بۆچی ٤٢ ؟
2018-07-17 10:37:09
■پەیكار عوسمان ..
- هێشتا بێ ئینسافییە بڵێین هەموو حیزبەکان وەکو یەکن، بێگومان دوو دەعبای وەکو پارتی و یەکێتی وێنەیان نیە، کاتێکیش حیزبەکان، ئیش لەسەر فراوانکردنی مەساحەی جیاوازی و کەمکردنەوەی مەساحەی لێکچون ئەکەن، ئەمە جێ ی ئومێدە، بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێ ئیش لەسەر بچوکردنەوەی مەساحەی جیاوازی و زیادکردنی مەساحەی لێکچوون ئەکەن، هێشتا هەر جیاوازن، وەلێ ئیتر ئەو جیاوازییە کەمە بەشێ گۆڕانکاریی ناکاو هیوای لەسەر هەڵناچنرێ، ئیتر ئەم جیاوازییە سەتحییە، هەر بەشی شتی بچوك و شەڕە دەنووکی حیزبیی ئەکاو شتی گەورەی لێ ناکەوێتەوە.
- کاتێ هەڵبژاردن لە وەسیلەی دەساودەس و گۆڕانکارییەوە، ئەبێتە وەسیلەی مانەوەو نەگۆڕانی سیاسیی، ئیتر هەڵبژاردن یارییەکی دیموکراسییانەیە نیە، ئیتر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان کولتوری دیموکراسی قووڵناکاتەوەو تەجروبەی دیموکراسی کەڵەکە ناکات، بەڵکو ئیتر هەڵبژاردن مەستت ئەکات بە زەیفی دیموکراسی و بێ ئاگات ئەکا لە خودی دیموکراسی.
جا ئەم نەوعە لە دیموکراسی، دیموکراسی دەسەڵاتە، نەك دیموکراسی گۆڕینی دەسەڵات.
- حیزبە ڕکابەرەکانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر دوو شت دەستەوەستان و موفلیسن، یەکەم بەرامبەر تەزویری هەڵبژاردن، دووەم دۆزینەوەی خەباتی مەدەنی بەدیل، نە هەڵبژاردنیان پێ چاك ئەکرێ، نە خەباتێکی تریان پێئەکرێ، دەی ئەم ئیفلاسەی ئۆپۆزسیۆن نابێ ببێ بە ئیفلاسی گشتی، ئەو کاتەی حیزب ئەبێتە دوکانی سیاسی و جگە لە هەڵبژاردن کاڵایەکی تری نامێنێ بۆ فرۆشتن، تۆ مەجبورنیت لێ ی بکڕیت!
- گۆڕان ئیفلاسی خەباتی مەدەنی کردوەو جگە لە هەڵبژاردن قسەیەکی نەماوە بۆ وتن، لە کاتێکا کە هەڵبژاردن خۆی بووە بە قسەیەکی سواو.
سێ حیزبە ئیسلامییەکە، کەسیان ناوێرن بچنە دەرەوەی هەڵبژاردن، ئەترسن بکەونە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و کەیسی تیرۆریان بۆ دروست بکرێ، یان هەریەکەیان ئەترسێ دوو لایەنەکەی تر دەنگەکانی بەرێت.
هاوپەیمانی و نەوەی نوێش، هەر بە موفلیسی و بە دەسی بەتاڵەوە هاتوونەتە ساحەکەوە، چونکە دیسان ئەوانیش جگە لە هەڵبژاردن کاڵایەکی تریان پێ نیەو هاتوون هەمان شت بفرۆشنەوە.
ئەمانە هەموویان بوون بە دوکانی سیاسی و نانەکەیان لەسەر هەڵبژاردنە، لەکاتێکا هەویری هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی ئەیشێلن!
- ئینجا نەفەس درێژی و گوێدرێژیی جیایە، تۆ ئەتەوێ بچیت بۆ چەمچەماڵ، دەی ئەبێ لە تاسڵوجەوە بچیت نەك لە عەربەتەوە، چونکە ڕێگای عەربەت ئەتبا بۆ سەیسایەق ناتبا بۆ چەمچەماڵ، دەی ئەگەر چەنجارێك ئەمە دووبارە بکەیتەوەو بتەوێ لە عەربەتەوە بڕۆیت، مانای ئەوەنیە کە کۆڵنەدەرو نەفەس درێژیت، بەڵکو مانای ئەوەیە کە گوێدرێژیت!
(بەڵێ خەباتی مەدەنی نەفەسی درێژی ئەوێ و لە دوور مەودادا نەتیجەت ئەداتێ، بەڵام نە خەباتی مەدەنی تەنیا هەڵبژاردنە، نە هەڵبژاردن هەمیشە گەمەیەکی دیموکراسییانەیە.)
جا بۆ ئەوەی نەفەس درێژبی و گوێدرێژ نەبیت، یان ئەبێ قەواعدی لوعبەکە بگۆڕیت، یان ئەبێ خودی لوعبەکە بگۆڕی و یارییەکی مەدەنی تر بکەیت، نەك خەباتی هەرئەوەم یاری!
ئاخر ئامانج لە جوڵەی سیاسیی، ئەوەیە کە هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بڕۆیت، ئەگەر قەرارە هەر لە شوێنی خۆت بیت، ئەسڵەن پێویست بە جوڵە ناکات، چونکە بەبێ جوڵەش ئەتوانی لەویا بیت.
- ئومێدبەخشینەوە پیشەسازی درۆکردن و خۆگێلکردن نیە، تۆ کە ئەزانی (هەڵبژاردن هیچی پێنەماوەو ئەحزابیش بەس هەڵبژاردنیان پێماوە) ئەو هیواو ئومێدە چی لێ سەوز ئەبێ، کە تۆ بە خۆگێلکردن لە واقعەکەو درۆکردن لەگەڵ خۆت دروستی بکەیت؟؟
ئومێدی ڕاستەقینە ڕاستگۆییە، ڕاستگۆیی ڕاستەقینەش ڕاستگۆییە لەگەڵ خۆت.
ئەو کاتەی کە حیزب و هەڵبژاردن و پرۆسە سیاسییەکە، هیچی پێنەماوە، ئومێدی درۆیینەی لەسەر هەڵمەچنە، بەڵکو بگەڕێرەوە بۆ خۆت و بڵێ، من نابم بە بەشێك لەو ئیفلاسە، ئومێد ئەوەیە، ئەو کاتەی کە سیاسەت شتەکان ئەدۆڕێنێ، تۆ خۆت ببەیتەوە.
- ئومێد وەکو جگەرە وایە، دانەیەك تەواوئەکەیت ئینجا دانەیەکی تر دائەگیرسێنیت، هیچ عاقڵێك دوو جگەرە پێکەوە داناگیرسێنێ، تا ئومێدی نەفەسێك لە یەکەما مابێ، پێوست ناکا دووەم پێکەیت، بەڵام کە جگەرەی یەکەم گەیشتە سەر فلتەر، ئیتر ئومێد لە جگەرەی دوومدایە، ئیتر فڕێدانی یەکەمیش ناکاتە نائومێدی!!
ئەشێ بۆ حیزبی موفلیس و کاندیدی مەسڵەحەتچی، فلتەر تیجارەتێکی موربیح و تاکە تیجارەتیش بێت، بەڵام فلتەر بۆ تۆ نەفەسی تیانیە، کاتێ ئومێدی وەهمیشی لەسەر هەڵئەچنیت و بە هیوای نەفەس مژی لێئەدەیت، سەیرئەکەی تیاینەماوەو توشی نائومێدی ئەبیت.
جا من ئەمەوێ لە مەترسی (ئومێدی وەهمی) ئاگادارت بکەمەوە بۆ ئەوەی نائومێد نەبیت، نەك ئەوەی کە نائومێدی ببەخشمەوە!
من ئەمەوێ ئومێدەواربین بە قۆناغێکی تر، نەك هەموو ئومێد کورت بکەینەوە لەم قۆناغەداو لەم دارەدا، کە زڕەو جگە لە نائومێدی بەرێکی تر ناگرێ.
- پەکەکە کە لە سوریابوو، بێ ئیشیش دانەنیشبوو، بەڵکو خەریکی ڕێخستن و ئامادەکردنی خەڵكبوو بۆ قۆناغێکی دواتر، ئەوەبوو قۆناغەکەش هاتوو ئەوانیش ئامادەبوون و توانییان بۆشایی ساحەکە پڕبکەنەوە.
جا بێ هیوابوونم لەم پرۆسە سیاسییە، بەمەستم دانیشتن و هیچ نەکردن نیە، بەڵکو مەبەستم کارێکی لەو بابەتەیە!
ئەم تڕەکەڵەکە ئەڕوخێ و هەرچیش لەناویابێ بەسەریا ئەڕوخێ، چارەسەریش خەباتی دەرەوەیە، بۆ ئەوەی کە شتەکە ڕووخا، هێزێكی ئامادە هەبێ وەزعەکە بگرێتەوە.
- لەئێستادا مەساحەی ئومێد ڕووبەری پرۆسە سیاسییەکە نیە، ڕووبەری دەرەوەیەتی!
ئەوێ باشترین شوێنە بۆ کاری سیاسیی نوێ، چ هێزی نوێ ی تیا دروست ببێ، چ هێزی ناو پرۆسەکە بێنە دەرەوەو ئیشی تیا بکەن.
مەسەلەن بۆ هێزێکی وەکو گۆڕان، ئەوێ باشترین مەساحەی قۆناغێکی نوێ ی خەبات و تێهەڵچوونەوەیە، بەتایبەت کە لە ئێستادا کۆمەڵێ دوکانی تر لە پاڵ گۆڕانا کراونەتەوەو هەمان کاڵا ئەفرۆشن و بە دەنگێکی بەرزتریش هاوارو ڕیکلامی بۆ ئەکەن.
مەیدانێکی باشی موبادەرەی سیاسیشە، گۆڕان کە موبادەرەی نەماوە، تەنیا هی ئەوەنیە کە نەوشیروان نەماوە، بەڵکو ئەو مەیدانەی کە خەباتی تیائەکات موبادەرەی تیانەماوە.
- ئەمەوێ بڵێم ئایندەی سیاسی بۆ بازنەی بایکۆتە، ئەگەر ئەوێ بەهێزو فراوان و ئامادەبێ، دوای کەوتنی ئەم ئەزمونە درۆیینەیە ناکەوین، بەڵکو ئەزمونی ڕاستەقینەمان دەست پێئەکەین!
ئەگەریش ئەوێ ئامادەنەبێت، ئەوە لەگەڵ کەوتنی ئەم تڕەکەڵەکەدا هەموو شتێك ئەکەوێ و کۆتایی دێت.
- دواجار ئەمە ڕایەکەو ئەشێ وانەبێ، یەعنی ئەگەر لای تۆ پرۆسەکە نەفەسی تیاماوە،
قەیچێکا بمژ.