لەدەرەوەی یەكێتیو پارتی، ئێوە خەریكی چین؟
2018-07-06 18:01:51
■محەمەد نوری..
دەبێت ئەمجارەش بگەڕێمەوە بۆ تەنزێكی رۆژنامەنوسی عەرەب جەلال عامر، ئەو دەنوسێت: حزبەكان خەریكی مەسەلە گەورەكانن بۆیە هاوڵاتیانو خەڵكیان بیرچووەتەوە، ئەوان خەمی گەورەترییان هەیە لەخەمی خەڵك.
با ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ئەوەی بچینە ناو پرسیارە سادەكانمانەوە، باپرسین :
١- هەموان دەزانین ئەم حكومڕانییە كوردییە لەبنەڕەتەوە شكستی هێناوە ونەیتوانیوە مۆدێلێكی دروستو تەنانەت كەمتر لەنیمچە باشیش پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات، هەمو دەزانین حكومەتی هەرێم حكومەتێكی داڕماوە، بەڵام بێ دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی ئەم حكومەتەو خولانەوەیان بەدەوەری یەكتردا، نەك مانەوەی ئەم حكومەتە مسۆگەر دەكات، بەڵكو لاوازی بەرامبەرەكانیش دەردەخات، بۆیە دەبێت لێیان بپرسین ئێوە خەریكی چین؟
٢-كارەبا نییە ،تینی گەرما پشتی هەموانی شكاندوە .ئەگەر مولیدە ئەهلییەكان نەبێت خەڵك وەك چلورەی بەردەم خۆر دەتوێتەوە ،حكومەتیش بێ باك تەماشای ئەم توانەوەیە دەكات. هەمدیس دەپرسینەوە: ئایا حزبەكانی تربۆبە یەك دێڕی فەرمیش چییە باسی ئەم موسیبەتەیان نەكردوە؟ یان رەنگە پێیان شەرمبێت باسی ئەم شتانە بكەن. لەكاتێكدا ئەمە پەیوەستە بەهەموو هاوڵاتییەكەوە. لەوە خەمتر دەبێت چی بێت تابەیانی دەبێت باوەشینی منداڵ بكەی بۆئەوەی بنوێت ،حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی وپارتیش دەڵێن ئێمە خەریكی مەسەلەی گەورەین، ئایا خەمی خەڵك مەسەلەیەكی گەورە نییە؟
٣- حكومەت وەك سوكایەتتیەك بڕیارێكی دەركردوە كە بڕیارەكەی لەنوكتەی گێلەكان دەچێت، لەبڕیارەكەدا هاتوە لەمەودوا چەتر بۆ خانەنشینەكان دابین دەكەین ،بۆیە لەكاتی وەرگرتنی موچەی ساڵێ پێشوویان هەتاو لێیان نەدا. ئەم بڕیارە لەسوكایەتی دەرچوە بوە بەدێڕێك كە یەك مانای هەیە ئەوەش: بێ منەتی وبەبچووك زانینی خەڵك.كەچی نەك هەمووی بێ دەنگە، بەڵكو وەك تەنز بڵاوی دەكەینەوە، كەچی حزبەكانی خۆیان بەجیاواز لەیەكێتی وپارتی دەناسینن لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە یەك دێڕ چییە نەیانووتوە، وەك ئەوەی كێشەی خانەنشین لەم وڵاتەی ئێمەدا كێشەی بچوكبێت وئەوان سەرقاڵی مەسەلە گەورەكانبن (لەكاتێكدا كورد مەسەلەی گەورەی نەماوە).
٤-یاری بەئەنجامی تاقیكردنەوەكان كراو پرۆسەی پەروەردە سات بەسات شكست دەهێنێتو بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت، كەچی حزبەكانی دەرەوەی یەكیتیو پارتی نەك هەرباسی ناكەن، بەڵكو لاشیان گرنگ نییە چی لەناوسیستەمێك كەناوی سیستەمی پەروەردەیەو داهاتوی ئەم وڵاتەی لەسەر بەندە دەگوزەرێت. بۆیە دەركەوت مەسەلەی پەروەردە كێشەی بچوكەو ئەوان خەریكی مەسەلەی گەورەترن.
٥- كوشتنو تەقەكردنو ئالودەبون زیاد بوە، خەریكە هەرێم دەچێتە بازنەیەكی مەترسیدارەوە، حزبەكان بێدەنگ لەم كێشانە دەڕوانن ،وەك ئەوەی ئەم مەسەلەیە كێشەی بچوكو سادەبن، بێ ئاگا لەوەی كە داڕمانی كۆمەڵگا دەستپێكە بۆ كەوتنە گەورەكە كە ئیتر هیچ مانایەك بۆ ژیان لەم هەرێمەدانامێنیتەوە، كەچی هەموش بەبێدەنگی تەماشای دەكەن.
٦-كورتی وكوردییەكەی ئەوەیە: یەكێتی وپارتی گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی (گۆڕانو كۆمەڵو هاوپەیمانیو یەكگرتو) نەپێیان تێكدەدرێت، نەپێیان چاكدەكرێت، نەپێیان دەگۆڕێت. گۆڕان خەرێكی دەركردنی بەیاننامەیەو كۆمەڵ هەر كۆدەبێتەوە وهاوپەیمانی تاوتوێ مەسەلەكان دەكات ویەكگرتووش چاودێری دۆخەكە دەكات، یەكێتیو پارتیش حكومڕانی دەكەن.