ئێوەبوون، پارتی و یەكێتیتان هێشتەوە
2018-07-13 10:53:37
■ محەمەد نوری ....
١
لەدوای شكسستی پرۆژەی ریفراندۆم و چوونی هەرێم بۆ ناو تونێلێكی نادیار و نەمانی پشتیوانی ناوچەیی ونیودەوڵەتی بۆ حكومەتەكەی ،ئەمەریكییەكان تەنها ١٥رۆژیان دانابوو كە جموجۆڵێكی سیاسیی گەورە بكرێت لەسەر شەقام و هێزەكانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە بتوانن جڵەوی بەڕەوەبردنی ئەم شڵەژانییە وەربگرن(ماوەیەكی كەمیان بۆ داناین كە بتوانین هەنگاو بۆئاوتكردنی ئەو دوو حزبە بدەین ،بەڵام نەمانتوانی -سەركردەی یەكێك لەو حزبانە-)،خەڵك رژانە سەر شەقام ،ترس لەسەر كیانی ئەو دوو حزبە دروستبوو ، كەچی حزبەكانی دەرەوەی ئەم دوو لایەنە بەدەوری یەك بازنەدا دەخولانەوە ، نەیانتوانی كاریگەری گەورە دروستبكەن ،لەپاڵ ئەوەشدا سەركردەی یەكەمی حزبەكان خۆیان دورگرت لە شەقام .١٥رۆژەكە تێپەڕی و سەركردە نەیارەكان لە ژوری فێنك كۆدەبوونەوە ،بەهیواشی جڵەوەكان كەوتەوە دەست ئەودوو حزبە .
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟
٢
ماوەی چەند ساڵێكە شەقامەكان پڕە لەدەنگی ناڕازیی ،دەمێك مامۆستایان و دەمێك فەرمانبەران و دەمێكش كارمەندانی تەندروستی .خەڵك توڕەیە داوای قوت وماف و موچەی خۆی دەكات .گیرفانەكان خاڵی بوونەتەوە ،بێ تاقەتی وقەیران و بێ ژیانیی ئەم هەرێمەی تەنیوە . كەچی بۆ یەك رۆژ نەیارە سەرسەختەكانی یەكێتی وپارتی (رێكخەری گۆڕان و سەرۆكی هاوپەیمانی و ئەمیندار وئەمیرمان)نەدی لەسەر شەقامەكان بوەستن و پشتگیری داواكاری خەڵك بكەن ،ئەوانمان نەدی لەریزی پێشەوەی دەنگە ناڕازییەكان هاوار بەرووی ئەم حكومەتە كەوتوەدا بەرزبكەنەوە .نەماندی خێمەیەك هەڵبدەن لەبەردەم حكومەت وپەرلەماندا وپاڵپشتێكی مەعنەوی بن بۆ موچەخۆران و مامۆستایانی موچە خوراو .
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟
٣
بارەگاكان دەسوتێنرێت ،تەقە لە بارەگا دەكرێت ،چالاكەوانەكان دەفڕێنرێت ،سەری لایەنگران وهەڵسوڕاوەكان دەتاشرێت ،سەرۆكی پەرلەمان رەوانە دەكرێتەوە ، وەزیر دەردەكرێت ، خەڵك بە چەقۆوەشین وەسف دەكرێت ، پاسەوان لە كەمئەندام دەدا ، مامۆستای ئاینیی ردێنی دەسوتێنرێت ، مامۆستای ئەلفوبێ بەرشەق دەدرێت ، دكتۆرەیەك بەبەرچاوی هەموانەوە پەلاماردەدرێت .ئەمە و دەیان رووداوی تر ،ئاسان تێپەڕدەبێت .ئەوان هەر بەیاننامە دەردەكەن وبێ دەنگ لەوروداوانە دەڕوانن. ئەگەرئەمان هێزی راستەقینەی موعارەزەبوونایە دەبوو نەهێڵن شەقام ئەم روداوانە ئاسان وەربگرێت ، نەدەبوو بهێڵن دیمەنەكان تەنها چەند ساتێك بمێننەوە و هیچ لەمەسەلەكان نەگۆڕێت .ئەگەر هێزی راستەقینە بن دەبوو ئەم روداوانە جوڵەی گەورەی پێی بكردنایە .
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە؟
٤
پڕ بەدەنگتان هاوارتان كرد ساختەكاریی گەورە كراوە ،وتتان دەنگمان ورەنگمان هاككراوە .ئەو دێڕە گەورەیەتان كردە تایتڵی هەموو كارێكتان ، هاوارتانكرد بێ دەنگ نابین لەسەر دەنگە دزراوەكانمان،دروشمی كوا دەنگەكەم وچی لێهات دەنگەكانمان؟ بووبە ژەمی سیاسەت لاتان .چوونە بەغدا ،وتتان دەنگەكان دەگەڕێنینەوە ،بەڵام دواجار لەناوبێ دەنگییەكدا بایكۆتان كرد ، لەهەموو هەنگاوێك كشانە دواوە . ئێستا لەنێوان ئەوەی خۆتان دەڵێن دەنگی دزراو وبایكۆتی پرۆسەی سیاسیی لەعێراق لە دڵەڕاوكێدان ،بڕیاری گەورەتان پێنادرێت . لەبەردەم وەڵامێ ئەو پرسیارەدا وەستاوون: چی بەدەنگدەرەكانتان دەڵێن ؟ئەمجارە چۆن متمانەی نەفەوتاندنی دەنگ لای خەڵك دروستدەكەن؟چۆن بانگەشەدەكەن ؟ئەی چی دەڵێن لە كاتی بانگەشەدا؟(رەنگە بایكۆتكردن باشترین چارەسەربێت بۆتان).
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئەی كێ بەرپرسە ؟
٥
بیریاری گەورەی عەرەب عەبدوڵا عەرەوی دەڵێت:بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەشكستی حكومەتەكان تێبگەیت ، دەبێت تەماشای هێزە ئۆپۆزسێونەكانیشی بكەین .
پەندێكی كوردیش هەیە دەڵێت :چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت .
ئەوانی دەسەڵات وئەوانی حكومڕان وئەوانی قوتخۆر ومۆچەبەر و نەوتفرۆش ،چیما نەیكەن .ئێوەش بێ دەنگ و تەماشاكەر سەیری تێپەڕینی رووداوەكان دەكەن ،وەك پێشتر وتم: یەكێتی وپارتی بۆیان دەركەوتوە:گۆڕان و كۆمەڵ ویەكگرتوو وهاوپەیمانی ، ئەم دۆخەیان نە پێی تێكدەدرێت ،نە پێی چاكدەكرێت ،نە پێشیان دەگۆڕدرێت .