”حاکمێکمان ناوێت ڕیشی ھەبێت... حاکمێکمان ئەوێت حەیای ھەبێت“
2018-07-14 11:18:46
■ مەریوان وریا قانع ..
”مانرید حاکم ملتحي، انرید حاکم یستحي“
”حاکمێکمان ناوێت ڕیشی ھەبێت... حاکمێکمان ئەوێت حەیای ھەبێت“
چەند ڕۆژێکە باشوری عێراق لە دۆخی کوڵانێکی سیاسیی بەرچاودایە، لە ھاوێنێکدا کە کەش و ھەوای وڵاتە خۆشی لە دۆخی کوڵاندایە. تا ئەم ساتە لە چەندان شاری باشوری عێراقدا خەڵکی ناڕازیی، بەتایبەتی گەنجان، چوونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافە ھەرە سەرەتایی و ھەرە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکەن: لە دابینکردنی ئاو و کارەباوە بیگرە بۆ دابینکردن و کار و بژێو و لەدابینکردنی ئازادییەوە بۆ دابینکردنی لانی ھەرە کەمی ڕێز و کەرامەت.
بەشەکانی تری عێراق، بە ھەرێمی کوردستانەوە، خاوەنی سیستمێکی سیاسیی و نوخبەیەکی حوکمڕان و دەسەڵاتدارانێکی ھێندە نابەرپرسیارن، کە توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی ھیچ داخوازییەکی سادەی ئەو کۆمەڵگایە و توانای پیادەکردنی لانی ھەرە ھەرە کەمی ئەو یاسایانەشیان نەماوە کە خۆیان دەریانکردوە. ئەمە وایکردوە تەنانەت داخواییە ھەرە سادەکانی خەڵک، بۆ نموونە داخوازی دابینکردنی کارەبا، ببێتە داواکارییەکی سیاسیی گەورە و بەر گشتێتی ئەو سیستمە حوکمڕانییە گەندەڵە بکەوێت کە دروستکراوە. جێبەجێکردنی داخوازیەکەش ڕاستەوخۆ بەسترابێتەوە بە گۆڕان و دەسکاریکردنی سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەیی و تائیفییە گەندەڵ و داخراوەکەوە.
لە عێرقدا شتە ھەرە سادەکانیش بوون بە بەشێک لەو فەزا سیاسییە کە خەریکی وێرانکردنی ھەمووشتێکە لەو وڵاتەدا.
مۆدێلی حوکمڕانی لە عێراقدا، بە مۆدێلی حوکمڕانی کوردستانەوە، بەجۆرێک ئیفلاسی کردوە توانای ئەوەی نەماوە ھیچ کێشەیەک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەربکات. بۆیە ھەموو داخوازییەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بە پێیوست بەناو گۆڕانێکی گەورەی سیستمەکەدا تێدەپەڕێت. ئەمە وادەکات ئەو دیدە ڕاست نەبێت کە پێیوایە داخوازییەکانی خەڵک تەنھا بۆ نان و ئاو و کارەبایە، یان تەنھا داخوازیی دابینکردنی خزمەتگوزارین و ڕەھەندی سیاسیان نییە. سیستمە بەجۆرێک بۆگەنی کردوە کە ھەر داخوازییەکی ڕەوا لەناویدا، چەند دووریش بێت لە سیاسەتەوە، ئاکارێکی سیاسیی وەردەگرێت. چونکە دابینکردنی ئەو داخوازیانە بەبێ لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە لەگەندەڵیی مافیایی و بەبێ وێرانکردنی ژێرخانی بنەماڵەگەرایی و بەبێ کۆتاییھێان بە سیاسەتی گروپی داخراو، کارێکی مەحاڵە.