Draw Media

ئه‌ركه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و یه‌كه‌م شكستی حیزبه‌ ناڕازییه‌كان

ئه‌ركه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و یه‌كه‌م شكستی حیزبه‌ ناڕازییه‌كان

2018-07-09 12:40:21


■ ئەبوبەكر كاروانی...

قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێم و حیزبه‌كان، سه‌ره‌تای دۆخێكی نوێ بوو، لانی كه‌م له‌ چاوی هه‌ندێ له‌ ناوه‌نده‌ فكری و سیاسیه‌كه‌ی كوردستان.
به‌ واتای، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته‌ هۆی دوباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی حیزبی و سیاسی له‌ كوردستانی باشووردا.

به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌كان نیشتنه‌وه‌، وه‌ره‌قه‌كان راكێشران، هه‌ندێ هه‌وڵی سه‌رپێیی و په‌له‌ په‌ل درا، بێ ئه‌وه‌ی بڕژێته‌ خانه‌ی دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی و پێگه‌ی هێزه‌كان. له‌ دوای ره‌وینه‌وه‌ی ته‌م و مژی دۆخه‌كه‌ و دووباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌ حوكمڕانه‌كانه‌وه‌، حیزبه‌ ناڕازییه‌كان دووچاری جۆرێ له‌ شڵه‌ژان و نابه‌رچاوڕوونی بوون. ساخته‌كارییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عیراقیش شوێنی خۆی گرت و جۆرێك له‌ نائومێدی له‌ناو جه‌ماوه‌ر و حیزبه‌كاندا دروستكرد. فه‌زای سیاسی به‌جۆرێك ژه‌هراوی كرا، حیزبه‌ ناڕازیه‌كان له‌ڕێی راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ زۆر كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، ده‌نگده‌ر هێنده‌ی تر نائومێد نه‌بێت و بڕستی ئه‌وه‌ی تیا بمێنێ، جارێكی تر بێته‌وه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وان هه‌ڵوێستی له‌ مه‌ر پێكهێنانی لیستێكی هاوبه‌ش چی بووه‌، له‌ سۆنگه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌نجامه‌كان، به‌ كرده‌وه‌ له‌وه‌دا شكستیان خوارد كه‌ ئه‌م داوایه‌ بۆ نائومێد نه‌بوونی جه‌ماوه‌ر وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر ره‌فتار و كرده‌ی سیاسی و به‌وه‌ش راستگۆیی خۆیان به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران بخه‌نه‌ ڕوو.

حیزبه‌كان خۆیان و ناوه‌نده‌ فكرییه‌كه‌ش، ئه‌وه‌یان لا ڕوون بوو گێڕانه‌وه‌ی ئومێد به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و سندوقه‌كان، پێویستی به‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكی فراوانی نێوان خۆیان و كه‌سێتی و چالاكوانه‌ سیاسی و چفاكیه‌كانه‌. ره‌نگه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ش ببێته‌ گرنگترین هاندان بۆ ده‌نگدانی به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم، كه‌ دۆخه‌كه‌ دووچاری جۆرێ له‌ پوچگه‌رایی سیاسی كردوون.
ده‌نگده‌رانی ناڕازی مافی خۆیانه‌ به‌م حیزبانه‌ بڵێن له‌ ئاست لێپرسراوێتی قۆناغه‌كه‌ و چاوه‌ڕوانی به‌شێكی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا نه‌بوون. له‌دوای ئه‌م سه‌رنه‌كه‌وتن و شكسته‌ش ئه‌م حیزبانه‌ دوو ته‌حه‌دای تریان له‌پێشه:‌

(أ‌) پابه‌ندبوون به‌و به‌لینه‌ ئه‌خلاقیه‌ نه‌نوسراوه‌ی نێوانیان، كه‌ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر.

(ب‌) دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش پیكبێنن. یاخود له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی چوونه‌ ناو حكومه‌ت یان مانه‌وه‌ وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، بڕیاری هاوبه‌ش بده‌ن. 
به‌ش به‌ حاڵی خۆم دڵنیا نیم له‌وه‌ی له‌م دوو وێستگه‌شدا حیزبه‌كان سه‌ركه‌وتوو ‌بن چونكه‌ رابردووی برینداریان وا ده‌كات په‌یجه‌ سێبه‌ره‌كان وابكه‌ن بكه‌ونه‌ گیانی یه‌ك، وه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردن توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن.

هیوادارم ئه‌م حیزبانه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بسه‌لمێنن ..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand