Draw Media

كۆماری دووەم لە توركیا

كۆماری دووەم لە توركیا

2018-07-16 12:52:28


■فەرید ئەسەسەرد..

كۆماری دووەم لە توركیا لەسەر دەستی ئەردۆغان دامەزرا. ئەم روداوە لەگەورەییدا هیچ جیاوازیی لە دامەزراندنی كۆماری یەكەم نیە كە ساڵی 1924 لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتۆرك دامەزراوە. لێكچونی نێوان هەردوو روداو لەوە دایە كە هەردوو روداوەكە لەقۆناغێكی پڕ شەر‌وشۆڕ‌و گرژی ‌و وەرچەرخاندا هاتونەتە ئاراوە.
لەگەڵ دامەزراندنی كۆماری دووەمدا، كۆتایی بەو سیستمە پەرلەمانییە كۆمارییە هێنرا كە 95 ساڵە لە توركیا كاری پێ دەكرێ‌ و دەرگا واڵا بوو بۆ كاركردن بە سیستمی سەرۆكایەتی. جیاوازیی سیستمی سەرۆكایەتیی توركیا لەهەر سیستمێكی سەرۆكایەتیی پەیڕەوكراوی هەر وڵاتێكی تر لەوە دایە كە لە هیچ سیستمێكی سەرۆكایەتیی جیهاندا سەرۆك بەقەد سەرۆكی توركیا دەسەڵاتی نیە، بە ڕادەیەك كە سەرۆكایەتییەكەی توركیا بە دەسەڵاتێكی «نیمچە رەها» دەچوێندرێ. ئەمەش لێپرسراوەتیی سەر شانی سەرۆك زۆر قورس دەكا، زۆریش ماندوی دەكا.
سەرۆك لە توركیا بەتەنها سەرۆكی كۆمار نیە، بەڵكو سەرۆكی حزبی دەسەڵاتداریشە كە ئەمەش وا دەكا هەم لەروی دەستورییەوە سەرۆكی هەموو هاووڵاتییەكان بێ، هەم سەرۆكی ئەندامان ‌و كادیرانی حزبەكەی خۆیشی بێ. بەكردەوە، ئەم سیستمە لەپاڵ ئەوەی كە سەرۆك بە چارەسەركردنی كێشەكانی دەوڵەتەوە سەرقاڵ دەكا، واشی لێ دەكا هەمیشە سەرقاڵی كاروباری حزبەكەی خۆیشی بێ.
كێشەی حزب خۆی لە خۆیدا كێشەیەكی گەورەیە. لە وردەكارییەكاندا سەركەوتنی ئەردۆغان بێگەرد نیە. لەلایەك، ئەردۆغان بەرێژەی 53% ی دەنگەكان هەڵبژاردنی بردۆتەوە، لەوە 11% ی دەنگی ئەندامان ‌و جەماوەری مەهەپەیە كە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی نەبوە‌و سەرۆكەكەی، دەوڵەت باخچەلی، ئەندامانی حزبی راسپاردبوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن. لەلایەكی ترەوە، پارتی داد‌و پەرەپێدان بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوو، دەنگی كەمی كردووە. لە هەڵبژاردنی پێشوودا پارتی داد‌و پەرەپێدان 49%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا 42,5ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە. ئەمەش ئەردۆغان دەخاتە ژێر كاریگەریی مەهەپەوە كە لە پەرلەماندا 49 كورسیی هەیە. بۆیە لەماوەی پێنچ ساڵی داهاتودا، دەبێ ئەردۆغان هەر بەردەوام بێ لەسەر هاوپەیمانیی لەگەڵ مەهەپە. دەشێ بەمجۆرە سەیری سیاسەتەكانی داهاتوی توركیا بكەین كە لێرە بە دواوە مەهەپە لە پشت پەردەوە رۆڵێكی كاریگەرتر لە داڕشتنی سیاسەتە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی توركیادا دەگێڕێ.
لەراستیدا لێرە بەدواوە ئەردۆغان دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی ئێجگار سەخت، چونكە ئەو لە گوتاری سیاسیی، لانی كەم لە سێ ساڵی رابردوو، هەمیشە جەختی كردۆتە سەر ئەوەی كە توركیا پێویستی بە سەرۆكایەتییەكی بەهێزە‌و ئەزمونی حكومەتە فرە حزبییەكان ئەزمونێكی خراپ‌و شكستخواردوو بووە، هەروەك بانگەشەی بۆ ئەوەش كردبوو كە ناوەندێتیی دەسەڵات‌و سەرۆكێكی دەسترۆیشتوو لە چوارچێوەی سیستمی سەرۆكایەتیدا لێی رادەبینرێ چارەسەری ریشەیی بۆ هەموو كێشەكانی توركیا بدۆزێتەوە. تا پێش هەڵبژاردن، ئەمە هەمووی لە تیۆری بەولاوە هیچی تر نەبوو. لێرە بەدواوە، دەبێ بەكردەوە ئەوە بسەلمێنرێ كە سیستمی سەرۆكایەتی لەتوانای دایە چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان بدۆزێتەوە‌و ئەوەش كە لەمەوبەر وتراوە كە گوایە سیستمی پەرلەمانی تەگەرەیەكی گەورەیە لەبەردەم پێشكەوتن‌و پەرەسەندنی بێ سنور، تەنها قسە نەبوە، بەڵكو راستی بووە‌و لەمەودواش بەكردەوە دەسەلمێنرێ.
هەرچەند ئەستەمە لە ئێستاوە بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدرێ، بەڵام ئەوەش راستییە كە سیستمی سەرۆكایەتی هەر لەسەرەتاوە كۆدەنگیی لەسەر نەبوە‌و بەردەوامیش مشتومڕی ناوەتەوە. چارەنوسی ئەم سیستمە لەم هەلومەرجەی ئێستادا بەندە بە سەركەوتنی ئەردۆغان لە سەلماندنی باڵادەستیی دینامیكیای سیستمی سەرۆكایەتیدا. بەڵام لەبەر ئەوەی سیستمەكە تازەیە‌و هێشتا بنچینەكانی رەگیان دانەكوتاوە، ئایندەی كۆماری دووەم، لانی كەم تا چەند ساڵێك، هەر بە تەمومژی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لەو گۆشەنیگایەوە كە یەكێ لە شەش كاندیدەكەی سەرۆكایەتی لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژارندا بەڵێنی دابوو كە ئەگەر سەركەوتن بەدەست بێنێ، سیستمی سەرۆكایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە‌و توركیا دەگێڕێتەوە بۆ سەر سیستمی پەرلەمانی.
بەهەر حاڵ، توركیایەكی سەقامگیر‌و دۆستی دراوسێكانی، لە بەرژەوەندیی ناوچەكە دایە. مەسەلەی ئەوەش كە توركیا كار بە سیستمی پەرلەمانی دەكا یان سەرۆكایەتی، وەك مەسەلەیەكی ناوخۆیی دەمێنێتەوە‌و هاووڵاتییانی توركیا خۆیان بڕیاری لێ دەدەن.

 

كوردستانی نوێ

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand