كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە
2022-06-24 19:57:55
راپۆرت: درەو
دوو هێرشی موشەكیی بۆسەر كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، سەرچاوەی سەرەكی غازی هەرێمی كوردستانی خستوەتە مەترسییەوە، گومان لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، بافڵ تاڵەبانی سەرەتای هەفتە دەچێتە بەغداد، غازی كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی ناردنە دەرەوەی بۆ توركیاو پرۆژەی راكێشانی بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان گیری خواردووە، كاتیۆشاكان لە كوێوە ئاراستەكراون؟ پەیامی پشت موشەكەكان چین؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
كێ هێرش دەكات ؟
لەماوەی دوو رۆژدا دووجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای چەمچەماڵ.
هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن.
بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووەو دەڵێن:
* كاتیوشاكان لە گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم گوندە تەنیا (5) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا.
* لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتنو لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە.
* كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە.
* ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێتو بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە.
(درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر).
بۆچی كۆرمۆر ؟
رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر).
خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات.
كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵەو كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.
لەپاڵ سكاڵای كۆمپانیای نەوتی باكوردا، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاكلایەنە، بەمدواییە وەزارەتی نەوت نامەی بۆ هەموو ئەو كۆمپانیایانە ناردووە كە لە كەرتی نەوتو غازی هەرێمدا كاردەكەنو داوایان لێدەكات لەماوەی سێ مانگدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناویان دەخاتە لیستی رەشەوە.
هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی.
لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیو حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات.
گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت.
كوردستان غاز هەناردە دەكات !
شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد.
ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین.
هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.
ئەم بڕیارە پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق بردە دواوە، پێشتر ئەگەر وەفدەكانی هەرێمی لە دانوستانەكانیاندا بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت باسیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی تایبەت بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكانو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كردبێت، ئێستا مانشێتی سەرەكی دانوستانەكانیان چارەنوسی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانە.
فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە، ئازاری ئەمساڵو دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێسپێردراوە، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا.
بۆری غاز بەسەر لاشەی بافڵ تاڵەبانیدا !
غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا.
بەمدواییە بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەیە راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بێت بۆ توركیا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتی رێگری كرد.
رۆژی 28ی نیسانی ئەمساڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" دەبێت گرێبەستو شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێتو هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت".
بافڵ تاڵەبانی ئەوكات كە ئەم قسەیەی كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو پارتیدا ئاڵۆز بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە هەندێك ئاسایی بوەتەوە، رۆژی 11ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كرد، لە دەرەوەی وەفدی هەردوولا، خۆشیان بە دووقۆڵی دانیشتن.
هەندێك سەرچاوەی نافەرمی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، باسلەوە دەكەن، یەكێتی دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشی لە كێڵگەكە بۆ (ملیارو نیوێك) پێ سێجا بەرزبكاتەوەو لەم رێگەیەوە پرۆسەی دانانی بۆری ماڵانو كارگەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی وەربگرێتو سەرچاوەیەكی دارایی گەورە بۆ خۆیو سنورەكەی دابین بكات، لەم حاڵەتەدا بەربەست بۆ ناردنە دەرەوەی غازەكە دروست دەكات، بەڵام سەرچاوە فەرمییەكان راستی ئەم قسانە رەتدەكەنەوە.
دوێنێ بەرپرسێكی ئێرانیی بەنهێنی گەیشتە تەوێڵە، لە باخێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی كرد، هێشتا (درەو) زانیاری لەبارەی بەرپرسە ئێرانییەكەو تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان دەست نەكەوتووە.
كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ.
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر.
بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە:
• گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
• كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی
• گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە.
غاز لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبونەكە بەمشێوەیە:
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
• كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
• كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا
• كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا
• كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا