لە ھەڵواسینی ئاڵاکەی تورکیاوە لە ھەولێر، بۆ پەلاماردانی کێڵگەی کۆڕمۆر لە گەرمیان
2024-04-27 12:28:12
مەریوان وریا قانع
لەم ھەفتەیەدا دوو رووداومان بینی کە بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە لە یەک خاڵدا ھاوبەشن، خاڵی نەمانی شتێک بەناوی ”سەروەریی نیشتیمانیی“ یان ”نەتەوەیی“ەوە لە عێراق و ھەرێمدا. ماوەیک لەمەوپێش لە پەیوەندییدا بە ھێرشەکەی ئێرانەوە بۆسەر ھەولێر لە مانگی یەکی ئەمساڵدا،لە وتارێکم بەناوی ”کێن ئەوانەی باس لە سەروەری دەکەن؟“ نووسیی. لەو وتارەدا باسم لەوەکرد ماوی سێ دەیەیەک دەبێت شتێک لەم ناوچەیەدا بەناوی پرنسیپی ”سەروەریی نەتەوەیی“ یان ”نیشتیمانیی“ە.وە نەماوە. ئەودەم ئێران ھێرشیکردوە سەر ھەولێری پایتەختی ھەرێم.
لەم ھەفتەیەشدا دوو ڕووداوی تر ڕوویاندا کە ڕاستی ئەم بۆچوونە لە ئاستێکی تردا، دەسەلمێنن. یەکەمیان رازاندنەوەی قەڵای ھەولێربوو بە ئاڵای تورکیا و نمایشکردنی سیمای قەڵاکە وەک بەشێک لە سەرزەیمن و خەیاڵی سیاسیی ھێزە ناسیۆنالیستیی و ئیسلامییەکانی، تورکیا. دووھەمیشیان ئەو ھێرشەیە کە ئەمڕۆکە کراوەتە سەر کێڵگەی کۆڕمۆر لە گەرمیان. یەکەمیان وڵاتەکەی بردە ناو خەیاڵە ئیمپراتۆرییەکەی تورکیای ئەردۆغانەوە و دووھەمیشیانە دەیبات ناو خەیاڵی ئیمپراتۆریەتانەی ئایەتوڵاکانی ئێرانەوە.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا شتێک لەم ناوچەیەدا بوونی نەماوە بکرێت ناوی دیاردە یان ڕووداوی ”ناوخۆیی“ لێبنێین، ناوخۆ بە بەردەوامیی بووە بە بەشێک لە ”دەرەخۆ“ و ناوەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووە بە گۆڕەپانی ململانێی چەندان زلھێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ناکۆک و دژبەیەک. کەم ڕووداو ھەیە دەستی ئەم یان ئەو ھێزی ناوچەیی و جیھانیی تێدانەبێت و ناوچەکەش قاندراوە بە ھێزی پرۆکسی ئەو لایەنە جیاوازانە.
لە ئێستادا لانیکەم تورکیا و ئێران و سعودیە و ئیمارات و قەتەر ھەڵگری خەون و تەماحی ئیمپراتۆریانەن و زۆرجاریش وەک ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان مامەڵەی ناوچەکە دەکەن. ئەوەی لە ھەرێمە لاواز و بەشبەشبوو و پارچەپارچەبووەکەی ئێمەدا ڕووئەدات، دابەشبوونێکی تەواوە بەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئەم ھێزە ناوچەییە پڕ تەماحی ئیمپراتۆریانەدا. ئەم دابەشبوونەش رەچەتەی تیاچوون و لەناوچونێکی یەکجارەکییە.
ئەوەی لەم ناوچەیەدا ڕووئەدات گەڕانەوەیە بۆ ئەو فەوزا ناوەکیی و دەرەکیی و ناوچەیی و جیھانییەی کە دەمانباتەوە بۆ بەر لە سەدەی ھەژدەھەم و بۆ ڕۆژگاری بەر لە دروستبوون و وەگەڕخستن و کارکردن بە چەمکی سەرەوەیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. دەمانباتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە فەیلەسوفی سیاسیی تۆماس ھۆبز بە جەنگی گشت بەرامبەر بە گشت ناویدەناێت. لە ئێستادا مەترسی ھەرەسەرەکیی لەسەر ژیانی ملیۆنەھا مۆرڤی ئەم ناوچەیە لەوەدایە ئەم میلەتانە لەپاڵ ئەم جۆرە لە حوکمرانیی خاوەن تەماحی ئیمپراتۆریانەی پڕچەک و تەکنۆلۆژیای وێرانکردندا دەژین. ئەم ھێزانە خاوەنی ئۆقیانوسێک لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکاریی ھەمەجۆرن، کە وایکردوە بتوانن بە ئاسانی بکوژن و وێرانبکەن.
دۆخەکە لە ھەرێمی کوردستاندا بە ئاستێک گەیشتوە، ھیچ رووداێک لەناویدا ڕوونادات گەر بەناو خواست و خەون و تەماح و ویستیی ئیمپراتۆریانەی ئەم یان ئەو وڵاتی ئیقلیمیی یان جیھانیدا تێنەپەڕێت. دابەشبوون بەسەر ئەم ھێزە ناکۆکانەدا بە ئەندازەی پەلامارەکانی ئەنفال مەترسیدارە. ئەنفالێکیتر لە ژێر ناو و ناونیشانێکی دیکەدا.
بابهتی پهیوهندیدار