Draw Media

دەربارەی سیمکارتی کارەبا

دەربارەی سیمکارتی کارەبا

2018-07-17 10:29:18


■ توانا عوسمان ..

بەڵێ بۆ بەسیمکارتکردنی کارەبای هەرێم

پێش هەفتەیەک نێچیرڤان بارزانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بە پرۆژەی بەسیمکارتکردنی کارەبا کرد، لەکاتی خۆیدا لەبەر توڕەیی خەڵک هیچم نەنوسی.. بەڵام ئێستا کاتێتی بڵێم، بەڵێ بۆ بەسیمکارتکردنی کارەبای هەرێم.

ڕاستە لەهەرێمی کوردستاندا کارەبا زۆر خراپە، هەم وەک کەمی وزەی کارەبا هەم وەک هیلاکی تۆڕی دابەشکردن و وایەر و محاویلەکان.. ئەشزانم هۆکاری سەرەکیش گەندەڵی و گوێنەدانی دەستەڵاتدارانی هەرێمە لە26 ساڵی ڕابردوودا بەپڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری گشتی.

بەڵام

بەڵام یەکێک لەهۆکارەکانی خراپی وەزعی کارەبا لەهەرێم ئەوەیە کەخەڵک پارەی ئەو بڕە کارەبایە نادات کەبەکاریدەهێنێت، کەرتی کارەبا پارەی بۆ ناگەڕێتەوەو قازانج ناکات، یەکێک لەهۆکارەکانی باشی کارەبای وڵاتانیش ئەوەیە کە کەرتی کارەبا خۆی داهاتی هەیە و قازانجبەخشە و کارتێلێکی سەرمایەگوزاریە.
هەندێکمان دەڵێین ئاخر کارەبا لەهەرێم کوا هەیە تا پارەی بدەین! لەڕاستیدا ئەم لۆجێکە ڕاست نیە، کارەبا ئەگەر کاتژمێرێکیش هەبێت دەبێت هەم پارەکەی بدرێت هەم لەبریدا قازانجیش بسەنرێت تاوەکو داهاتەکەی بخرێتەوە خزمەت باشکردنی، تاوەکو ببێت بەسەرچاوەی داهات.

مەرجی بەهێزی و سەرکەوتنی کەرتی کارەبا پەیوەستە بەقازانجکردن و پارە کۆکردنەوەوە، من خەڵک دەناسم مانگانە پارەی شڕە کارەبای مۆلیدە بەمەزبووتی دەدات، بەڵام دوو ساڵە پارەی کارەبای نیشتمانی نەداوە کەچی لەکوژانەوەی کارەباش خۆش نابێت و ڕۆژانە جنێو بە حکومەتی هەرێم دەدات.

پڕۆژەی بەسیمکارتکردن ئەوەی گرنگە کە کلتوری کەم بەکارهێنانی کارەبا لەکوردستان دروست دەکات، تۆ تاوەکو سەری مانگ وەحدە نەکەیتە ‌ئامێری کارەباکەتەوە ئیش ناکات.. بەمەش دیاردەی ڕەزیلی لەبەکارهێنان دروست دەبێت، کەژورێک جێدەهێڵین دەچینە ژورێکی تر گڵۆپەکەی ئەکوژێنینەوە، ناچین بۆیلەر بەگەرما داگیرسێنین و ژووری بەکارنەهێنراویش بۆخۆشی سارد بکەین، ئیتر بێڕەحمیمان نامێنێت بەکارەبای نیشتمانی و وەک مۆلیدەی گەڕەکیش ڕێزی بەکارهێنانی کارەبا دەگرین، بەمەش وزەیەکی زۆر پاشەکەوت دەبێت و کلتوری ئیسراف و تەبزیر کاڵ دەبێتەوە.

بەڵێ بۆ بەسیمکارتکردنی کارەبای هەرێم

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand