گۆڕان لەدەستی تاقمە تێکدەرەکەی دەربهێنن
2018-07-18 10:29:09
■ د. محەمەد كیانی ...
ئەوەندەی ئاگادارم کوڕەکانی کاك نەوشیروان خۆیان بێبەری کردوە لەو کوتلە وکوتلەکارییەی هەندێ هەڵپەرست بەناوی ئەوان وبەناوی بە بنەماڵەکردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان داوەتێ لەناو بزووتنەوەکە بۆ دەست بەسەرداگرتنی گۆڕان بە بەرژەوەندی خۆیان دوورخستنەوەی لە بەرژەوەندی گشتی. خەڵك دەبێ ئاگری بن کا بترسێ!!! کوڕەکانی کاك نەوشیروان بەم هەڵوێستەیان کارێکی چاکیان کردووە، وە وەك میراتگرێکی شەرعی مڵك و ماڵی کاك نەوشیروانیش شتێکی باشتر دەکەن ئەگەر بێت و خەرجی کارەکانی ئەو تاقمە تێکدەرەی گۆڕان رابگرن و یارمەتیان ڵی چك بکەن لە ماڵی تایبەتی خۆیان کە بەمیرات بۆیان ماوەتەوە. ئەگەر ئەمەکێك بۆ گۆڕان وەفایەك بۆ کاك نەوشیروان ومیراتە سیاسیەکەی نیشاندەدەن دەبێ دۆخی ناوخۆی گۆڕان یەکلا بکرێتەوە ئینجا ئەوان ئەگەر بیانەوێ یارمەتی ماڵی شەرعیەت بدەن و هەروها دەتوانن چالاکوانی ئەکتیڤیش بن. هیوادارم لەئاستی پێویست بن بەرامبەر میراتی سیاسی کاك نەوشیروان.
گۆڕان لەژێر هەڕەشەی مان و نەمان دایە بەدەست گەندەڵ و ناکارمە و هەڵپەرستەکانی چەند ساڵە لە قەڵمڕەوی گۆڕان بوونە. ئەم کەسانەی کە گۆڕانیان خستوەتە دۆخی نالەباری ئێستای. ئێستاش ئەوانە نە خاوەنی روئیای سیاسین و نە کارەکتەری چاک و چاڵاکی کۆڕان بوونە. بەڵکو بەملکەچی و ماستاوچیەتی و کوتلەبازی جێگەی خۆیان لەناو گۆڕان کردبۆوە، وە وەڕەنگە هەندێکیان دەستی حیزبەکانی دەسەڵات و دەرەکیشیان لەگەڵدا بێت بۆ دەستەمۆ و بێکاریگەرکردن و تێکدانی گۆڕان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دوورخستنەوەی لە بەرژەوەندی گشتی. ئەمانە پێکهاتوون لەوانەی سەر بەژووری حوکمەت و پەڕلەمانن. چەندین کاربەدەستەکانی لەناو حوکمەت بوون و هەندێك ئەندام پەڕلەمانی هەولێر و بەغدا چەندین بەرپرسانی ژوورەکە لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە دەیانەوێ گۆڕان بەو ئاقارەدا ببەن کە خزمەتی بەرژەوەندیەکانیان دەکات و ئەو گەندەڵیانەی لەناو حوکمەتی هەرێم و بەغدا کردوویانە بیانشارنەوە.
ئەو دەستەیەی داندراوە بۆ هەڵبژاردنەکان دەبنە هۆی شکستی گۆڕان، خەڵکی هەولێردەنگ بە گۆڕان نادەن ئەگەر بێتو بەم شێوەیەی ئەوانە هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن کاندیدەکان دەستنیشان دەکەن. لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بەغدا وتمان کاندیدەکان لاوازن کەس گوێی نەگرت، ئەم جارە دەستەی باڵای بەڕێوەبەری هەڵبژاردنیش لاواز و گەندەڵ و کوتلەچییە.
دەبێ ئەوانەی تێکدەری گۆڕانن ناویان بهێندرێ، ئەو تێدەریەی ئەوانە دەیکەن لەملی کوڕانی کاك نەوشیروانی نەئاڵێندرێ، ئەوان ئەگەر بەکارهێندرابن تا ئێرە، لە ئێستادا ئەوان بەشێك نین لەو ململانێیەی ئەم هەڵپەرستانە لەگەڵ رێڕەوە گشتی و راستەکەی ناو گۆڕان کە بزووتنەوەکە لە پێناویدا دورست بووە. دەستەیەکی گەندەڵی ناکارامە لە کاتی دەستبەکاربوونیان لە حوکمەت و پەڕلەمان ئەم بزووتنەوەیان کردوەتە بارمتە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەبەن. هەندێکیان دیارن و کەس لاری لێیان نییە، هەندەکەی تر رەنگە بە کاکڵەی گۆڕان دابندرێن بەڵام ئەوانە خەتەرترین دەستەن کە گۆڕانیان بەتاڵ کردوەتەوە لە جەوهەرەکەی و لە جەماوەریان دوورخستوەتەوە کەچی خەڵك شێرەبەفرینەیان لێ دورست دەکەن. ئەوانەش هەر بێجامە لەبەرە هەڵپەرستەکانی حیزبەکانی تری پێشانیانن بە هۆی ململانێی گەندەڵ و بێ ئیمکانیەتەکانی گۆڕانیان تێکداوە هاتوونەتە پێش.
لە ئێستادا هەر ئەوەندە دەڵێم، گۆڕانخوازان ئەگەر خەمی گۆڕانیان لەبەرە و لە خەمی ئەوەدان گۆڕان بگەڕێتەوە سەر خولیای خەونەکانی دوروستبوونی دەبێ هەر ئەمڕۆ داوای هەڵۆەشاندنەوەی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەڕلمانی کوردستان بکەن و لێژنەیەکی تری پاك و کاریگەر دابنێن، سەری مارە تێکدەرەکەی گۆڕان، مستەفا سەید قادری، لێ دوور بخەنەوە. بەم زووانە هەڵوێستەی ترمان لەسەر ئەم بابەتە دەبێت و ناوەکان ئاشکرا دەکەین وەك وەفایەك بۆ کاك نەوشیروان و گۆڕان. ئەگەر بکرێت پەیوەندی بە کاك نما و کاك چیاوە دەکەم بۆ زۆرتر رونکردنەوەی ئەو کارانەی بەناوی ئەوانەوە دەکرێت و هەوڵی ئەوانەی دەیانەوێ بەناوی بە بنەماڵەکردنی گۆڕآن بەرژەوەندیەکانیان بەرەوپێش ببەن یان بهێننەدی و روونترکردارەکانیان ئاشکرا بکردرێن. من هیچ بەرژەوەندیەکم لە ململانێەدا نییە، تەنها بەرژەوەندی گشتی و بزووتنەوەی گۆڕانن ئەگەر بکرێت لە خەتەری لەباربردن رزگار بکرێن و لەو بارە نالەبارە دەربهێندرێت.