Draw Media

گومانه‌كان به‌ڵگه‌ی راست وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ نه‌ك دووكه‌ڵ

گومانه‌كان به‌ڵگه‌ی راست وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ نه‌ك دووكه‌ڵ

2018-07-03 14:17:42


■ نیاز عه‌بدوڵڵا..

له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵێك 4 كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و زێره‌ڤانی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ته‌قیونه‌ته‌وه و‌ سوتاون، كه‌ بریتین له‌;
یه‌كه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زێره‌ڤانی له‌ گوندی ره‌شكینی نزیك گه‌ڕه‌كی 32ی پارك له‌ هه‌ولێر.
دووه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانی له‌سه‌ر شه‌قامی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز.
سێیه‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ناحییه‌ی به‌حركه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ به‌رامبه‌ر گوندی هه‌رشه‌م.
چواره‌م: كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی 70 له‌ ناوچه‌ی تاسڵوجه‌ی شاری سلێمانی.

جگه‌ له‌ بیانووه‌ دووباره‌ وتراوه‌كانی وه‌ك "شۆرتی كاره‌با" و "خراپ هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌كان" و "به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما" وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ییه‌كانی یه‌كه‌كانی 70ی یه‌كێتی نیشتیمانی و 80ی پارتی دیموكرات، زانیارییه‌كی جیاوازتریان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری فرۆشتنی چه‌كه‌كانی ناو ئه‌و كۆگایانه‌ یان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ بۆ ژێر ركێفی پارتی و یه‌كێتی و، شاردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی گه‌نده‌ڵی نه‌خستۆته‌ روو.
 ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌‌ گومان له‌سه‌ر بردن‌ و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ هه‌یه‌  كه‌ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ دراونه‌ته‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و، پێشتریش لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسراوی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ كردووه‌. 
له‌ ساڵی 2016 ه‌وه‌ وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش له‌ ناویاندا وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ تووندی ره‌خنه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتووه،‌ به‌هۆی فرۆشتنی ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ هاوكاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش درابوونه‌‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌ڵام دواتر له‌ بازاڕه‌كانی مامه‌ڵه‌ پێكردنی چه‌ك بیندرانه‌وه‌، له‌ ناویاندا چه‌كی جۆری "میلانۆ" كه‌ چه‌كی دژه‌ تانك بوو.

له‌ناو هه‌لومه‌رجی نا دامه‌زراوه‌یی و یه‌كنه‌گرتنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و خاوه‌نداریكردنی میلیشیای حیزبی له‌ لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی، ململانێی خۆ پڕچه‌ككردنی ئه‌و هێزانه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه.‌ چونكه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌‌ ژماره‌ی هێزه‌كانیان و جۆری چه‌كه‌كانیان رۆڵی بینیوه‌ له‌ ده‌رخستنی هێزی سیاسییان له‌ وه‌ستانه‌وه‌ی دژ به‌ یه‌ك و هاوپه‌یمانێتییه‌كانیان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامانی گشتی.  
دواتریش بیندران ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش درابوونه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بۆ سه‌ركوتكاری دژ به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی به‌كارهێندران.

له‌گه‌ڵ سوتانی به‌ دوای یه‌كی كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، گومانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌گه‌ره‌كانی شاردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كان و به‌كارهێنانیان بۆ مه‌رامی حیزبی. بۆیه‌ دووكه‌ڵی سوتاوی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان گومانه‌كان كۆتایی پێناهێنێت، به‌ڵكو‌ شه‌فافییه‌ت و ئاشكراكردنی راستی رووداوه‌كان و به‌ دامه‌زراوه‌یی بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت وه‌ڵامی راستی رووداوه‌كان بداته‌وه‌.
به‌تایبه‌ت ئه‌م رووداوانه‌ هاوكاتن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت به‌پێی مادده‌ی 9ی ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بكات له‌ چوارچێوی هێزه‌كانی سوپای عێراق، له‌ناویاندا بابه‌تی رێكخستنه‌وه‌ی چه‌ك.
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand