یەك كاتژمێری ماوە
2018-07-10 16:15:32
■ محەمەد نوری ..
رۆسۆ پێشتر وتویەتی: بەرژەوەندی سەرەكیو بنەڕەتی هەمو پادشایەك لەوەدایە كە میللەتەكەی لەدۆخێكی لاوازدابێتو توانای بەرەنگاربونەوەی نەبێت..
كاتژمێر یانزەیە، یەك كاتژمێری ماوە بۆ دواساتەكان، كاتژمێرێكیش بەسەر سەعات دەدا تێپەڕیوە. كەواتە نزیكبوینەتەوە لەكۆتاییەك، نزیكدەبینەوە لەكەوتنە گەورەكان، لەنەمانی بەهاو پێوەرە دروستەكان. خەریكە دەگەین بەكۆتایی هەمو شتێك. هیچ مانایەك بۆ شۆڕشو دەسەڵاتو هەڵبژاردنو تەنانەت ژیانیش لەم كۆمەڵگایەدانەماوە. هەموو شتەكان نەك تەنهاكەوتون، بەڵكو وردوخاشبوون. خەونەكان وەك شوشەی كریستاڵ هەلا هەلابون، ئەستەمە كەسێك یان بەنی ئادەمێك بدۆزیتەوە لەم هەرێمەدا خەونی هەبێت بۆ سبەی، رەنگەتەنها جەردەكانو قاسە بەدەستەكانی وڵات ئومید لەسەر سبەینیی ئەم وڵاتە هەڵبچنن.
یەك كاتژمێری ماوە بۆكۆتایی و كاتژمێرێكیشمان تێپەڕاند بەسەرهەموو قەیران وكێشەكاندا .شەڕی براكا ن وڵاتی خەڵتانی خوێن كرد، دوایش جەنگاوەرەكانی كوشتن وەك بەرزەكی بانان بۆی هەڵهاتن .
فەردە پڕكەری گومرەكان ئێستا بە چاكەت و پانتۆڵی گرانەبەهاوە مامەڵەی نەوت دەكەن .هەموو شتێك بەشكرا ،سنور ورەنگ و ناو و پیشە و تەنانەت مزگەوت وخانەقا وتەكیەكانیش دابەشكران ،ئەوان لەئەلفوبێی سەرەتاییە تا هەموو شاروشارۆچكەكانیان لەنیو خۆیاندا وەك پاشماوەی شۆڕش بەشكرد .حەیرانبێژ و كەمانچەژەن و بەند بێژەكانیشیان لەنێوان خۆیاندا بەشكرد ،تەنانەت ناوهێنانەكانیشیان بەكەیفی دڵی خۆیان هەڵبژارد ،لەوێ ئەوەی دەخوێنێت قوتابییە ، لێرە خوێنكارە،لەوێ ئەوەی دەكوژرێت ئافرەتە ، لیرە ژن .ئەوان ئاوازێكیان لەم هەرێمەدا بۆ ژیان دانا ، ئاوازی قیڕەی قازەكان ،ئەوانەشی لەدەرەوەی ئەم قیڕەیە هاوار بكات یان دەینێرن بۆ لای سەردەشت یان وەك كاوەی لێدەكەن.
یەك كاتژمێری ماوە بۆ تواندنەوەی هەموو ماناكان و گلۆربوونەوەی هەنگاوەكان بۆ زەلكاوی نائومێدی .`
كەس ناپرسێت :چەندان ساڵە زانكۆ وپەیمانگاكان دەرچوو فڕی دەدەنە سەر شەقامی بێ كاریی وسوڕانەوە بەدەوەری چای سەهۆڵەكە ولەفەی ئیسكان ، چارەنوسی بە كوێ دەگات؟ ئەم لەشكرە كە توڕەبوو هیچ رەنگ و سمبول و گرد و شاخێك ناناسێت ،بەهەموودا دەتەقێتەوە.ئەرێ دیمەنی ئەو بێ كاریی و جاڕەسبوون و دەستبەتاڵییەی گەنجان نابینرێت ؟ئەم لافاوە دەتوانێت بەربەستە سەختەكان تێكبشكێنیت ، نەك ئێستا بەڵكو رابردووش هەپروون بە هەپروون بكات.
كاتژمێرێكی ماوە بۆ ئەوەی لە جیاتی چەپڵە بۆ كوردایەتی جڕتی گەورەی بۆ لێبدرێت .لە جیاتی شینگێڕان بۆ سەركردەكان شایی كامەرانیی بكرێت ،لە جیاتی درۆی پاراستنی كیانی كوردی ،خۆیان ببنە رۆحكێشی ئەو كیانە .
یەك كاتژمێری ماوە تا هەموو پولەكان بەتەواوەتی بكەوێت.
تەنانەت یەك كاتژمێری ماوە بۆ دەركەوتنی تابلۆ گەورەكەی ناو حزبەكانیش،مردنی هەندێ فیگەر و ناو لە حزبەكان
بە گشتی ، ئەو دووحزبە بەتایبەت زۆر لە مەلەفەكان یەكلادەكاتەوە ،بەركەوتنەكان زیاد دەكات و تەماعی كورسییەكان خۆشتروشكاندنی ملی یەك زیاتر دەكات. مردنی هەندێ لە قەدیمەكانی كوردایەتی ، یارییەكە بەجۆرێكی تر دەگۆڕێت .
(مردنی ئەو قەدیمانە ،هاوكێشەكان دەگۆڕێت،دەسەڵاتەكان پەرتردەبن).
یەك كاتژمێری ماوە بۆ كۆتاییهاتن بە گەمەیەك ناوی شۆڕش وبە یارییەك ناوی كوردایەتی و بە گاڵتەبازاڕییەك ناوی ئەزموونی حكومڕانی خۆماڵییە .
ئێوە وردببنەوە ببینن .. لەدوای شۆڕشی ئەیلولەوە چ تۆفانێك لە خوێن دەڕژێت لەپێناو سەركێشی و توڕەبوونی سەركردەكان،كەچی لەوسەرەوە ئەوان بەناوی مافی گەل و بەرگریكردن لە كورد دەیفرۆشنەوە ،هەر كاتێكیش دەرفەت رەخسابێت باوەشی پڕ ماچ و سۆز و پۆستیان بۆ دوژمنەكان كردووەتەوە. هەركاتێك ئەوان لەبەغدابوون عێراقیی بوون ،هەركاتێكیش ئەوان لەبەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان تۆراوون، رێگای عیراقیان بە رێگای جاشایەتی ناساندوە .
ئەوان پێوەری نیشتیمانپەروەرییان بە قیاسی حزبایەتی خۆیان دوریوە ،گرنگ نییە تۆ شێری شێران بیت یان دیوكوژی مەیدانبیت ،با ترسنۆكی لەرزیوو یان هەڵهاتووی هەموو جەنگەكان بیت گرنگ ئەوەیە شوناسێكی شەق و شڕی ئەوان یان ئەمان یان ئەولا یان ئەملات پێبێت .
لەدوای راپەرینەوە كەس وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە ئەرێ ئێوە بەنیازی چین ؟هاتوون وەك قەومی خاكدڕ، زەوی ودارو بەردی ئەم وڵاتە ببەنە ناو گەنجینەكانی خۆتانەوە ،یان هاتوون دەسەڵاتی كوردی بچەسپێنن؟
لەدوای راپەڕینەوە كەس وەڵامێ ئەو پرسیارەی نەدایەوە كەی چاكی دەكەن،خۆ هەر وێرانتری دەكەن،كەی دەیگۆڕن خۆ هەر چەقاندووتانە ؟كەی پاكی دەكەن خۆ هەر پیسی دەكەن .
یەك كاتژمێری ماوە ..زەنگی كۆتایی لێدەدرێت ،ئەوكات هەولێر بۆ سلێمانییەك جیاوازنابێت لەبەسڕە ، ئەنبار دەبێتە دهۆك بۆ هەولێرییەك..ئەوكاتە عێراقیبوون بۆ پۆست نابێت بەڵكو وەك وڵاتێك ئاسایی تێیدا دەژین دور لە هوتافی سەدساڵیی خاڵی لە شەڕی راستەقینە بۆماف .
*چەمكی كاتژمێر یانزە ،ناونیشانی كتێبێكی مارتن لینگەرە.بەو مانا رۆحانییەی نە كاتژمێر دەیە كات بەدەستەوە مابێت .نە كاتژمێر دوانزەشە دونیا كۆتایی بێت ..بەڵكو یەك كاتژمێرمان ماوە بۆ كۆتایی