Draw Media

ئاینده‌ی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق

ئاینده‌ی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق

2018-07-12 21:50:18


■ كامه‌ران بابان زاده‌ ..
له‌ هه‌فته‌ی رابردوو رامگه‌یاند به‌م ناونیشانه‌ وتارێك ده‌نووسم,سه‌رنجی هاورێیانی ناو فیس بووكه‌م داواكرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه‌, ویستم بڵێن من له‌وانه‌یه‌ هه‌موو گۆشه‌ نیگاكانی نه‌بیم, هه‌روه‌ها ئه‌و تارماییه‌ی له‌ بێ ئومێدی هه‌ست پێده‌كه‌م بزانم لای ئێوه‌ش هه‌ر وایه‌.
زۆر سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ رێگه‌ی كۆمینته‌كانیانه‌وه‌ به‌راشكاوی ئه‌وه‌ی له‌ناخیاندایه‌ بۆیان نوسیبووم. هه‌وڵده‌ده‌م لێره‌دا بیخمه‌ ناوه‌خنی ئه‌م وتاره‌وه‌. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌م ئه‌ویش زۆربه‌ی كومینته‌كان ره‌شبینی زۆری پێوه‌ دیار بوو به‌رانبه‌ر ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و متمانه‌ به‌ ئاینده‌ی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان.
پێشتر رامگه‌یاند:
1- ریفراندۆم بێ ئه‌نجامه‌, خراپه‌, بێ زه‌مینه‌و كۆتایی‌وده‌رهاویشته‌كانی ده‌بینم وا ده‌رچوو.
2- چوار حیزبه‌ (كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتوو, هاوپه‌یمانی) بایكۆتی به‌غدا بكه‌ن, چونكه‌ به‌غدا یه‌كێتی‌و پارتی فه‌رامۆش ناكات بۆ ئێوه‌ واده‌رچوو.
3- وتم ده‌گده‌ران هێنده‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌ڵویست ده‌كه‌ن هێنده‌ چاوه‌ڕوانی یه‌ك لیستی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان ناكه‌ن, راست ده‌رچوو.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌ واقیعی بنوسم, چۆن حاڵی بووم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر دیڕه‌كان.
یه‌كه‌م/ پارته‌ ئۆپۆزسیوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه‌ بۆ هه‌مووان له‌ جێی خۆیدا نه‌بێ, به‌ڵام سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌مووانی كۆكرده‌وه‌, له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دا پێشتر په‌یوه‌ندی نێوانیان خراپ نه‌بوو. له‌وانه‌یه‌ ناساندنی وردتر بۆ كۆمه‌ڵا‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و سوسیالیست و حیزبی شیوعی‌و ئه‌وانی دیكه‌ بوترین لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات باشترین پێناسه‌ بێت هه‌مووان كۆبكاته‌وه‌.
دووه‌م/ چه‌مكی ئۆپۆزسیون زیاتر له‌ كابینه‌ی 6و له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆمه‌ڵا و یه‌كگرتوو بزوتنه‌وه‌ی گۆران هاته‌ ئاراوه‌, چونكه‌ ئه‌وان به‌ فه‌رمی وتیان به‌شداری كابینه‌ی حكومه‌ت ناكه‌ین‌و ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیون. دوایی مانای فراوانتر بوو, ئێستا هه‌موو ئه‌و پارت‌و ره‌وت‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرن به‌خۆیان ده‌ڵێن ئۆپۆزسیون, من كاتی خۆی له‌ ئه‌یلولی 2009 زنجیره‌یه‌ك وتارم له‌ رۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ نووسی له‌سه‌ر بایه‌خ‌و ئه‌ركی ئۆپۆزسیون, بۆ ئه‌و كات ئۆپۆزسیون بوون هه‌نگاوێكی گرنگ بوو.

ئۆپۆزسیون‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ئۆپۆزسیون:
1- له‌ كوردستان پێش ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی لایه‌نی سیاسی ئۆپۆزسییونمان هه‌بیت, شه‌مافی نارازیی‌و كه‌ناڵی میدیایمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌بووه‌, رۆشنبیرانی نارازیمان هه‌بووه‌, خۆپشاندان‌و ده‌سته‌و تاقمی نارازیمان هه‌بووه‌.
2- له‌ كوردستان ئۆپۆزسیون یه‌ك مه‌جه‌عیه‌ی نیه‌, هه‌تا پارته‌ سیاسییه‌كانیش به‌ توكمه‌یی خاوه‌نی ئۆپۆزسیونی شه‌قام نین, كه‌واته‌ دیسپلینكردنی ئۆپۆزسیون‌و ملكه‌چ بوون‌و وا به‌ئاسانی قه‌ناعه‌ت پێهێنانی بۆ سیناریوی هێزه‌ ئۆپۆزسیونه‌كان كارێكی ئاسان نیه‌, بۆیه‌ عاجز بوونی شه‌قامی نارازیی له‌م هێزه‌ی ئۆپۆزسیون یان له‌و هێزه‌یان له‌و كاته‌ی هه‌ڵویسته‌كانی نه‌رمی تێدا بووبێت قبوڵ كراو نه‌بووه‌و ئه‌و هێزه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر توڕه‌یی شه‌قام‌و له‌ ریزی ئۆپۆزسیون ده‌ریانهێناوه‌و قسه‌یان پێ وتووه‌. ئه‌و هێزه‌ش كه‌وتۆته‌ به‌رگری له‌ هه‌ڵویسته‌كانی به‌لام له‌ هه‌ڵبژاردن تۆڵه‌یان لێكردۆته‌وه‌.
3- له‌سه‌ره‌تاوه‌ هێزه‌ 3 هێزی سیاسی بوون رێبه‌رایه‌تی شه‌قامی ناڕازییان ده‌كرد (كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتوو) ته‌با‌و خاوه‌نی یه‌ك پاكێچی چاكسازی‌و لێژنه‌ی هاوبه‌شی خه‌مه‌كان بوون, كه‌چی دوایی 9 ساڵا هه‌م ئه‌و سێ هێزه‌ به‌ته‌بایی جاران نه‌ماونه‌ته‌وه‌و هه‌م هێزی دیكه‌ دروست بوون‌و موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌ن, لێره‌دا ته‌بایی نێوان هێزه‌ تازه‌و كۆنه‌كان تۆكمه‌ نیه‌.

چاوه‌ڕوانی ده‌نگده‌ر ‌و سه‌رده‌می نائومێدی
راسته‌ هێزێكی دیكه‌ی وه‌كو (هاوپه‌یمانی نیشتیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری)و (نه‌وه‌ی نوێ) هاتنه‌ رێزی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كانه‌وه‌, له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دا دره‌نگ هاتن, به‌ڵام كه‌ره‌سته‌ی تازه‌ییان پێ نه‌بوو بۆ به‌ره‌نگاری.. (ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار له‌ كوردستان هه‌یه‌, ره‌خنه‌ی لێ بگره‌و ده‌نگ به‌ده‌ست بێنه‌),, به‌شداری خۆپشاندانه‌كانی زۆنی سه‌وز بكه‌, با زۆرنی زه‌ردیش له‌رێگه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشای بكات, ئه‌وكات له‌ هه‌ردوو زۆن ده‌نگ زیاد ده‌كات, كه‌ ده‌نگ زیادی كرد كورسی په‌رله‌مانت زیاد ده‌كات.. ئه‌وكات ده‌توانی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی هه‌مووار بكرێته‌وه‌, یاسای سندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان ده‌رده‌چێ, ده‌توانی رێگری بكه‌یت له‌ ریفراندۆمی بێ ئه‌نجام.. كه‌چی له‌به‌رانبه‌ر هه‌موواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌رله‌مان په‌كخراو.. پاره‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سندوقی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان‌و داهات شه‌فاف نه‌بوو, خه‌رجی ناشایسته‌و موچه‌خۆی بندیوار چاره‌سه‌ر نه‌كرا‌و ریفراندۆمیش هه‌ر كراو ئه‌نجامده‌رانی له‌ موزایه‌ده‌ ناكه‌ون....هتد..
ئه‌مجاره‌ وتیان ده‌نگتان پێ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لای به‌غدایان لێ بگرن, چونكه‌ كاریگه‌ری به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم زیادی كردووه‌, كه‌چی به‌مه‌ش هیچ به‌ هیچ نه‌كرا..
هه‌تا ئیستا ئۆپۆزسیون هه‌ر ئه‌و یاریه‌ ده‌زانی كه‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانیه‌...
هه‌ر یه‌ك ساحه‌ی هه‌یه‌ یاری تێدا ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌ویش رێكاری یاساییه‌ به‌ ده‌نگدان‌و لایه‌نگریه‌تی جه‌ماوه‌ر.. 
نه‌ به‌نیازه‌ له‌ بێ ئومێدی شه‌ڕه‌ ده‌نگ بیكاته‌ شه‌ڕه‌ تفه‌نگ‌و نه‌ له‌ جیاتی بێ نیازكردنی وڵاتانی ئیقلیمی‌وده‌ولی به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵیان رێك بكه‌وێ له‌حاله‌تی گه‌شتن به‌ده‌سه‌ڵات ئه‌م زیاتریان بداتی..
نه‌ داهات‌و نه‌وتی كوردستانی وه‌كو حیزب ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست هاوكاری ده‌نگده‌رانی پێ بكات‌و نه‌ قه‌ناعه‌تی به‌م شێوازه‌ هه‌یه‌..
چاوه‌ڕوان ده‌كات چین‌و توێژه‌كان خۆپشاندان بكه‌ن.. سه‌ركرده‌و هه‌لسوڕاوانی ئۆپۆزسیون له‌رێگه‌ی مایكرۆفۆنه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن.. (ته‌نیا قسه‌) خوا نه‌خواسته‌ به‌نیازیش نین.. پێش جه‌ماوه‌ر بكه‌ون‌و خۆیان بزوینه‌ری خۆپیشاندان بن‌و رێبه‌رایه‌تی بكه‌ن‌و قوربانی بده‌ن..

ئه‌گه‌ر به‌م هه‌نگاوانه‌ له‌رابردوو جه‌ماوه‌ر پشتگیری له‌ ئۆپۆزسیون كردبێت.. ئه‌وه‌ له‌ ئێستا به‌دوای به‌لای كه‌مه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كات.. ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و قۆرغكاری...... منیش ده‌یزانم.. به‌ چیت له‌ده‌ست دێت بۆ گۆڕانكاری.؟؟!!!
پرسیارێكی ره‌وایه‌و جه‌وهه‌ری بێ ئومێد بوونی خه‌ڵكه‌.. هه‌تا ئه‌م پرسیاره‌ بێ وڵام بێت بانتایی بێ ئومێدی زیاد ده‌كات..

ئاریشه‌كانی ئێستا
یه‌كه‌م/ له‌ساڵانی رابردوو خۆپشاندانه‌كان به‌ زۆری لۆكاڵی بوون, نه‌گه‌یشته‌ پایته‌خت (هه‌ولێر) فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان له‌ پایته‌خته‌وه‌ ده‌بێت نه‌ك له‌ كه‌لارو كفری‌و رانیه‌و قه‌ڵادزی. ئایا ئۆپزسیون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ناچار بكات به‌چاكساز ده‌توانی له‌ پایته‌خت فشار بكاته‌ سه‌ر حكومه‌ت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆرنی سه‌وز جۆرێك له‌ به‌رگریان وه‌رگرتووه‌ له‌به‌رانبه‌ر خۆپشاندان به‌وه‌ی با مه‌یدانه‌كان هه‌ر بۆ خۆیان بقیژینن.. ئایا ئه‌مجاره‌ ئۆپۆزسیون ده‌توانی رێبه‌رایه‌تی خۆپشاندانی سه‌رتاسه‌ری بكات.. ئه‌ری به‌راست ئه‌وه‌ی پێ ده‌كرێ.. ئه‌گه‌ر نه‌توانی ده‌نگده‌رانی ناهه‌قیان نیه‌ بێ ئومێد بن..
دووه‌م/ له‌ هه‌رێمی كوردستان (په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان)و (نه‌وت‌و ئابووری‌و داهات) و (هیز‌و تفه‌نگ) دامه‌زراوه‌یی نین, هی دوو هێزی سه‌ره‌كیه‌كه‌ن, هێزه‌كانی دیكه‌ هیچ كاریگه‌ریان له‌و سێ سێكته‌ره‌ نیه‌, ئه‌و ساحه‌یه‌ی یاری تێدا ده‌كه‌ن ته‌نیا ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌, به‌ڵام ده‌نگی جه‌ماوه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌و سێ بواره‌ی دیكه‌ هێزه‌ سیاسیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ناگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات, جارێك و دوو جار‌و سێ جار و چوار جار ده‌نگده‌ر ده‌نگ به‌ هێزێك بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵات پیاده‌ بكات, به‌لام نه‌یگاتێ, به‌ دڵنیایی ئه‌و هێزانه‌ ده‌نگده‌رانیان ماندوو بێ ئومێد ده‌بن.
سێیه‌م/ هێزه‌ موعاره‌زه‌كان ته‌نیا بۆ (سكاڵا) له‌ ده‌ست پارتی ‌و یه‌كێتی ده‌چنه‌ به‌غدا, ئه‌گیان هیچ ته‌فاهوم‌و ریكه‌وتن‌و پرۆژه‌‌و كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌مانه‌و هێزه‌ عێراقیه‌كاندا نیه‌, له‌به‌رانبه‌ردا هێزه‌ عێراقیه‌كان دواجار هه‌نگاوه‌كانیان به‌ زیانی هێزه‌ موعاره‌زه‌كان‌و به‌ سوود بۆ یه‌كێتی‌و پارتی كۆتایی دێت. پرسی راده‌ستكردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌و خاوكردنه‌وه‌ی به‌غدا له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست‌و زۆری تر گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ن.
چواره‌م/ لایه‌نه‌ موعاره‌زه‌كان به‌ یه‌ك لیستیش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن, ناتوانن حكومه‌ت بگرنه‌ ده‌ست, چونكه‌ پرۆژه‌یه‌كی سیاسی هاوبه‌ش‌و هه‌ڵویستی سیاسی هاوبه‌شیان نیه‌, دوایی ناتوانن زۆرینه‌ی كورسیه‌كان به‌ده‌ست بهێنن‌و دواجار پارتی‌و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان, ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش بگرنه‌ ده‌ست ناتوانن به‌ یه‌كجار نه‌یاریه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی بكه‌ن كه‌ هێزی چه‌ك‌و داراییان له‌به‌رده‌سته‌.
كه‌واته‌ هێزه‌ موعاره‌زه‌كان له‌ قه‌یران دان, قه‌یرانی كاردن بۆ ئایینده‌یه‌ك كاریگه‌ریان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیه‌وه‌ زیاد بكات, بتوانن به‌ره‌و به‌دیل بچن.

موعاره‌زه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ هه‌تا زوڵم‌و نادادگه‌ری به‌رده‌وام بێت.
ره‌خنه‌ له‌ موعازه‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌سه‌ڵات باشه‌, خه‌لك نیگه‌ران نیه‌, نه‌خیر, به‌ڵكو له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان یگه‌رانی شه‌قام‌و پارته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانه‌, ئیستا شه‌قامی نیگه‌ران نایه‌وێ گوتاری پارته‌ موعاره‌زه‌كان له‌سه‌ر دوو ریتم درێژه‌ بده‌ن ئه‌وانیش: 
یه‌كه‌م/ قسه‌ دووباره‌و سه‌د باره‌ به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خراپه‌ (پیاو یه‌ك جار به‌ زستان ده‌ڵی سارده‌) ئیتر ته‌واو زانیاری تازه‌ نیه‌و هه‌موو ده‌یزانن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان خراپه‌.
دووه‌م/ ده‌سه‌ڵات جۆریك له‌به‌رگری دروست كردووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌, واته‌ وای لێهاتووه‌ ره‌خنه‌گرتن ئازایه‌تی نیه‌.
شه‌قام نیگه‌رانه‌, موعاره‌زه‌ی راسته‌قیه‌ شه‌قامه‌, خۆپشاندانه‌كانی كۆتایی ساڵی 2017 ده‌ریخست شه‌قام له‌ هه‌مووان نیگه‌رانه‌, باره‌گای كۆمه‌ڵ‌و گۆران‌و یه‌كگرتووش كه‌وته‌ به‌رشاڵاوی ناره‌زایی.
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كپ بوونه‌وه‌ی ناره‌زایی نیه‌ به‌ڵكو بێ ئومێدیه‌ له‌ رێبه‌رایه‌تی كردنی موعازه‌ره‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵا, گۆران, یه‌كگرتووو ئه‌وانی دیكه‌وه‌.

راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئه‌مرۆ (8/ 7) ره‌مزی بێ ئومێدی
دوا هه‌نگاوی لایه‌نه‌ موعاره‌زه‌كان ئه‌مرۆ 6 لایه‌ت (كۆمه‌ل, گۆران, یه‌كگرتوو, هاوپه‌یمانی, بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی, حیزبی شیوعی) كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هه‌یه‌ دوا, له‌ دوای چه‌ند خاڵێك له‌گله‌یی و ناره‌زایی كۆتایی به‌مه‌ هاتووه‌ (ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌, پێچه‌وانه‌ی رینوماییه‌كانه‌, كومیسیون ده‌بێته‌ شه‌ریكی ساخته‌كاری..) چه‌ند رسته‌یه‌كی بێ ئه‌رزش‌و لاستیكی ..
ئه‌نجامی دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی له‌ سه‌دا 25 ده‌نگه‌كانیش پێم وانیه‌ هیچ له‌ نیگه‌رانیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. به‌ڵام ده‌رهاویشته‌ی زۆر خراپی ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌لبژاردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مجاره‌ به‌ته‌واوی پرۆسه‌ی نائومێدكردنی ده‌نگده‌ر سه‌ر ده‌گرێ.

ئه‌ی چاره‌سه‌ر؟
من ته‌نیا تارمایی ئه‌و قه‌یرانه‌ نابینم كه‌ (كۆمه‌ڵ, بزوتنه‌وه‌ی گۆران, هاوپه‌یمانی, یه‌كگرتوو) به‌ره‌و رووی ده‌بنه‌وه‌. ده‌كرێ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمه‌ پوختی بكه‌مه‌وه‌ به‌ناوی (پرۆژه‌ی رێگه‌چاره‌ بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یرانی سیستمی حوكمرانی و رۆڵی پارته‌ ئۆپۆزسیونه‌كان)..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand