بافڵ تاڵەبانی چۆن هەڵبژێردرا؟
2023-09-27 19:56:34
درەو:
لیژنەكە چوونە سەر ستەیج، بڕگەی هەڵبژاردنیان خستە دەنگدانەوەو پەسەندكرا، لیژنەكە پێشنیازیان كرد بافڵ تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی یەكێتی" بوو بە چەپڵە رێزان و بەرزكردنەوەی كارتی سەوزی بەڵێ"، ئیتر كۆتایی بە هاوسەرۆكی هێندراو یەكێتی لەبری هاوسەرۆك و سكرتێر، سەرۆكی دەبێت.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بە وتار و پێشوازی میوانان دەستی پێكرد، پاشنیوەڕۆ دەستیان بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی كۆنگرەكرد،
لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی پێنجەم چوونە سەر ستەیج، لە یەكەم هەنگاو پێشنیازیان كرد بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتی تێپەڕێندرێت و دەنگی لەسەردرا، دواتر لیژنەكە پێشنیازی كرد بافڵ تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی یەكێتی، لە ناو هۆڵەكە بوو بە چەپڵەلێدان، كارتی سەوزی بەڵێ بەرزكرایەوەو بافڵ تاڵەبانی بەبێ ركابەر كرایە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هیچ جێگرێكی بۆ دیاری نەكرا، بافڵ تاڵەبانی سەرەرای بوونی بە سەرۆكی یەكێتی، دەبێتە سەرۆكی سێ ئەنجومەنەكەی یەكێتی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی پشتیوانی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان) .
ئیتر یەكێتی كۆتایی هێنا بە سیتەمی هاوسەرۆكایەتی كە لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی پەیڕەوكرا، یەكێتی قۆناغی سكرتێریشی تێپەڕاند كە جەلال تاڵەبانی بۆ ماوەی (40) ساڵ سكرتێری گشتی یەكێتی بوو.
بڕیارە سبەینێ لە دووەم رۆژی كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە لیژنەكان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بخرێتە دەنگدانەوەو پەسەندبكرێت.
رۆژی سێیەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن، تا ئێستا دوو ئاراستە هەیە بۆ هەڵبژاردنیان:
• لیستێك دەبێت و لە لایەن بافڵ تاڵەبانیەوە ئامادەدەكرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، لیستەكەی پشكی كەركوكیەكان و ماڵی كۆسرەت رەسوڵی تێدا دەبێت.
• راستەوخۆ هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكرێت، بەڵام ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن ئۆكەی بافڵ تاڵەبانی یاخود ئاراستەكەیان وەرگرتووە.
پێشتر بڕیار بوو بە سەرۆكەوە (51) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام شەوی رابردوو جۆرێك رێككەوتون هەبووە بۆ ئەوەی بكرێتە (61) ئەندام، ئەویش لە پێناو رازیكردنی (وەزیر و بریكار و پەرلەمانتاران)، بەو پێیەی بڕیارێكی سەرەتایی هەیە كە نابێت ئەوانەی پۆستی حكومیان هەیە خۆیان كاندید بكەن بۆ سەركردایەتی كە لە ئێستادا بەشێك لەوانەی پۆستیان هەیە ئەندامی سەركردایەتین ئەوانیش:
• وەزیر و بریكار ( خالید شوانی، عزەت سابیر، دارا رەشید، بێگەرد تاڵەبانی، حەمەی حەمەسەعید، دابان شەدەڵە، زینەدین....)
• پەرلەمانتارانی عێراق (هەرێم كەمال ئاغا، مەلا شكور، ئیمان...)
سبەینێ چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی پشتیوانی یەكلا دەكرێتەوە.
• ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی وەك سیمبولی یەكێتی دیاریكران، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و سەرۆكی ئەنجومەنەكە نامێنێت، سەرۆكی یەكێتی خۆی دەبێتە سەرۆك و سكرتێرێكی بۆ دادەنرێت كە (جەعفەر شێخ مستەفا)یە، ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن ئەندامانی لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت و سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت.
• ئەنجومەنێك بەناوی ئەنجومەنی پشتیوانی درووست دەكرێت كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتی ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.