سەردەمێکی نوێ

Draw Media

2023-11-09 07:24:22



سه‌ردار عه‌زیز

ئەم ڕۆژانە ئەگەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر پیاسە بکەیت، ئەگەری زۆرە لوتت بە چەند سیخوڕێکی وڵاتانی جیاوازدا بتەقێت، کە بە دوای دانوستانەوەن بۆ ئازادکردنی گیراوەکانیان لەلایەن محەمەد زەیفەوە، سەرکردەی کەتیبەی قەسام و بەرپرسی هێرشی تۆفانی ئەقسا.

زۆرێک بە لایانەوە مایەی سەرسوڕمانە چۆن قەتەر دەتوانێت ئەمە بکات؟ لەسەردەمی ئۆبامادا ئەمریکا وەهای پێ باش بوو ئیسماعیل هەنییە بارەگاکەی بگوازێتەوە بۆ دەوحە، لەبری ئێران. قەتەرییەکانیش ئەمەیان پێ باش بوو هەروەها بە هاوکاری ئیسرائیل مانگانە زیاتر لە چل ملیۆن دۆلار پارەو هاوکاری لە ڕێگای ئیسرائیلەوە بە حەماس بدەن لەگەڵ دابینکردنی سوتەمەنی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ غەزە.

ئەم ڕۆڵەی قەتەر بەشێکە لەو پرۆسە ئاڵۆزەی بەڕێوەبردنی دونیا لەلایەن ئەمریکاوە. لەم پرۆسەیەدا قەتەرو ئەمریکا ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئەمریکا قەتەر بەکاردەبات بۆ پەیوەندیکردن بە ئەو وڵات و لایەنانەوە کە نایەوێت یان ناتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا بکات، قەتەرییەکانیش ئەمە وەها دەبینین کە ڕۆڵێکی گرنگ و دەروازەیەکیان بۆ دەکاتەوە بۆ بوون لەنێو کایەی زلهێزانی جیهاندا، وەک شارە وڵاتێکی بچوک، هەروەها خۆ پاراستنیان لە قوتدانیان لەلایەن هێزە هەرێمییەکانەوە، بە تایبەتی سعودیەو ئێران.

ئیسماعیل هەنییە تەنها کەسە لە دەرەوە، کە پەیوەندی لەگەڵ محه‌مه‌د زەیفدا هەیە. هەرچەندە هێندە بە ئاگا نییە لە دۆخی حەماس. لەڕاستیدا کاتێک هێرشەکە ڕوویدا لە سەفەرێکی خێزانی بوو لە ئیستەنبوڵ بۆ سەیرو سەفاو تەلەفۆنەکەی داخست بوو. ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەو ماڵپەرە ئێرانیانە بوو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد پلانی سەردانی بەغدای هەبوو لەوکاتەدا. کەس گومان لە بێئاگابوونی ناکات، چونکە نەک تەنها ئەو بەڵکو شن بێت و موسادو سی ئای ئەو زۆری تریش بێئاگابوون.

ئەگەری زۆرە پاش ئەم دۆخە هەنییە چ لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و چ لەلایەن حەماسەوە ڕۆڵی کۆتایی بێت. ئێستا بەرەی ناوەوەی حەماس و بەرەی قەتەرو بەرەی بەیرووت جیاوازن. ئایا ڕۆڵی قەتەر وەک کەناڵێک و ناوەندێکی خاوەن غازو پارە دەتوانێت بەردەوام بێت؟ لە گواستنەوەی دونیا بۆ فرە جەمسەریی، ئەگەری پشێوی و نە بوونی توانا بۆ مامەڵەی خێراو کاریگەر، ئەگەری زۆرە قەتەر بتوانێت ڕۆڵەکەی بپارێزێت لەوەی کە خزمەت بە ڕۆژئاوا بکات و کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ نەیارەکانیشدا هەبێت.

لە ئیسرائیل ڕۆنین بار سەرۆکی شین بێت، ئەو دەزگایەی کە بەرپرسە لە هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، دوا ڕۆژەکانی بەسەر دەبات. هەرچەندە بەهۆی ناتەبایی و ڕقی زۆری لە نەتەنیاهو، چەند جارێک پێشتر داوای وازهێنانی کرد، بەڵام پاش هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر وازهێنانی حەتمیە، هەروەها نەتەنیاهوش. کۆشکی سپی ئەوەی بەڕونی زەقکردوەتەوە کە دەبێت نەتەنیاهو بڕوات. نەتەنیاهوو، مایەی سەرئێشە بوو بۆ ئەمریکییەکان، بەتایبەتی دیموکراتەکان. ئێستا بەم پشتیوانییە زۆرەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، ئەستەمە ئیسرائیلییەکان بتوانن لە کەللە ڕەقییان بەردەوام بن. ڕۆیشتنی نەتەنیاهۆ یانی ڕۆشتنی مۆدێلێک لە توندڕەویی و گەندەڵیی. ئایا ئیسرائیل ناچاردەکرێت دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکات جارێکی تر. هەمیشە دوو جۆر چارەسەر هەبوو، یان دەوڵەتێک کە هەموان تیایدا هاوڵاتی بن، کە لە ئێستادا وەک مەحاڵ و نەخوازراو دەردەکەوێت، لەبەر زۆر پرسی جیاواز، یان دوو دەوڵەت. ئێستا چارەسەری دوو دەوڵەت زیاتر کردارییە بەمەرجێک دیندارە، ڕقدارە جولەکەکانە پەراوێز بخرێن.

بەڵام هەموو ئەمانە ڕێگر نیە لە پرۆسەی ئاشتی نێوان کەنداو و ئیسرائیل. کەنداوییەکان، بە قەتەرییەکانیشەوە، ڕقیان لە حەماسە، پاش هێرشەکەی حەوتی مانگ ئەم ڕقە قوڵتر بووەوە، بەوەی وەها بینرا کە ئەگەری پەکخستنی پرۆژەکانیان و زاڵبوونی ئێران هەیە.

هەرچی ئێرانە، هەوڵەکانی جێگای سەرسوڕمان نەبوون. ئێران کە خاوەنی بەرەی بەرگرییە، پرۆژەی جیاوازی هەیە. ئەوەی پێی دەگوترێت بەرەی بەرگریی لەوەڵامی بەرەی شەڕی جۆرج بۆشدا دروستبوو. ئامانجی ئێرانییەکان ڕێگرییکردن بوو لە ئەمریکا لەڕێگای سەرقاڵکردن و شکستهێنانی لە جێگاکانی تر بۆ ئەوەی نەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئێران. لەم ڕوانگەیەوە بەرەی بەرگریی ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانن. زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە دەوڵەت هەرگیز تێکەڵی ناکات لەنێوان ئامرازو بەرژەوەندیدا. ئامراز بەرژەوەندی نییە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە. ئایا ئەم ڕووداوە ڕاستی پرۆژەی موقاوەوە دەردەخات بۆ هەوادارەکانی.

هەرچی ئەمریکایە لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە. یەکەم لێکدانەوە ئەوەیە کە بایدن ئەمە دەکات لەبەر هەڵبژاردنەوە، چونکە نەک دەنگی جولەکەکان و کاریگەرییان گرنگە، بەڵکو دەنگی زۆری مەسیحییە زایۆنییەکان زۆر کاریگەرە. مەسیحیە زایونییەکان ئەو مەسیحییە توندڕەوانانە کە بڕوایان وەهایە مەسیح لە قودسەوە دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێت بەرگری لە قودس و جولەکە بکرێت لەم پێناوەدا. ئاینیی بوونی ئەمریکاو ئیسرائیل و حەماس و ئێران، دۆخێکی میتافیزیکی ئاڵۆزی دروستکردووە. ئەوەی لە پەیوەست بە ئەمریکاوە گرنگە، ئایا ئەمریکا پاش ئەم ڕووداوە چۆن هەڵوێستی دەگۆڕێت؟ ئایا ناچاردەبێت جارێکی تر بێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان هەڵکشانی چین و دۆخی ناوخۆیی ڕێگەی پێنادات بەو هەنگاوە هەستێت؟ دیارە هاتنەوەی ئەمریکا، دژ بە بەرژەوەندی بەرەی بەرگرییە، کە ئامانجیان ئەوەیە ئەمریکا لەناوچەکە تێپەڕینن و خۆیان تیایدا باڵادەست بن. ئەمە ڕەنگە هۆکارێک بێت بەوەی تەنها لە ئاستێکی ڕوکەشدا مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکەن.

هەرچی عێراقە لە دۆخێکی ناڕوندایە، چونکە ئەکتەرە عێراقییەکان بەکرێگیراوی هێزی دەرەکین و خۆیان خاوەن سەروەری نین. نوکتەکە ئەوەیە کە زۆربەی بەناو سیاسییە عێراقییەکان باس لە سەروەریی دەکەن کەچی خۆیان بڕیاریان لە شوێنێکی ترەوە بۆ دەدرێت.

بابێینەوە سەر کوردستان. دەکرێت مەترسیی و لە هەمانکاتدا دەلاقەیەک لە دەرفەت هەبێت، ئەگەر هێزە کوردییەکان توانای تێگەیشتن و خۆ ئامادادەکردنیان هەبێت بۆ دۆخەکە. بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کورد لە باشور بە دەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت کە نە دەیەوێت و نە دەتوانێت چارەسەری بکات. بە گشتی دۆخێک هەیە لە عێراق و کوردستان و لوبنان و یەمەن و ئەو شوێنانە کە بێتواناییە لە چارەسەر یان نەبوونی خواستە بۆ چارەسەر. بۆ نمونە لە قازانجی هیچ ئەکتەرێکی سیاسی نیە باشور کە کێشەکان چارەسەر ببێت، چونکە ئەوان سودمەندی سەرەکی کێشەکانن. خەڵکیش خاوەنی تواناو ئاگایی ئەوەی نیە کە بەدیل پێشنیاز بکات.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی (هاوڵاتی) وه‌رگیراوه‌

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand