Draw Media

داعش زیندووده كرێته‌وه‌

داعش زیندووده كرێته‌وه‌

2018-07-04 17:43:32



■ سەلام عەبدولڵا..

ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش ماوەیەك رایگەیاند كە سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكان كە بە حەشدی شەعبی ناوزەد دەكرێت بەسەر داعش دا سەركەوتن و بەجۆرێك پێناسەی دەكرد كە گوایە ئیدی كۆتایی داعش هاتووە وڵات بەرەو سەقامگیری دەڕوات.
لەگەڵ ئەوەشدا چاودێرانی بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و شارەزایانی دیاردەی داعش ئەو ڕاستیەیان دەزانی كە داعش تەنها بە هێزی چەكداری كۆتایی نایەت، چونكە ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە بنەمایەكی مێژووی قووڵی هەیەو پشت بە كۆمەڵێك دەق دەبەستێت كە تا ئێستا كاریگەری لەسەر مێشك و رەفتارو هەڵسوكەوتی خەڵكێكی زۆر هەیە كە هەندێكیان مەرج نییە بەناوی داعشەوە بن، بەڵام لە گەوهەردا هەر یەكن، بۆیە هەمیشە لایەنگرو هەواداران و تیرۆریستانی نوێی بۆ پەیدا دەكەن و بەو پێیەش تەنها بە هەڵمەتی سەربازی لەناو ناچن و لە هەل و مەرجی نوێدا سەرهەڵدەدەنەوە.

زۆرینەی سیاسییەكانی عێراق وایاندەزانی بە كەوتنی مووسڵ كۆتایی داعشیش دێت، بەڵام واقیع پێچەوانەی سەلماند، ئەوەتا ئێستا لە زۆربەی ئەو ناوچانەی دەركرابوون و راونرابوون سەرهەڵدەدەنەوە و چالاكی تیرۆریستی خۆیان دەكەن، چونكە لە گرتنی مووسڵدا وا چاوەڕوان دەكرا كە بە هەزاران داعش كە لەنێو شاری مووسڵدا بوون بكوژرێن یان دەسگیر بكرێن كەچی بە گرتنەوەی مووسڵ لە پڕۆسەیەكی تەمومژاویدا ئەو هەموو داعشە ون كران و دیارنەمان كە پێویستە بە گومانەوە سەیر بكرێت، هەروەك چۆن تەسلیم كردنی ئەو شارە گەورەیە لە ماوەیەكی یەكجار كەمدا و بۆ تەنها چەند سەد داعشێك جێ گومان و رامانە كە بۆ سوپای عێراق داكۆكیەكی ئەوتۆی لەو شارە نەكرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەكی قورس و گەلێك مۆدێرنی ئەمەریكی بەلێشاو بۆ بەجێهێشتن.

بە هەمان شێوەش سوپای عێراق لەناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم بێ شەڕ و تەقە كشایەوە و ئەو ناوچانەش بۆ داعش بەجێ هێشت كە پێشمەرگە قارەمانەكانی هەرێمی كوردستان بەخێرایی فریای ئەو ناوچانە كەوت و نەیهێشت بكەوێتە دەست داعش.

ئێستا كە ئەو ناوچە كوردستانیانە كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بێ پاساو تەسلیمی سوپاو میلیشیا عێراقییەكان كرایەوە ئەوا جارێكی تر ئەو ناوچانەی خستۆتە بەردەم داعش و هێزەكانی خۆیان لەو ناوچانە دوورخستۆتەوە كە گومان دەكرێت مەبەست لەو كشانەیەوە رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ داعش كە مەبەست لێی راونانی دانیشتوانی كوردی ئەو دەڤەرەیەو بە واتایەكی تر تەعریب لەژێر هەڕەشەی داعشدا كە ئێستا نە سوپای عێراق و نە میلیشیای حەشدی شەعبی ناتوانن بە ئاشكرا ئەو كارە ئەنجام بدەن و چۆڵ كردنی ئەو ناوچانە لە كورد بخەنە ئەستۆی داعش.

بۆیە ئێستا هاوپەیمانان لە هەوڵی ئەوەدان پێشمەرگە بگێڕنەوە بۆ ئەو ناوچانە و بە هاوكاری لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand