Draw Media

هه‌رێمی كوردستان چ عێراقێكی جیاوازه‌؟

هه‌رێمی كوردستان چ عێراقێكی جیاوازه‌؟

2018-07-05 07:12:45


■ نیاز عه‌بدوڵڵا...

له‌ ئایاری ساڵی 2006 له‌ كاتی ئاماده‌بوونی له‌ رێوره‌سمی سوێندخواردن و ده‌ست به‌كاربوونی كابینه‌ی 5ی یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ په‌یامێكیدا له‌ناو ئاماده‌بووان وتی "ئه‌گه‌ر كوردستان به‌هێزبێ ئه‌وا به‌گشتی عێراق به‌هێز ده‌بێ و ئه‌گه‌ر كوردستان یه‌كگرتوو بێ ئه‌وا عێراق هه‌مووی یه‌كگرتوو ده‌بێ، ئه‌گه‌ر كوردستان فیدڕاڵی بێ ئه‌وا عێراقیش فیدڕاڵ ده‌بێ."

به‌ تێپه‌ربوونی 12 ساڵ به‌سه‌ر قسه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، هه‌رێمی كوردستان هێشتا خاوه‌نی حكومڕانییه‌كی دیموكرات و حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی به‌هێز نییه‌ و گه‌نده‌ڵ و پێشێلكاری بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤه‌. له‌ناوخۆدا نه‌ك هه‌ر یه‌كگرتوو نییه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌میشه‌ وه‌ك بژارده‌ی دووه‌می پارتی و یه‌كێتی دژ به‌ یه‌كتر و هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر ئاماده‌یی هه‌یه‌. بنه‌ما و ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كانی هه‌رێم به‌ دروستی و به‌ ئامانجی حوكمڕانییه‌كی باش پیاده‌ نه‌كراون و به‌رگرییان لێ نه‌كراوه‌، سیاسه‌تی پیاده‌كراوی ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌ربازی هه‌رێم بۆته‌ هۆی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی قه‌واره‌ی سیاسی و فیدڕاڵی هه‌رێم.

عێراق له‌ ساڵی 2012 بووه‌ ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له‌ ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پیشه‌سازییه‌ ستراتیجییه‌كان (نه‌وت و گاز)، له‌به‌ر پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی توانی له‌ ریزبه‌ندی ده‌یه‌می گه‌نده‌ڵترین و ناشه‌فافترین وڵاته‌كانی جیهان بێته‌ ریزبه‌ندی یانزه‌م. به‌ڵام له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 ئه‌ندامییه‌تی عێراق هه‌ڵپه‌سێردرا، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێشكه‌شكردنی راپۆرته‌كانی هه‌نارده‌ و داهاتی كه‌رتی نه‌وت و گاز به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ راپۆرته‌كانی عێراق بۆ رێكخراوه‌كه‌.
به‌پێی پێوه‌ره‌كان ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی راپۆرته‌ پیشكه‌شكراوه‌كانی عێراقی فیدڕاڵ راپۆرته‌كانی خۆی پێشكه‌ش به‌ ده‌ستپێشخه‌ری شه‌فافییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بكات، به‌ڵام به‌ درێژاریی 7 ساڵی رابردوو هه‌رێمی كوردستان نه‌ك هه‌ر له‌ناوخۆی هه‌رێم راپۆرتی تایبه‌ت به‌ شه‌فافییه‌تی له‌و كه‌رته‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی نه‌كرد، به‌ڵكو نه‌یتوانی ببێته پشتیوان و هانده‌ری عێراقیش بۆ پابه‌ندبوونی به‌ بنه‌ماكانی شه‌فافییه‌ت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ندین ئاستی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵی به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور تاوانباركردووه‌ و ره‌خنه‌ی له‌ شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نادیموكراتی گرتووه‌، له‌ناوخۆی هه‌رێمیشدا نه‌یتوانیوه‌ په‌رله‌مانێكی به‌هێزتر له‌ به‌غداد و هه‌ڵبژاردنی خولی و خاوێنتر و، خاوه‌ندارێتی ئه‌نجوومه‌نێكی به‌هێزتری دادوه‌ری بكات.
بۆ نموونه‌; به‌پێی مادده‌ی 89ی ده‌ستوور پێویسته‌ ده‌زگای داواكاری گشتی به‌شێك بێت له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌زگا گرنگه‌ خراوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌ وه‌زاره‌تی داد.

كوردستان كه‌ به‌شێكی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كان و بنه‌ماكانی حوكمڕانییه‌كی ره‌شیدی پیاده‌ نه‌كردووه‌، به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانی حكومه‌تی عێراق نه‌بوون به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر ململانێی سیاسی نادادپه‌روه‌ر و نادیموكراتی جێبه‌جێی نه‌كردووه‌. وه‌ك جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 120ی ده‌ستووری عێراق كه‌ رێگا به‌ بوونی ده‌ستوورێكی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، به‌ڵام كاركردن بۆ چه‌سپاندنی سیاسه‌تێكی قۆرخكار به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م هاتنه‌ بوونی ده‌ستووری هه‌رێم.

هه‌رێم به‌ بانگه‌شه‌ و دروشمی حیزبی و میدیایی نابێت به‌ عێراقێكی جیاوازتر له‌و عێراقه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت،‌ پێویسته‌ له‌ناوخۆ و له‌ ئاستی عێراقیش كار بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوی حوكمڕانییه‌كی دیموكرات و ره‌شید بكرێت، نه‌ك هه‌رێم سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌ شكستی عێراقدا ببینێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ بكاته‌ بنه‌مای جیاوازییه‌كانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand