Draw Media

ديوى پشته‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى باشورى عێراق 

ديوى پشته‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى باشورى عێراق 

2018-07-16 21:10:34


■ دڵشاد ئه‌نوه‌ر.. 

كێ رێكخه‌رى خۆپیشاندانه‌كان بوو؟ ئامانج له‌خۆپیشاندانه‌كان چى بوو؟ ئاراسته‌كه‌ى بۆ كوێ گۆڕا؟ به‌ره‌و كوێ ده‌گات ؟
پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ نێو بابه‌ته‌كه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێت به‌كورتى باس له‌ خۆپیشاندان و چۆنیه‌تى قیاده‌كردنى بكه‌م، به‌تایبه‌ت گه‌ر ئه‌وانه‌ى قیاده‌ى خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، وریا نه‌بن، یاخود ئه‌جێنداى تریان هه‌بێت، ده‌توانن زۆر شت به‌دى بهێنن، ته‌نها به‌دیهێنانى ئامانجى خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكى ره‌ش و ڕووت نه‌بێت.
.
قیاده‌ى خۆپیشاندان
.
ده‌بێت هه‌موومان تێبگه‌ین له‌وه‌ى قیاده‌كردنى خۆپیشاندان ئاسان نیه‌، زۆر قورسه‌، به‌ خه‌ڵكى بێ ئاگاو دوور له‌ ڕوداوه‌ سیاسیه‌كان ناكرێت، چونكه‌ بێ ئاگاكان زوو فریو ده‌درێن، خێرا له‌ نێو ئاوى لێڵدا یاریان پێده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ى قیاده‌ى خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، ده‌بێت هێنده‌ وریابن، له‌ جوڵه‌ و یاریه‌ سیاسیه‌كان تێبگه‌ن، به‌رده‌وام موتابه‌عه‌ى خۆیان و رووداوه‌كانى ده‌وروبه‌ریان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ناشبێت تێر به‌چاوى خۆشیان بخه‌ون، چونكه‌ هه‌ندێكجار رێككه‌وتن و یاریه‌كان له‌كاتى خه‌وتنى ئه‌وان دا ڕووده‌ده‌ن.
قائیدى فیعلى خۆپیشاندان، ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات ستافه‌كه‌ى خه‌ڵكى حیزبى تێده‌خزێنرێ، تا خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌لاى به‌رژه‌وه‌ندى حیزب دا ببات. تموحدار و ده‌م هه‌راشى تێده‌خزێنرێ، چونكه‌ ده‌م هه‌راش زوو ده‌كردرێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ دواتر روون ده‌بێته‌وه‌ تموحى خۆ كاندید كردن و ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازاتى ترى هه‌یه‌. 
قائیدى خۆپیشاندان، ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ى ، ته‌نانه‌ت له‌ناو ستافه‌كه‌شیدا خه‌ڵكێكى تێده‌خزێنرێ كه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌م و ئه‌و، ته‌نانه‌ت خودى خۆشى به‌ جاسوس تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناوى ئه‌وه‌ى جاده‌كه‌ى پێچۆڵ بكرێ و سه‌رچۆپیه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست خه‌ڵكانى حیزبى.
بۆیه‌ ئازایى قایدى خۆپیشاندان له‌وێدایه‌ به‌م تۆمه‌تانه‌ تێكنه‌چێ ، خێرا خۆپیشانده‌ران تێبگه‌یه‌نێت و ئه‌م ده‌ستانه‌ ببڕێت، ته‌سفیه‌یان بكات.
قایده‌ى فیعلى خۆپیشاندان، ده‌بێت تێبگات له‌وه‌ى ستافه‌كه‌ى خه‌ڵكى زمان درێژ و كاوڕى تێدایه‌، هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات و بڕیارى گێلانه‌ ده‌رده‌كات، ناشزانێت ئه‌و دیوى خۆى چى تێدایه‌، بۆیه‌ نابێت عاتفى بێت و بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رى پرته‌و بۆڵه‌ى ئه‌م نه‌وعانه‌وه‌.
قایدى فیعلى خۆپیشاندان، ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات، چوار ده‌وره‌كه‌ى خه‌ڵكێكى تێدایه‌، له‌كاتى پان بوونى جاده‌كه‌دا زمانى درێژه‌ و خاوه‌ن مه‌وزوعه‌، به‌ڵام كاتێك جاده‌ ته‌سك بوو، دۆخه‌كه‌ تێكچوو، جاده‌ له‌م نه‌وعانه‌ى تیا نامێنێت.
به‌كوردى و كورتى، قایدى خۆپیشاندان ده‌بێت نه‌ترسێت، باوه‌رى به‌خۆى بێت، راستگۆ بێت، به‌ویژدان بێت، هه‌وڵى به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ بدات كه‌ خۆپیشاندره‌كانى شوێنكه‌وتوى، له‌پێناویدا بۆى هاتونه‌ته‌ سه‌رجاده‌.
گه‌ر قایدى خۆپیشاندان راستگۆ بوو، ستافه‌كه‌ى له‌ موزایه‌ده‌چى و به‌رژه‌وه‌ندیخواز پاككرده‌وه‌، ئه‌وكات نه‌ بوار به‌ هێزى ئه‌منى ده‌درێت هێرش بكاته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، نه‌ بوار به‌كه‌س و لایه‌نى به‌رژه‌وه‌ندیخواز و موزایه‌ده‌چیش ده‌درێت، ئاقارى خۆپیشاندانه‌كان له‌ ئامانجى گشتیه‌وه‌ بۆ ئامانجى حیزبى و كه‌سى بگۆڕێت.
.
ئامانجى خۆپیشانده‌رانى باشورى عێراق
.
گومانى تێدا نیه‌، خه‌ڵكى باشورى عێراق له‌دۆخێكى ئابورى ئێجگار خراپدان، خه‌ڵكى برسیه‌تى و داهاتى رۆژانه‌ى به‌شى بژێوى ناكات ، كاره‌با و خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بوونیان نیه‌.
واته‌ جه‌وى عێراق له‌باره‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانى ناره‌زایه‌تى و خه‌ڵك له‌ ژیان بێزاره‌ ، له‌و هه‌موو سیاسیه‌ دز و گه‌نده‌ڵه‌ش نارازى یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وان هێنده‌ له‌ژیان مه‌حرومن، هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌وروپا وه‌سف ده‌كه‌ن.
بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین، 90% ى ئه‌وانه‌ى هاتونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌، به‌فیعلى هه‌ژارى و نه‌بوونى و خراپى ژیان و گوزه‌ران توڕه‌و بێزارى كردوون، به‌ڵام ناره‌زایه‌تى و هێزى ئه‌مان بۆ مه‌به‌ستى تر ده‌قۆزرێته‌وه‌، كه‌ له‌خواره‌وه‌ دێمه‌ سه‌رى.
.
خۆپیشاندانه‌كان بۆچى ؟
.
ئه‌مه‌ریكا سه‌رقاڵى توندكردنى گه‌مارۆ ئابوریه‌كانى سه‌ر ئێرانه‌، به‌فیرۆدانى كاتیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئێران دا نیه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێران له‌سوریا، لوبنان و یه‌مه‌ن تاراده‌یه‌ك پێگه‌ى واز كراوه‌، گه‌ر ئێران فریا نه‌كه‌وێت و شه‌ره‌كه‌ ته‌حویلى ده‌ره‌وه‌ نه‌كات، كێشه‌كان بۆ ناوخۆى خۆى ده‌گوێزرێنه‌وه‌.
ئێستا هه‌موو ململانێكانى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر ساحه‌ى عێراق، به‌ تایبه‌ت ئێران به‌هه‌موو هێزێك هه‌وڵى پاراستنى پێگه‌ى له‌عێراق ده‌دات و شه‌ڕى له‌سه‌ر ده‌كات، له‌كاتێكدا سیاسه‌ته‌كانى عه‌بادى له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریكا و دژى ئێرانه‌.
گرژى و خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى عێراق، گه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ى پلانى بۆ دانرابوو، به‌رێوه‌ بچوایه‌، له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێران بوو، له‌وانه‌:
1-ئێران له‌رابردوودا له‌ عێراق هێنده‌ به‌هێز بوو، قسه‌ى سه‌ره‌تاو كۆتایى خۆى ده‌یكرد، كه‌چى هاتنى داعش و لابردنى مالكى و هاتنى عه‌بادى هێنده‌ پێگه‌ى لاواز كرد، ئه‌وه‌تا هاوپه‌یمانه‌كانى كه‌ خۆى له‌مالكى و عامرى دا ده‌بینێته‌وه‌، نه‌ك حكومه‌تیان پێ پێكناهێنرێت، به‌ڵكو له‌دۆخێكى خراپدان.
2-پێچه‌وانه‌ى هه‌موو بۆچونه‌كان كه‌ پێیانوایه‌، تێكچوونى نێوماڵى شیعى دژى به‌رژه‌وه‌ندى ئێرانه‌، به‌ڵكو دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى تره‌، ئێستا پێگه‌ى ئێران له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى عێراق لاواز بووه‌، به‌دروستبوونى گرژى له‌نێو ماڵى شیعى دا، ئێران ده‌توانێت به‌جۆرێكى تر بێته‌وه‌ ساحه‌كه‌ و خۆى به‌هێز و ئه‌بده‌یت بكاته‌وه‌ و خاوه‌ندارێتى رێكخستنه‌وه‌ى نێوماڵى شیعى بكات.
3- ئێران دڵنیایه‌ له‌ نیاز خراپى ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌رى، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا نیازى توندكردنى گه‌مارۆكانى سه‌رى و گواستنه‌وه‌ى ناره‌زایه‌تیه‌كانى هه‌یه‌ بۆ ناو خۆى ئێران، بۆیه‌ ئێران ده‌یه‌وێت پێشوه‌خت ئاژاوه‌ و ناره‌زایه‌تیه‌كان بۆ ده‌ره‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى ته‌حویل بكات و چاو له‌ سه‌ر ناوخۆ لاببات، باشترین گۆره‌پانیش بۆ ئه‌مه‌ عێراقه‌.
.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئامانجه‌كان
.
ئامانجى سه‌ره‌كى به‌رپاكردنى خۆپیشاندانه‌كان، لێدان بوو له‌حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى كه‌ له‌ئه‌مه‌ریكاوه‌ نزیكه‌، هه‌وڵدان بوو بۆ ڕووخاندنى ، به‌ڵام هه‌ڵوێستى خۆپیشانده‌ران دۆخه‌كه‌ى به‌ئاقارێكى تردا برد.
كاتێك پلان بۆ خۆپیشاندانه‌كان دانرا، چاوه‌روان ده‌كرا فۆكسى خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر خراپى ئه‌داى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى بێت، به‌ڵام شتێكى تر ده‌رچوو.
كاتێك خۆپیشانده‌ران، له‌برى فۆكس خستنه‌ سه‌ر خراپى ئه‌داى حكومه‌ت، هێرشیان بۆسه‌ر باره‌گاى حیزبه‌كان ده‌ستپێكرد، كه‌ زۆربه‌یان حیزبى رادیكاڵین و له‌ئێرانه‌وه‌ نزیكن، هه‌موو ئامانجه‌كان تێكچوون.
خاڵێكى تر، ئێران خۆى ئاماده‌كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنى خۆپیشاندانه‌كاندا، ئه‌مه‌ریكا هێز داخلى عێراق بكات، به‌مه‌ش بوارى هاتنه‌ نێو یاریه‌كه‌ى بۆ بره‌خسێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا خۆى له‌مه‌ به‌دوور گرت.
.
دژه‌ ئامانجه‌كان
.
ئه‌سڵه‌ن ئاقارى خۆپیشاندانه‌كان نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ى پلانى بۆ دانرا، دژى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى بێت، به‌ڵكو ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ درزێكى گه‌وره‌ى له‌نێوان شه‌قامى شیعى و حیزبه‌ شیعى و ته‌نانه‌ت هێزه‌كانى حه‌شدیشدا دروستكرد.
پێشتر هێزه‌ شیعیه‌كان لاى شه‌قامى شیعى مه‌رغوب بوون، حه‌شد هێزێكى پیرۆز و تێكشكێنه‌رى داعش بوو، به‌ڵام له‌مه‌ودوا تێروانینى شه‌قامى شیعى به‌رانبه‌ر حیزب و حه‌شد ده‌گۆرێت.
شه‌قامى شیعى، پێیوایه‌ حیزبه‌ شیعیه‌كان له‌كاتى ناره‌زایه‌تى و برسێتى ئه‌واندا ، دژیان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، پێیانوایه‌ حه‌شد له‌ هێزێكى پارێزگاریانه‌وه‌ بووه‌ به‌هێزێكى سه‌ركوتكاریان.
بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر پێگه‌ى داهاتوى حیزب و حه‌شدیش له‌نێو جه‌ماوه‌رى شیعى دا ده‌بێت، بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا كه‌ متمانه‌ له‌نێوان شه‌قامى شیعى و هێزه‌ رادیكاڵیه‌كاندا نامێنێت، دۆخه‌كه‌ له‌ قازانجى هێزه‌ شیعیه‌كان و پلانه‌ ئیقلیمیه‌كاندا نابێت، به‌مه‌ش خۆپیشاندانه‌كان نه‌ك ئامانج ناپێكن، به‌ڵكو به‌زیان به‌سه‌ر پلان دارێژه‌راندا ده‌شكێنه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand