درەو:
تەكەر کارلسۆن، رۆژنامەنوسی دیاری ئەمریكی ئاشكرای دەكات، رەنگە ئیدارەی ترەمپ تەنها چەند رۆژێکی كەم لە ئەنجامدانی هێرشێکی ئەتۆمییەوە دوربێت بۆ سەر ئێران، لەژێر فشاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
کارلسۆن لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی، "چیای قوڵەنگ" كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئێران، هەواڵگری ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، تاران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا دەستپێکردووەتەوە. هیچ چەکێکی ئاسایی لە جبەخانەی ئەمریکادا توانای ئەوەی نییە بچێتە ناو قوڵایی 300 پێ گرانیتی رەقەوە بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانەی کە گوایە پیتاندنیان تێدا ئەنجام دەدرێت؛ بۆیە تاقە بژاردەی سەربازی هێرشی ئەتۆمییە، ناتانیاهۆ فشارێكی زۆر توند بۆ ئەمە دەکات، چاودێرێکی ئاگاداریش ئاماژەی بەوە کردووە "بیبی هەموو رۆژێک بۆ ئەمە پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات.
كارلسۆن ئاماژەی بەوەداوە، ناتانیاهۆ فشارێکی توندی خستووەتە سەر نزیکترین هاوپەیمانەکانی لەناو ئیدارەی ئەمریکادا، لەنێویاندا پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، براد کوپەر، کە هەردووکیان دژی ئەوەن بە دانوستان ململانێكان لەگەڵ ئێران یەكلایی بكرێنەوە، لەبری ئەوە فشار دەكەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان. هەروەها مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، بە هەمان شێوە سەرکردەکانی حزبی دیموکراتیش لەسەر رێبازی ناتانیاهۆن، بە وتەی کارلسۆن، باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، لە میانی دیدارێکی ئەم دواییەیدا لەسەر ئەو بابەتە، دژایەتی خۆی بۆ رێککەوتنی ئاشتی ئێستا لەگەڵ ئێران دەربڕیوە کە لە دەوحە داڕێژراوە.
کارلسۆن باس لەوە دەکات، هێرشی ئەتۆمی قەبارەی وێرانكارییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو خێراتر دەکات، جگە لەوەش، تۆزی ئەتۆمی لە دەرەنجامی تەقینەوەیەکی زەوی لە "چیای قوڵەنگ" دەبێتە هۆی پیسکردنی کەنداوی فارس و ژەهراویکردنی ئاوی 100 ملیۆن کەس، ئەمانە تەنیا هەندێک لە دەرئەنجامە دەستبەجێیەکانن بۆ ناوچەکە؛ باقی جیهانیش روبەڕوی مەترسییەکی بە هەمان شێوە قورس دەبێتەوە.
روونیشكردووەتەوە، هێرشی ئەتۆمی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشینەیەکی نوێی مەترسیدار دادەنێت؛ بەپێی زانیارییەکان روسەکان لانیکەم دوو حکومەتی دیکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە هێرشی ئەتۆمی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئازادی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان پێدەبەخشێت دژی ئۆکرانیا.
رەنگە پاکستان و هیندستانیش هانبدات هەمان شت لە دژی یەکتر بکەن، هەروەک چۆن کۆریای باکور دەتوانێت بەرامبەر دژی کۆریای باشور، دوای هێرشی ئەتۆمی سەرەتایی، جەنگی جیهانی سێیەم دەبێتە شتێکی حەتمی، شەڕێک کە هەم کورت و هەم کۆتایی دەبێت.
کارلسۆن ئەوەش ئاشكرادەكات، لە مانگی شوباتەوە، ئیدارەی ئەمریکا بە هێمنی كار لە سەر نوسینەوەی باوەڕی ئەتۆمی ئەمریکا دەكات بۆ ئەوەی یەکەم بەکارهێنانی ئەوەی پێی دەوترێت "چەکی ئەتۆمی تەکتیكی" ئاسانتر بێت و لە ئەنجامدا، ئەگەری زیاترە، پێناچێت کەس لە واشنتۆن، لە هیچ لایەنێکەوە، بەم کارە تووشی کێشە بێت؛ ئێمە ئێستا لە لێواری کۆتاییدا وەستاوین.