Draw Media

دكتۆر یوسفی بیرەكە ئاخر بۆ ؟

دكتۆر یوسفی بیرەكە ئاخر بۆ ؟

2018-07-17 11:57:21


■ لەتیف فاتیح..

هیچ بزوتنەوەیەكی سیاسی لە دنیادا ئەندامەكانی خۆی لێزیاد نیە ، كەسیش بە زیاد نازانێ‌ چجای ئەو ئەندامانە ئەندامی كاراو كارەكتەری ناسراو بن ، هیچ بزوتنەوەیەك بە ئەندامەكانی ناڵێ‌ " بڕۆن جەهەنەم " هەمان واژەی " رۆی جەهەنەم " م لەو رۆژانەدا بە كار هێنابوو.

 

 بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دكتۆر یوسف محەمەد سادق ،وەك حەزرەتی یوسف سەیردەكرا ، یان هەموومان دەمانوویست وا وێنای بكەین ، كاتێك رێگریشی لێكرا بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە پارلەمان وەك یوسفی ناوبیرەكە سەیركرا ، بەڵام لەمەدا هەموو هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان بەوانەشەوە كە ئێستادكتۆ ر یوسف بە زیادەیان دەزانێ‌ لە سەر ئەو هاتنە دەنگ ،پیچەوانەی براكانی حەزرەتی یوسف ، لە كاتێكا من بۆخۆم بڕوام وابوو ئەو وەك سەرۆكی پارلەمان دەبوو نەگەڕایەتەوەو هەر بچوایەتە هەولێرەوە ، وەك چۆن لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بە قسەی كەسی نەكردو ئاكامەكە ئاوا كەوتەوە ، كەكەوتەوە ، دەبوو بۆ گەڕانەوەش بۆ سلێمانی بە قسەی كەسی نەكردبا چی دەبوو باببوایە .

دكتۆر یوسف و زۆر گەنجی تر ئەوانە بوون كە ئاماژەیان بۆ دەكراو دەیانووت بزوتنەوەی گۆڕان ئەم نەوەیە دێنێتە پێشەوە ، ئەمە وەك شانازیەك ئاماژەنما دەكرا ، ئەو شەوەی  دكتۆر یوسف رێگری لێكرا ، یەكێك لەوانەی ئێستا ئەو بە زیادی دەزانێ‌ زۆر توڕەو دڕدۆنگ بوو ، بە زۆر دایانساكان لەوەی كاردانەوەیەكی هەبێت .

لەو گرفتانەی ئەمڕۆ لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە دەبوو دكتۆر یوسف و گەنجەكان رۆڵێكی گەورەی چارەسەریان گێڕاباو دەستەودامانی بیرو ڕاجیاكان بان نەگاتە مریشكە ڕەشە نەك خۆیان  بەشێك بن لە گەیاندنەكە ، من هەر ئەوەم لە خوێنەوارەكان چاوەڕێ‌ دەكرد ، بەڵام نا !!.

بۆ دكتۆر یوسف ، كوڕێكی ئارام و لە سەر خۆ ، كەسێك كە كاك نەوشیروان لە پێناویدا قوربانی دەدا ، زۆر ناجۆرە بە كەسانی وەك عوسمانی حاجی مەحمود ، قادری حاجی عەلی بڵێت "جا بڕۆن باشترە ئەوان چیان بۆ گۆڕان كردووە "، بۆ ئەمە شاهیدم هەیەو مایەی نكوڵی كردن نیە ، ئێ‌ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود سەرەڕای ئەوەی دوو كۆڵەكەی گرنگی ئەو بزوتنەوەیە بوونە ، زۆر سەنگینیش بوونە ، بە ڕادەیەك تا ئێستا یەكێتیش لە خۆی ڕانەدیوە بڵێ‌ عوسمان یان عومەری سەید عەلی زیادەن و دەڕۆن ناڕۆن كەیفی خۆیانە ، تەنانەت كە جەوهەر نامیق لە بەرزترین پۆستا پارتی بە جێهێشت و دانیشت میدیاو ئەدەبیات و كارەكتەرە سیاسیەكانی پارتی نەك لە گوڵ كاڵتریان پێنەوت ، بگرە زۆر بە ڕێزیشەوە سەیریان دەكردو هەمیشە بە سەریان دەكردەوە ، لە مردنەكەشیا خاوەندارێتیان لێكرد ، عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی و هەموو ئەوانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە جێدێڵن ، زیادە نین ، كێشەیەك هەیە ، كێشەكە پێویستە چارەسەر بكرێت ، نەك هەوڵی بچوككردنەوەی بزوتنەوەیەك كە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوە درروستی كرد واقیعە سیاسیەكەی پێبگۆڕێت .

هەڵبەت من نامەوێ‌ درێژدادڕی بكەم ، بەڵام دوا قسەم هەر ئەوە هیواخوازم ئەم جۆرە نوسینانە نەبنە هۆی ئەوەی لە بری چارەسەر پەلامار بدرێین و تۆمەت و تانەبارانكرێین ، وەك ئەوەی باوە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand