Draw Media

تراویلكەی هەڵبژاردن وچارەنووسی هەرێم

تراویلكەی هەڵبژاردن وچارەنووسی هەرێم

2024-03-19 20:15:20



د. كامەران مەنتك

ئەو گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییەی دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات هاتە ئارا ودەرفەتی دروستبوونی هەرێمێكی هێنایە ئارا، كە دەكرا بكرێتە بنەمایەك بۆ گۆڕانكاری زۆر گەورەو چارەنوسئامێز لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان، لەقۆناغەكانی كۆتایدایە، بۆیە چارەنووسی ئەو هەرێمەش بەو شێوەیەی ئێستا لەبەردەم مەترسییەكی جدی دایە. لەبەرئەوەی گۆڕانكارییەكان رێك پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیەن، كە لە نەوەدەكانەوە دەستیپێكردووە، ئەوەی جێگەی داخە بەناوی ئۆپۆزسیۆن بوون بەرگریكردن لەمافی خەڵك، چاوی بەشێكی زۆر گیراوەو بواری بینینی ئەو راستییە سادەیەیان نەماوە، یاخود نایانەوێت بیبینن!
كورد لەماوەی سی و سێ ساڵی رابردوودا نەیتوانی پێگەی خۆی لە كۆی دیمەنە جیۆستراتیژییەكەدا بەوردی دیاریبكات وستراتیژێكی نەتەوەیی ونیشتیمانی دابڕێژێت، بۆیە بوو بەكارتێكی چرووك و بەكێشە ناوەخۆییەكانەوە خەریك كرا، ئەو دنیابینییە بە تەنیا هێزە باڵادەستەكانی هەرێمیان نەگرتەوە، دەتوانین بڵێین كۆی كۆمەڵگەی كوردی گرتەوەو دەنگێكی جیاواز نەبیسترا، ئەمە وایكرد لەژێر رۆشنایی ململانێیە بچووكەكانی ناوەخۆوە سەیری مەسەلەی نەتەوەیەك بكرێت وملشكاندنی یەكتر لەسەر حیسابی مەسەلە نەتەوەییەكان ببێتە ستراتیژی حیزبەكان، بەدەسەڵات وئۆپۆزسیۆنەوە، یاخود ئەوانەی چاویان لە پارچەیەك كێك بوو بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە كاریان دەكرد.
ئێمە ئێستا لەكۆتایی قۆناغێكداین، یاخود دەرفەتێكداین، كە گۆڕانی هاوسەنگی جیهانی وسیستەمی تاكجەمسەری بۆی دروستكردین، نەخشەكان خەریكە بەشێوەیەك دادەڕێژریتەوە هەمدیس هیچ حیاسبێكی بۆ كوردو مەسەلەی كورد تێدا نییە، كەچی وەك ئەوەی سوێندیان خواردبێت لەبەرلووتی خۆیان زیاتر نەبینن، بەردەوامن لەو ململانێیە مناڵكارانەو بەرژەوەندیخوازانەی، كە بەروونی ئەوە نیشان دەدات، جگە لەمانەوەی خۆیان هیچ شتێكی تریان گەرەك نییە. سەیر لەوەدایە تاوەكو ئێستا لەو بڕوایەدان لەرێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانن هاوسەنگی هێز لەهەرێم بگۆڕن ولایەك ملی لاكەی تر بشكێنێت، بەبێئەوەی لەوە تێبگەن ئەو دابەشكارییەی هەرێم دابەشبوونێكی جیۆپۆلەتیكییەو پێویستی بە دنیابینییەكی قووڵتر هەیە، لەو ناوچە سەختانەی لەجیهاندا هەیە هیچ كاتێك هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام نادرێت وگرەو كردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەك گرەو كردن لەسەر ئەسپێكی تۆپیو وایە، ئەمە سەرباری ئەوەی خودی هەڵبژاردن وپڕۆسەی دیموكراسی لە دنیادا لە قۆناغەكانی چرووك بوون بێبایەخ بوون دایە ، هەڵبژاردنەكانی  خودی ئەمریكا گەواهی لەسەر ئەم راستییە دەدەن، گومان لەسەر دەرچوونی ترامپ و دواتر دەرنەچوونی باشترین بەڵگەن بۆ ئەم خوێندنەوەیە، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی روسیاش، كە ئەمشەو سەركەوتنی پوتین راگەیەنراو ناڕەزایەتیەكی زۆری لێكەوتەوە، زیاتر گومانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست كردووە.
لە راستیدا جیهانگەرایی وشۆڕشی گەیاندن درۆودەسەلەو تەشقەڵەكانی سیستەمی دیموكراسی وگەمەی سیستەمی سەرمایەداری خستە بەرچاوی هەمووان وبۆهەمووانی ئاشكرا كرد، ئەگینا ئەوەی پێی دەگوترێت سندووقی دەنگدان لەبنەڕەتدا گەمەیەكی سەرمایەداری و هەوڵدان بووە بۆ سەپاندنی ئەو ئاڕاستەیەی خزمەت بەو سیستەمە دەكات، لەكاتێكدا ئەگەر رووی راستەقینەی ئەو سیستەمەش بخوێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت، كە سەرمایەداری نەك خزمەت بە ئازادی ومافەكانی مرۆڤ ودادپەروەری كۆمەڵایەتی نەكرد، كە وەك دروشمێك بەرزیكردەوە و وەك سۆفت پاوەرێك لەگەمە جیهانییەكەی خۆیدا بەكاریهێنا، بگرە جۆرێك لە بەكۆیلەكردنی كۆی كۆمەڵگەی بەرهەمهێنا، كە بەنوێترین وگشتگیرترین نمونەی كۆیلایەتی دادەنرێت لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. بۆیە گەلانی زیندوو چارەنووسی خۆیان بەو میكانیزمە سادەیە نابەستنەوە، كە تەنیا ئامڕازێكی گەمەكردنی سیاسییە لە دووتوێی ستراتیژێكی گەورەدا، كە لەسەر بنەمای جیۆستراتیژیاو پێگەو بەرژەوەندی وڵات لەو بلۆكە جیۆستراتیژییەدا دیاریدەكەن.
مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵبژاردن ومیكانیزمەكانی ئەو سیستەمە، لە شوێنێكی وەك ەرێمی كوردستان، جگە لەدوو توێژ زیاتر بەرهەم ناهێنێت، كەسانێك بەناوی پاراستن وكەسانێكی تریش بەناوی بەرگرییەوە بازرگانی بەو دروشمە قەبانەی دیموكراسی دەكەن، ئەگەر لەوڵاتێكی وەكو ئەمریكاو تەنانەت بەشیكی زۆر لەوڵاتە ئەوروپییەكان، كە تەمەنێكیان لەگەڵ ئەو سیستەمەدا هەیەو خۆیان بەرهەمهێنەری سیستەمەكەن دۆخی هەڵبژاردن بەو شێوەیە بێت، دەبێت لەكۆمەلگەیەكی وەكو كوردستان چۆن بێت، كە تاوەكو ئێستا بە پڕۆسەكە نامۆیەو كەلتووری دیموكراسی لەنزمترین ئاستیدایەو سەرباری ئەمەش ئەو ململانێیە هەرێمی وجیهانییەی لەسەر خاكی كوردستان دەگوزەرێت ئەو پڕۆسەی نەك هەر ئاستەنگتر كردووە، بگرە كردویەتییە موستەحیل.
چاوەڕوانكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵ، چاوەڕوانكردنی گۆدۆییانەیە، لەبەرئەوەی ئەو هەڵبژاردنە، بەگوێرەی ئەو دۆخە سیاسییەی ناوچەكەی پێیگەیشتووە، وا دێتە بەرچاو لە فریودان وخەریك كردنی خەڵكی كوردستان بەگەمەیەكی قێزەونی ناوەخۆییەوە زیاتر نەبێت، لەكاتێكدا ئەوان خەریكی دارشتنەوەی ناوچەكە، یاخود دابەشكردنەوەی كوردستانن ودەیانەوێت دوا بزماری ژەنگاوی لە خەونی كوردی بدەن، وەك لەزۆر شوێنی تر ئاماژەمان پێكردووە، ئەو دابەشكردنە نوێیەی كوردستان، كە بەكرداری كاری تیادەكرێت وبەڕیوەیە ودەرئەنجامی قۆناغی شۆڕشی گەیاندنە، زۆر لەو دابەشكردنەی كوردستان مەترسیدارترە، كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی لەسەر بنەمای دابەشكردنی جوگرافی هاتە كایە وماوەی زیاتر لە سەدەیەكە كورد بە دەستییەوە دەناڵێنێت، ئەم دابەشكردنە نوێیە دابەشكردنێكە لەسەر بنەمای جوگرافیاو دیمۆگرافیای كوردستان، خەریكە مۆركی كوردبوون لە پانتاییەكی گەورەی جیۆپۆلەتیكی خاكی كوردستان دەسڕنەوە، واتە دەیانەوێن چارەسەری مەسەلەی كورد لەسەر بنەمای نەهێشتنی هەموو ئەو خاڵانە بكەن، كە كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەو پلانە گەورەیە لەرێگەی ئەو هەڵبژاردنەو هیچ هەڵبژاردنێكەوە چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە هەموو ئاڕاستەكانیش زیاتر بەرەو ئەوە دەچن، كە ئەو هەڵبژاردنەش بە دەردی هەموار كردنەوەی بۆجە بچێت، كە بڕیار بوو لە ساڵی نوێدا ئەنجام بدرێت ودواتریش لەرێگەی بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵیدا ئەو هەمواركردنەوەیە لەتابوت نراو پڕۆژەكەی هەمواركردنەوەش لە سندووقی سەرۆكایەتی وەزیراندا زیندانی كرا، ئەگەرێكی زۆر و بەهێزیش هەیە لە دوا چركەدا هەڵبژاردنیش بە هەمان دەرد بچێت، ئەو رێكەوتنەی ئەم دواییەی نێوان ئێراق وتوركیا، كە دیارە لە بنەڕەتدا رێكەوتنی نێوان ئێران وتوركیاشەو ئەو لەشكركێشییەی لەناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، هەمووی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لاوازتر دەكەن.
كەواتە لەجیاتی ئەوەی كورد، خۆی بەو یارییە قێزەونەوە خەریك بكات ودواچركەكانی ئەزموونەكەی خۆی بەوە بكوژێت، واباشترە ئەو راستییە ببینێت، كە هەڵبژاردن وەك چۆن لە رابردوودا كێشەكانی نەك چارەسەر نەكرد، بەڵكو قووڵتریكردەوە، لە ئێستاشدا هەمان رۆڵ دەبینێت وكێشەكان نەك قووڵتر دەكاتەوە، بەڵكو رەنگە بەیەكدادانی سەربازیشی لێبكەوێتەوە، بۆئەوەی دەرفەتێكی باش بۆ هێزە هەرێمییەكان بگونجێت، كە ئەو مێردەزموكەی ناوی هەرێمی كوردستانە، بەیەكجاری لەگۆڕنێن، لەم دۆخەشدا، ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن ملی لاكەی تر بشكێنن، خۆیان دەبنە قوربانی یەكەم، لەبەرئەوەی هەمووان لەناو یەك كەشتینە، كە لەهەموو لایەكدا كونی تێدەكرێت، بەداخەوە بەشێكی زۆر لەو كونكردنانە لەلایەن هێزە كوردیەكان خۆیانەوەیە.
باشترین چارەسەر لەو دۆخەدا، بەستنی كۆنفراسێكی نەتەوەیی وهەوڵدانە بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكانی كوردی، نەك بەتەنیا لە باشووری كوردستان، بگرە لە هەموو كوردستان، چونكە پلانەكە ئەگەرچی لەسەر خاكی باشوور، كە گرنگترین پارچەی جیۆپۆلەتیكی كوردستانە دەگوزەرێت، چارەنووسی هەموو كورد دیار دەكات، لەو دۆخە ئاڵۆزە دەبێت هێزە كوردییە كار لەو ئەو خاڵانە بكەن، كە لەسەری كۆكن، هەرچەندە كەمیش بێت، نەك لەو خاڵانەی جیاوازیان هەیە، راستە ئەمە نەك هەر كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕە میدیایی ودەروونییەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، جێگەی گاڵتەجاری بەشێكی زۆر لەخەڵكی هەرێمیش دەبێت، بەڵام چارەسەری راستەقینە ئەوەیەو كورد گەربیەوێت ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت، دەبێت بەناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعەدا بكات، كە هەیەو نەك لەگەڵ ئەوەی خۆی دەیەوێت، دانیشتنی هەموو هێزە كوردییەكان بەیەكەوە ودانانی ستراتیژێكی نیشتمانی بۆ رزگاربوون لەو دۆخەدا، دەبێت زۆر كەس ناچار بكات، وەك كورد دەڵێت پێ لەجگەری حۆی بنێت وملكەچی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەو نیشتمانەكەی بێت، ئەگینا ئەوان بەرپرسی یەكەم دەبن هەر شتێك بەسەر كورد دابێت، جا ئەو بەررسیارییەتییە بەهەرشێوەیەك بەسەریان دابەشبكرێت وهەریەكەی بڕی چەندی بەردەكەوێت، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بەرپرسیار دەبن بەرامبەر مێژوو بەر لەهەموو كەسیسش خۆیان بە پلەی یەكەم دەبنە قوربانی ئەو دۆخە، بۆیە بەكارهێنانی كارتی دوا چركە، رەنگ بێت چارەسەرێكی ئەفسووناوی نەبێت، بەڵام لەو دۆخەی دەگوزەرێت باشترین چارەسەرەو دەبێتە بنەمایەك بە لایەنی كەم بۆ ئایندەیەكی كەمێك رووناكتر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand