Draw Media

گه‌لێكی مه‌زنن به‌ڵام گرووپی جیاجیان

گه‌لێكی مه‌زنن به‌ڵام گرووپی جیاجیان

2018-07-17 08:20:09


■ سەلام عەبدوڵڵا..

دۆناڵد ترامپ لەمیانی پرێسكۆنفرانسێكدا سەبارەت بەوەی ئایا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە پشتگیری پێشمەرگەدا، لە وەڵامدا خۆی لەو پرسیارە لاداو لە باتی وتی: كورد گەلێكی ئازا و مەزنن و شەڕكەری باشن و دۆستی ئێمەن بەڵام وەك دەزانن، گرووپی جیاجیان.
ترامپ راستیەكی سادەی ئاشكرا كرد كە كورد خۆی حەزناكات دانی پێدابنێت كە ئێمە سەرەڕای ئازایەتی و قارەمانی و خۆبەختكردنی پێشمەرگە، بەڵام گەلێكی پەرتەوازەین خاوەن یەك دیدو بڕیار نین كە هۆی لاوازی هەڵوێستی گەلەكەمانە بەرامبەر بە نەیارانی و هەر ئەو كەلێنەشە كە هەمیشە ناحەزانی كورد و دۆزەكەی، دزەی لێوەدەكەن و دەیكەنە دەلاقەیەك بۆ زیاتر پەرتەوازەیی و یەكنەگرتوویی و بەو پێیەش وەك گرووپی جیاجیا مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن و مەسەلەكەمان بچووك دەكەنەوە لە هەندێ داواكاری لۆكاڵیدا كە بەرژەوەندی حزب، نەك نەتەوەیی، زاڵە بەسەریدا.

هەموومان پێش ماوەیەك ئاگاداری ئەوەبووین كە هەندێك حزب و لایەن و رەوت، هەوڵی چڕوپڕیان دەدا كە داوای ناوچەگەریی و شارچێتی پێشكەش بەغدا بكەن و لە دەرەوەی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە بكەن بەڕادەیەك كە كارگەیشتە ئەوەی كە لە بەغدا داوابكەن كە وەك هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەوانیشدا بكرێ و حكوومەتی هەرێم پشتگوێ بخرێ.

راستە هۆشیاریی گەلەكەمان، بە گشتی لەسەروو ئەو داوا لۆكاڵیانەوە بوو و نەیهێشت ئەو بۆچوون و هەوڵەیان سەربگرێ، بەڵام ئەوە خۆی ئاماژەیەكی ئاشكرابوو كە تائێستا ئەو هەوڵە تێكدەرو رووخێنەرە لە ناوماندا ماوە و ناوە ناوە لە ژێر پەردەی جیاجیادا سەرهەڵدەداتەوە .

سەردەمانێك ئەم پەرتەوازەییە لەژێر پەردەی ململانێی چینایەتیدا دەیویست خۆی بنوێنێ و لایەك وەك چەپ و چەپخواز، خۆی نیشان دەدا و لاكەی تری بە كۆنەخواز و كۆنەپەرست لە قەڵەم دەدا كە لە راستیدا وانەبوو، ئەوە تەنها دروشمێكی فریودەرانە و بنەمای نەبوو.

فەرموون ئێستا لەم ساتە چارەنووسسازەدا هێشتا رەوت و لایەن هەن كێشەی سەرەكیان پۆستی سەرۆكی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمە و ئامانجی دوور و نزیكیان تەنها نەهێشتنی ئەو پۆستەیە .

بۆیە ئازایەتی و مەزنی و قوربانیدان بە تەنها، گەر یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی لەگەڵدا نەبێت، هیچ سوودێكی ستراتیژی بەگەل و دۆزكەمان نابەخشێ و هەوڵ و تەقەڵڵا و تێكۆشانمان لە جغزێكی بێ جەمسەردا خول دەخوات و ناشگات بە ئامانج.

بۆیە ناكرێ بەبایەخەوە نەڕوانینە ئەو باری سەرنجەی سەرۆك ترامپ و پەندی لێوەرنەگرین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand