زمان تێڕوانینی كورد به‌رانبه‌ر به‌ جوو.

Draw Media

2023-12-15 07:37:25




د. قه‌یس كاكل تۆفیق*
 

ئەوەى لێرەدا دەمەوێ باسى بکەم، جیاوازى تێڕوانینى کورد بەرانبەر تاکى جوو کە لە رابردوودا چۆن بوو؟ ئیستا چۆنە؟ کورد چۆن سەیرى جوولەکەى کردووە؟ بەها و پایەکۆمەڵایەتییەکەى جاران چۆن بوو، ئیستاش چى لێ هاتووە؟ وەکو زمانەوانێك هەوڵ دەدەم ئەو تێڕوانینە لە زماندا بەرجەستە بکەم.
زمان سەرەڕاى ئەوەى کە گرنگترین هوکارى پەیوەندى کردنى مرۆڤە. ئەرشیفێکى گرنگه‌ كه‌ مێژوو و کولتور و تێڕوانین و چۆنیەتى بیرکردنەوەى کۆمەڵگا نمایش دەکا. پەیوەندى زۆر بەهێز لەنێوان زمان و رۆشەنبیرى، زمان و بیر، زمان و کولتور، زمان و نەتەوەدا هەیە. هیچ بۆچوون و تیۆرێک نییە کە نکوڵى لەو پەیوەندییە بکا. بەڵکو هەموویان دان بەو پەیوەندییە بەهێزەدا دەنێن و لەلاى هەندێکیان وەک دوو ڕووى دراوێک دەیبینن. کۆمەڵگاى کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکى تر چۆنیەتى بیرکردنەوە و مێنتاڵیەتەکەى لە زمانەکەیدا رەنگى داوەتەوە. ئیدیۆم، پەندى پێشینان، لێکچواندن و هەندێ دەربڕینى تر کە له‌ زماندا هەن نموونەى زەقى ئەو دیاردەیەن. بۆ نموونە، کورد سەگ بە گڵاو دادەنێت و مەر بە فەقیر و زەڕینى کەر بە شێوەیەکى خراپ... هتد. ئەوانەش بە زەقى لە زمانى کوردیدا ڕەنگیان داوەتەوە لەبەر ئەوەى پەیوەندییان بەو جیهانبینییە ئاینییەوە هەیە کە مێنتاڵیەتى کوردى ڕەنگڕێژکردووە. لێرەدا نامەوێ باس لەو پەیوەندییە بکەم کە چۆنە. باوەڕم وایە کەس نکۆڵى لەو پەیوەندییە ناکات کە زمان و تێڕوانینى کۆمەڵگا ئاوێنەى یەکترن.
جوو(جوولەکە) هەر لە دێر زەمانەوە لە کوردستان ژیاون. تێڕوانینى تاکى کورد بۆ جوو و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیان لە زمانەکەیدا ڕەنگى داوەتەوە. کۆمەڵێ ئیدیۆم و پەندى پێشینان و نوکتە و بەسەرهات لە ئەدەبیات و فۆلکلۆرى کوردیدا هەیە، کە وێنەى کەسایەتى جوو نیشان دەدا. هەرچەندە ئێستا ئەو ئیدیۆمانە بەکار نایەن بەڵام زۆربەمان لە باپیرانمان یان بە تەمەنەکانمان بیستووە، کە گوتویانە: وەکو جوو دەپاڕێتەوە، دەڵێى جووە دەترسێ، وەک جوو ڕەزیلە، یان بە منداڵ گوتراوە بۆ دەگریێی جوولەکە. تەنانەت هەندێجار وەکو جووێنیش بەکار هاتووە. بۆ شکاندن کەسێک بە تۆنێکى قوڕس پێان گوتووە جوولەکە. تێڕوانین بەرانبەر گروپى ئیتنى و عەشیرەت و نەتەوەى تر لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە و لە زمانەکەیدا ڕەنگى داوەتەوە، بۆ نموونە: کۆمەڵێ دەربڕین کە گوزارشت لە بێ دەسەڵاتى و ترسنۆکى و ڕەزیلى و نوزانەوە و گریان دەکەن بە جوو یان جوولەکە دەچوێنرێن. عەرەب یان یەزیدى بە پیسوپۆخڵى. لە شارى هەولێردا (کرمانجەکان) ، تورکمانیان کردبووە ڕەمزى ترسنۆکى و شەڕنەکردن (بێغیرەتى). بە پێچەوانەشەوە تورکمانەکان کرمانجەکانیان بە ئاست نزم بێ ئەتەکێت وەسف دەکرد. بوونى کۆمەڵێ نوکتەش لەسەر یەکترى ڕاستى ئەو تێڕوانینە دەسەلمێنێ، کە بەرانبەر یەکتر هەیان بووە.
ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەو دەربڕینانە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا و ئەو تێروانینە نەماوە یان بەتەواوى کاڵ بۆتەوە. وەکو بەڵگەش بۆ نەمانى ئەو تێڕوانینە ئەوەیە کە ئیستا ئەو ئیدۆم و لێکچواندنانە لە زمانى رۆژانەى نه‌وه‌ی ئێستادا بەکارنایەت. تەنیا وەک ئەرشیفێك لە دەقى کتێبەکاندا ماوەتەوە. لێرەدا پرسیارێک بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، کە بۆچى بێدەسەڵاتى و گریان و ترسنۆکى جوولەکە چۆتە ناو زمانى کوردى و بۆتە ئیدیۆم. ئەم دەربڕینانەى زمانى کوردى کە وەسفى جوولەکە دەکا ئەوەمان پێدەڵێ کە ستەمیان لێکراوە و ئەوانیش لەبەر ئەوەى کەمینە بووینە تواناى بەرگرى کردنیان نەبووە، ئیتر پەنایان بۆ گریان و پاڕانەوە بردووە. یەک ئیدیۆم یان پەند و دەستەواژە لە کوردیدا نابینرێ بەشێوەیەك وەسفى جوولەکە بکا،کە ستەمیان لە خەڵك کردبێ یان هێرشیان بردبێ و پەلاماریان دابێ، یان پیاوکوژ و زاڵم بووبن. بەڵکو هەموو ئەو دەستەواژانەى کە بەدى دەکرێ ئاماژەن بۆ مەزڵومیەتى جوو، یان ڕەزیلیى جوولەکە کردووە. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌سوك سه‌یركردنه‌ چۆته‌ ناو شیعرو ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكه‌وه‌. بۆنموونه‌ شاعیری هه‌جوو شێخ ره‌زای تاله‌بانی له‌ زۆر شوێندا كه‌ هه‌جووی یه‌كیك ده‌كا ئه‌وا به‌ جوی ده‌چوێنێ. وه‌ك:  
    به‌چكه‌ یه‌هودیه‌كم گرت و ..... هاواری كرد یا موسا

    گه‌ر سه‌روریشی پیاوانه‌یه‌ باوه‌ڕ مه‌كه‌ پێی
             باتینی جوله‌كه‌ و  زاهیری زوههادی هه‌یه‌
    ئاگر ئەگەر لە ماڵی چێ
دەڵێن ئاگر نییە، نوورە
نەنوورەیلێ، نەموورەیلێ
شاپڵیتەیلێ، دەرقوونەیلێ
قسەی جوولەکەی مەشهوورە

 ئەوەى مایەى سەرنجە بە کەم تەمەشاکردنى جوو یان جوولەکە تەنیا لە کوردستان نەبووە، بەڵکو نموونەى شانۆگەرییەکانى شکسپیر و کارەکتەرى شایڵۆك لە بازرگانى ڤینیسیا ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە ئەوروپاش ئەو شەپۆڵى دژە جوولەکەییە هەبووە. تا لە سەردەمى نازییەکاندا و لە هۆلۆکۆست گەیشتە لوتکە.
کۆمەڵگاى کوردى لەبەر ئەوەى کۆمەڵگایەکى خێڵەکى بووە. خێڵ سەرچاوەى هێز و دەسەڵات بووە. ئیتر جووەکانیش لەبەر ئەوەى لە کوردستان پەرت بووینە و خێڵێکى بەهێز نەبووینە تا بتوانن وەک خیڵەکانى تر پەلامارى دەوروبەریان بدەن . یان شەڕ بکەن ئەوا بە ناچارى ئاڵاى سپى و ئاشتیخوازییان هەڵبژاردووە. ئیتر ئەو ئاشتى خوازییەش لە دیدى کۆمەڵێك، كه‌ شه‌ڕكردن له‌لای به‌های باڵا و شانازیكردن بێت، شه‌ڕنه‌كردن به‌ ئاشتی خوازی لێكنادرێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ ترسنۆكی (بێغیره‌تی) لێكدراوه‌ته‌وه‌. لەلایەکى تریشەوە، هەمیشە گروپە کەمینییە ئیتنییەکان بۆ مانەوە و سەلماندنى خۆیان، دەبێ پەنا بۆ هەندێ تایەتمەندى و هۆکارى تر ببەن. لەوانە بارى ئابوورى، جووەکان هەمیشە بە ڕەزیل یان دەوڵەمەند وەسفکراون. هۆکارى ئەوەش ئەوە بووە ئەوان بۆ پاراستنى خۆیان پەنایان بۆ پێکەوەنانى سامان بردووە. نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەرى جیهاندا. ئەوەش دیاردەیەکى سروشتییە و هەموو کەمینەکان بەو ئاڕاستەیە کاردەکەن. تەنانەت ئەو کوردانەى کە کەمینەن لە وڵاتەکانى وەکو ئوردن و میسر و... هتد هەمان هەوڵى سەلماندنى خۆیان داوە، جا چ لە رێگاى ئابوورییەوە بێت یان رۆشەنبیرى و نزیکى و بەشدارى لە دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى وڵاتدا.
 تێڕوانینى کۆمەڵگاى کوردى بۆ جوو لە رۆژگارى ئەمڕۆدا پێچەوانە بۆتەوە. ئەو جووەى کە دوێنێ بە ترسنۆك وەسف دەکرا ئەوا ئەمڕۆ بۆتە سەرچاوەى هێز. جووەکان بەشێوەیەك کاریان کرد کە لە نێو کۆمەڵگاى جیهاندا ڕێز و پایە بۆخۆیان دروست بکەن. نەک هەر ڕێز دروست بکەن، بەڵکو داهێنان و دەسکەوتى زۆر گەورە پێشکەش بە جیهان و مرۆڤایەتى بکەن. سادەترین نموونە بۆ ئەو داهێنانەى کە ئەوان کردوویانە، ژمارەى خەڵاتەکانی نۆبڵە، لەکاتێکدا جووەکان ڕێژەی 0.2% ى ژمارەى دانیشتووان پێکدەهێنن بەڵام %23 ی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەوان بووە. لە بوارى ئابوورى، بە رێژەى ٤٠% و لە پزیشکى ٣٠% و لە فیزیا ٢٥% و لە کیمیا ٢٠% و لە ئەدەب ١٥% پاداشتی نۆبڵ بۆ جوووەکان بووە.
ئەوە جگە لەو داهێنانان و بەرهەمانەى وەک (گووگڵ، پێپسى، کۆلا، جينز.... و سەدانى تر کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین و ناتوانین دەستبەرداریان ببین. هەروها لە داهێنانە پزیشکییەکان و كیمیا و فیزیا و هه‌موو بواره‌ جیاجاكاندا، داهێنانی زۆر گه‌وره‌یان كردووه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی سوودی لێ بینیوه‌ و دەیان زاناى وەك چۆمسکى و ئەنیشتاین و مارکس و فرۆیدى پێشکەش بە جیهان کردووە. ئەوان کەمینەیەکی په‌رته‌وازه‌ بوون و توانییان ئەو دەسکەوتە گەورانە پێشکەش مرۆڤایەتى بکەن. ئێمەش تا ئیستا هەر دەبێ بڵێین، ئەو نانە بەو دۆشاوەى.

* زانكۆی سۆران

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand