیەی تورکیا مانای کوشتنی ژمارەیەکی گەورە لە خەڵک.  مانای وێرانکردنی سەرجەمی ئەو ناوچانەی داگیردەکرێن و لۆژیکی کارکردنی کۆلۆنیالیزم لەناویاندا کاردەکات. ئەمە جگە لە ڕاگوساتنی دانیشتوان و چڵکردنی جەندەها شوێن کە هێزە کۆلۆنیالیەکە وەک زۆنێکی سەربازیی دروستیدەکات. تورکیا پێشتر  سەرجەمی ئەم تاوانانەی لە عەفریندا بەشێوەیەکی بەرفراوان پیادەکردوە. بێگومان بە هاریکاریی هێزە ناوەکییەکانی ئەو ناوچەیە کە وەک چاوساغی سوپای تورکیا کاریانکردوە. ئەم پرۆژە کۆلۆنیالیە لە عەفریندا بە سەدەها کوردی کوشتوە، سەدەهایان گرتوەو دەیەهاشیان لە زینداندا  لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتوە، لەمەشدا جیاوازیان لە نێوان ژنان و پیاواندا نەکردوە. لە هەرێمی کوردستانیشدا تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا سەدەها گوندیان ڕاگواستەوەو سەدەهای تریش بەڕێوەن بۆ ڕاگواستن.
لە عەفریندا چەندەها مەزارو شوێنی ئاینیی ئێزیدی و عەلەوی و گۆڕستانیان، وێرانكردووە.


دووهەم، گۆڕینی دیمۆگرافی شوێنەکان.
دەسکاریکردنی دیمۆگرافیای شوێنەکان بەشێکە لەم پڕۆژە تازەیەی سیاسەتی کۆلۆنیالانەی تورکیا. لە سنووری عەفریندا بە نموونە، داگیركاری توركیا وایکردوە زیاتر لە ٣٠ گوند و كەمپ دروستبکات و هەزاران كەسی عەرەب و توركمانیان تێدا نیشتەجێبکات.   ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و لەنابردن و سڕینەوەی ناسنامەی كورد لەناویاندا.


سێهەم، تێکدانێکی ترسناکی ژینگە.
سوپای تورکیا هەم لەناوچەی بادینان لە هەرێم و هەم لە ناوچەی عەفیرندا  هەزارەها درەختی سوتاندوە، چەندان دارستانی بڕیوەتەوە، ژمارەیەک گوند و رێگایان تێکداوە.  هاوکات وێرانکردنی جەندەها گرد و تەپۆڵکەی هەمەجۆر.

چوارهەم، دەستدرێژیكردنی سێکسی.
پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیزم و سێکس پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پر مانای رەمزییە. دەستدرێژی سێکسی بەشێکە لە پەیداکردنی هەیمەنەیەکی کۆلۆنیالیانەی هەمەلایەن کە بەناو بێنرخکردن و سوکایەتیکردنێکی گەورە بە خەڵکە داگیرکراوەکەدا، تێدەپەڕێت. سەربازەکانی تورکیا و چەکدارە هاوکارەکانیان لە عەفریندا دەیەها حاڵەتی دەستدرێژیكردنی سێکسیان کردۆتە سەر ژنان و کیژانی ئەو ناوچەیە.

بە کورتییەکەی ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمدا ڕووئەدات دروستبوونی دۆخێکی کۆلۆنیالیانەی ترسناکە، کە سەرێکی دەوڵەت و سوپای تورکیایە و سەرەکەی تریشی ئەو هێزە کوردییە ناوەکییانەن کە هاریکار و  هاوڕێگای ئەم پرۆژە کۆلۆنیالەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand