سلێمانی بە بەغداوە ببەستنەوە
2018-07-02 19:37:49
■ دانا حەمەعەزیز..
دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر ڕێکەوتنەکەی تاڵەبانی و بارزانی لەبەردەم مادلین ئۆلبرایت، تەنها یەك هەنگاویش بۆ ئاشتی نەنراوە، سنورەکان تۆختر و سەنگەرەکانی شەڕی ناوخۆ قایمتر کراون، تەنانەت بە درێژایی چیای سەفین چەندین قەڵا و بنکەی سەربازی مۆدێرن درووستکراون، سەیتەرەوانەکانی دێگەڵە و کا موسەك و دۆڵی ئالانە و خانەقا دڕتر بوون.
ئازادیی و پرۆسەی سیاسی لە هەولێر وبادینان بەتەواوی کۆتایی پێهاتوە و پارتی هەموانی کردۆتە دەرەوە و بە حزبەکانی سلێمانی ناویان ئەبا!
یەکخستنەوەی ئیدارەکان نەك کۆتایی بە دوو ئیدارەیی نەهێناوە، بەڵکو شاڵاوێکی مەترسیداری بۆ گۆشەگیرکردن و فەرامۆشکردنی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك بەدوای خۆیدا هێناوە.
چ تاونێکە لە زیادە پارەی دزراوی نەوت، بودجەی گوندێکی وەك ئامێدی دوو هەزار ئەوەندی بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بێت، کەرکوک لە کاولە بچێ و جادەی کەلار و ڕانیە ڕێگەی مەرگ بن. هیچ بایەخێك بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت وگاز نەدراوە لە دەڤەری سلێمانی وگەرمیان.
لەگەڵ شەڕی داعشدا پارتی بیرە نەوتەکانی دبس کە لە سەدا هەفتای نەوتی کەرکوکە، دابڕی و سنوری ئەمبەر و ئەوبەری (زێ)ی داهێنا و پردێی کردە سنور. میلانەکانی ئەڵمانیا لای پارتین و کۆمەکەکانی دەرەوە بۆکورد هەمووی لە بادینان و هەولێر یان زۆنی ئاب گل ئەدرێنەوە.
خراپیی حوکمڕانیی یەکێتی لەباسکردن نایە، بەڵام ئەوەی ڕوونترە دەسەڵاتی هەولێر خێری ئەم دەڤەرەی ناوێ، بەجوۆرێك چاوی بە خوێندکارێکی گەنجیش کە لێرە یەکەم ئەبێ هەڵنایە و، شەرێكی بۆ دروست ئەکا!
٢٧ ساڵە سلێمانی و گەرمیان و کەرکوك باجی جوگرافیا ئەدەن، برایم خەلیلیش لەجیاتی خێر، وەك چەکێکی کوشندە دژی ئەم ناوچەیە بەکار ئەهێنرێ.
فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەو تاکە دەروازەیەی ئێرەی بەدنیای دەورەو ئەبسەتەوە، بەهۆی ڕیفرادۆمەوە، لە موئامەرەیەکی نێوان ئەنقەرە و هەولێردا، نیمچە داخراوە.
سەدامیش هەر ئەوەی دەیوست کە هەولێر پایتەختی سلێمانی و گەرمیان بێ بەڵام پایتەختێکی زاڵم، زاڵمتر لەعهدی خۆی!
٢٧ ساڵ زۆرە، دەڤەری شۆڕش و قوربانی و ڕاپەڕین لەژێر ڕەحمەتی زوڵمی هەولێردابێ، هەولێرێك کە خۆی داگیرکراوبێ.
ئیتر چاوەڕێی چین و لە پێناوی کەم دەسکەوتدا گەرمیان و سلێمانی و کەرکوك برسی و گۆشەگیر ئەکەن، غیرەت و شەهامەت ئەوەیە ئەم زوڵمەی لەسەر هەڵگرن، ژیانی بۆ بگێڕنەوە و بە بەغدای ببستنەوە.