بەیەکترگەیشتنەوە و لەیەکتردوورکەوتنەوە

Draw Media

2023-09-08 15:27:34



 

د. نیاز نەحمەدین

دەوڵەتی هەژار ئاسانتر دەتوانێت دەوڵەمەند ببێت وەک لەوەی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت. ئەگەر ئەم گریمانەیە لەسەر ئاستی وڵاتان راست بێت، ئەوا لەسەر ئاستی دامەزراوەکانیش راستە، تەنانەت بۆ تاکەکانیش. بەڵام مەرجی خۆی هەیە.  
نهێنیی گەشەی ئابووریی هیچی تر نییە جگە لە گەشەدان بە توانای بەرهەمهێنان (productivity)، یان بڵێم بەرهەمداریی. زۆر بە کورتیی، کرێکارێک یان جوتیارێکی کورد دەکرا کێبڕکێی کرێکار یان جوتیارێکی تورک یان فارس بکات ئەگەر تراکتۆر و تراکتۆری باشتر، کۆمپیوتەر و کۆمپیوتەری باشتری بەردەست بوایە، ئاو و ئاوەڕۆ و رێگای هەبوایە. کرێکار یان جوتیارێکی کورد پێویستی بەوەش بوو خوێندەوار بێت و فێریش بێت مامەڵەی دروست بە تراکتۆر و شۆفڵ و کۆمپیوتەرەوە بکات، ئەوەی پێی دەڵێن سەرمایەی مرۆیی کەڵەکە بکردایە، لە بری ئەوەی بە دیار ئازاری رابردووەوە گیانبکێشێت و هەر لە چاوەڕوانیی شتە لە کیسچووەکاندا بژی.
سی ساڵ بەس بوو بۆ ئەوەی زۆر لە کێشە سەرەتاییەکانمان چارەسەر ببن و لە زۆر شتدا بە تورکیا و ئێران بگەینەوە. لە ١٩٦٠دا هێشتا بە پێوەری داهاتی ڕاستەقینەی تاک کوریای باشور هەژارتر بوو لە هیندی ئەمڕۆ. بە درێژایی سی ساڵی دواتر، ئابوورییەکەی بە تێکڕا بە رێژەی ٧٪ گەشەی کرد. گەشەکە هێندە خێرا و بەردەوام بوو، بە موعجزە ناسێنرا. بەچی؟ بە پاشەکەوتکردن (قوربانییدان بە بەشێکی ئێستا)، کە ئاراستەی وەبەرهێنان کرا و لەمیشەوە سەرمایەی مادیی زیاتر کەڵەکە بوو (واتە تراکتۆری زیاتر، دەڕاسەی زیاتر، رێگا، هتد). هاوشانی ئەمەش بە پێگەیاندنی خەڵکەکەی. بەوەش کە سودی لە دەرفەتی سەردەمەکەی بینی، کە پێشتر نەبوو (بۆ نمونە گەشەی تەکنۆلۆجیی). دەکرێت بڵێم: بەوەی بە دیار رابردووەوە دۆشداماو و چاوبەفرمێسک نەبوو، سەرکردەکانیشی بەو شێوەیەی لای ئێمە خەریکی گیرفانپڕکردن نەبوون.
ئەمە بۆ ئێمە خەفەتێکی گەورەترە. دەرفەتەکانی سەدەی نوێ زیاتریش بوو لەوەی لە ساڵانی شەستەکاندا بەردەست بوون، بەڵام ئاگری ئەو شەڕەی شەش ساڵ دوای دەستپێکی گەشەی کوریای باشور رویدا (واتە ١٩٦٦) بەشێوەی کاتیی نەبێت هەرگیز نەکوژایەوە. ئاخر تۆیەکی نەگبەت کە هەمیشە هاوارتە "شاخەکان نەبێت کەس هاوڕێمان نییە"، با دە هەزار کادری بەتوانات لە بوارە جیاوازەکاندا دروست بکردایە، سەد کۆمپانیای بەهێزت دروست بکردایە، بزانە لە بازاڕدا چیت بە نەیارەکانت دەکرد؟ ئێ ئەچیت لە بارەگاکاندا باسی پیرۆزیی سەرکردەی خۆت و ناشیرینی سەرکردەی نەیارەکانتی بۆ دەکەیت و بە شەڕیان دەدەیت، ئەوەمان بەسەر دێت ئێستا بەسەرمان هاتووە.  
نەچووە بچێ، تۆ ئەگەر دەزگایەکت هەیە، یان وەک تاک، تا دەتوانیت مۆدێلی ئەم دەسەڵاتدارە مایەپوچانە دووبارەمەکەرەوە. ئەوەی خلیسکاوە، دەیەوێت وەک خۆی بخلیسکێیت. زۆر لە ئێمە بە شێوەی تر وەک ئەوانمان کرد، چونکە هیچ نمونەیەکی سەرکەتوومان لەبەردەستدا نەبوو. ئێمەش بە دیار رابردووەوە گریاین و هیچمان بۆ ئەمڕۆ هەڵنەگرت و نەخستەگەڕ.
پاشەکەوت بکە، سەرمایەی مادییت کەڵەکە بکە، بە رێگەیەکی دروست بیخەرەوە وەبەرهێنان، هێزی کارەکەشت لەگەڵیدا گەشە پێ بدە، وزەی خۆت مەخە شەڕی قورسەوە، دەتوانیت بگەیتەوە بەو دەزگایانەی لە پێشتەوەن.  گەیشتنەوە مانای ئەوەی ئاستی داهاتی دەزگاکەت و کارمەندانی دەزگاکەت بەرز دەبنەوە و دەگەنەوە ئاستی ئەوان. ئەمە باشە. خۆ گەر توێژینەوەی قوڵ بکەیت، رەنگە بەختی ئەوەت هەبێت گەشەکەت زۆر درێژخایەن بێت.
ژیانی زۆر لە جیلەکانی ئێمە بە شێوەی ئەرجەنتین و ئەفریقا رۆی. بە پێوەری داهاتی راستەقینەی تاک، ئەرجەنتین لە ١٩٠٠دا لە پێش ئەمریکاوە بووە، ئەوروپییەکان بەرەو ئەرجەنتین کۆچیان دەکرد. بەڵام دواکەوتنێک دواکەوت هەرگیز نەگەیشتەوە بە وڵاتە پێشکەوتووەکان. نزیکەی هەشتا دانە ساڵ (لە ١٩٢٠ەوە بۆ ٢٠٠٠)، ئەرجەنتین خۆی پێ نەگیرایەوە و تیاچوو.
خلیسکان دەشێت کەوتنی سەرجێگای درێژخایەنی بەدوادا بێت. ترسی من لە دواکەوتن نییە، بەڵکو لە کەوتن و نغرۆبوونی درێژخایەنە. گەشەی ئابووریی بیاباننشینی ئەفریقا بۆ ماوەی ١٤ ساڵ (لە ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٤) بە رێژەی ١٣٪ دابەزی. ئەگەر بە کەیسی ئەرجەنتین ئەڵێن "نائومێدبوون"، ئەوا بە کەیسی بیاباننشینی ئەفریقا ئەڵێن "شکستخواردوو". ئێستای ئێمە لەوەی دووەمەوە زۆر نزیکە، واتە لە نائومێدیی دەرچووە.
با جارێکی تریش بیڵێمەوە: وەک لای خۆمان، شەڕ، شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیریی و هەڵپەی دەستگەیشتن بە سامانی سروشتیی (بۆ نمونە لە نایجیریا) ماڵی ئەفریقییەکانی وێران کرد، وایکرد کەس بە لای کەڵەکەکردنی سەرمایەی مادیی و مرۆییدا نەچێت.   
نمونەی وەک ئەفریقا، عێراق، سوریا، هەرێمی کوردستان وایکرد ئابوورییناسان بڵێن: بەداخەوە، مەرج نییە وڵاتان لە داهاتدا یەکبگرنەوە، بەڵکو دەکرێت زۆر لە یەکتر دووربکەونەوە. ئەم قسەیە چەند بۆ وڵاتێک راستە، هێندەش بۆ تاک و دەزگاکان راستە.
دەرفەت هەیە تۆ وانەکەیت، تۆ ئەم بازنەیە بشکێنیت و نەچەقیت، تۆ وەک تاک یان بزنز بە رێگەیەکی تردا بڕۆیت. دەرفەت هەیە چەند ساڵێکی تر سوپاسی خۆت بکەیت کە لە شوێنێکی بەرزتریت، بەتایبەت لە شوێنێکدا کە خاکەکەمان لە رووی جیۆگرافییەوە قفڵکراوە. دەرفەت هەیە تۆ هاوار نەکەیت و نەڵێیتەوە: کەس هاوڕێم نەبوو جگە لە چیاکان!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand