بەرواری بەسەرچون
2018-06-30 12:42:57
■محەمەد سالار (پاشا)..
حیزب لەهەرێمی کوردستان وەک هەر کاڵایەکی دیکە، لەگەڵ دامەزراندنی بەرواری بەسەرچونیشی لەسەرە، هەر بۆیە لەماوەی (٤٠) ساڵدا ژمارەی حیزبە سیاسیەکان بەوانەی کۆتاییان هاتوە، ژورو (60) حیزب دەبێت.
لەم تێکستە (٤) نمونە وەردەگرین، لەبەشێکیان لایەنی پۆزەتیڤ و لەدوەمیان هۆکارەکانی بەسەرچونی، بەیان دەکەین. ئەو چوار حیزبەش (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان).
یەکەم: پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەلف: داهێنان
دامەزراندنی پارتی لە (ئابی ١٩٤٦) داهێنانێکی گرنگی رۆژگاری خۆی بوو، لەبەر ئەم هۆکارانە:-
1. بۆ یەکەمین جار بوو حیزبێکی سیاسی دابمەزرێت بەفۆرمی نوێ.
2. بۆ یەکەمین جار بوو لەدەستەی دامەزراندنی حیزب، سیاسەتمەداری تەواوی ناوچەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت، بەپێچەوانەوەی شۆڕشی شێخ مەحمود تایبەت بوو بەسلێمانی یان شۆرشی یەکەم و دوەمی بارزان کەتایبەت بوو بەبادینان.
3. بۆ یەکەمین جار بوو کار لەسەر تەواوی کوردستان بکات.
4. بۆ یەکەمین جار بوو شۆرشێکی فراوانی وەک (ئەیلول) بەرپا بکات.
5. بۆ یەکەمین جار بوو بەزەبری شۆرش بەغدا ناچار بەگفتوگۆ بکات و خودموختاری بەدەست بهێنێت.
باو: بەسەرچون
ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول لە (بەهاری ١٩٧٥) و دوبارە شۆرش کردنەوە (گوڵان) بەهەمان ئەقلیەتی (ئەیلول) بەڵگەی ئێکسپایەربونی پارتی بوو.
دوەم: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئەلف: داهێنان
دامەزراندنی یەکێتی لە (حوزەیرانی 1975) داهێنان بوو بۆ ئەو دەم و زەمانە، لەبەر ئەم هۆکارانە:-
1. بۆ یەکەمین جار بوو شۆرش لەدەرەوەی ماڵی بارزانی بەم فۆرمە نوێیە کڵپە بکات.
2. قیادەی شۆرشی نوێ (دەستەی دامەزرێنەر) کەسانی خوێندەوار بون.
3. یەکێتی حیزب نەبوو بەڵکو بەرەی کۆکردنەوەی پارت و بۆچونە چەپەکان بوو.
4. تەواوی شۆرشەکە بەپاڵپشتی فکر بوو.
باو: بەسەرچون
دوبارەکردنەوەی ئەزمونی پارتی و شەری ناوخۆ و حوکمڕانی بەد و خاڵیبونەوە لەفکر مۆری ئێکسپایەر بونی لەیەکێتی دا.
سێیەم: یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
ئەلف: داهێنان
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لەدۆخێکی زۆر ئاڵۆز هاتە دامەزراندن (شوباتی 1994). دامەزرانی وەڵامی سەردەمی خۆی بوو لەبەر ئەم هۆکارانە:
1. یەکەمین حیزب بوو بەخەباتی مەدەنی دەستی بەکار کرد.
2. تەواوی کوردستانی بەیەکسانی کۆنترۆڵ کرد بوو.
3. لەسەر هێڵی سێیەم کاری سیاسی دەکرد، دابەش نەببو بەسەر یەکێتی و پارتی.
4. هاوکارییە داراییەکانی یارمەتیدەرێکی باشی خەڵکی بوو لەو دۆخە خراپە.
5. خەڵکێکی زۆری دورخستەوە لەدەستەواژەی جیهاد (شەری نێوان بزوتنەوە و یەکێتی).
باو: بەسەرچون
مانەوەی هەمان قیادە، دەستکەوت هەر بۆ مەکتەبی سیاسی، چەقبەستن لەسەر هەمان شێوازی خەبات، نوێ نەبونەوە، یەکگرتوی ئێکسپایەر کرد.
چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان
دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە (نیسانی 2009) داهێنان بوو بۆ ئەو زەمەنە، لەبەر ئەم هۆکارانە:-
1. یەکەمین بزوتنەوەی جەماوەری بوو لەپشتی بەجەماوەر بەستبوو.
2. بەخەباتی مەدەنی دەستی پێکرد ئەگەرچی کەسانی سەبازیشی تێدابوو.
3. لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە بەرێوەدەبرا کەتوانی بوی گرەو لەدراو بەرێتەوە.
4. تەواوی قورسای خۆی ستە سەر توێژی گەنج.
5. تەواوی دەنگی ناڕازی کۆکردەوە.
6. داهێنەری ئۆپۆزسیۆن بون بوو.
7. ئینسانی کوردی ئاشنا کرد بەدەستەواژە مۆدێرنەکان.
8. دیوێکی دیکەی پەرلەمانی دەرخست.
9. بێهیوای گۆری بۆ ئومێد.
باو: بەسەرچون
بزوتنەوەی گۆڕان رۆژ بەرۆژ نزیکتر دەبێتەوە لەبەسەرچون، لەبەر ئەم هۆکارانە:-
1. لەگەڵ پێویستی رۆژگار خەبات ناکات.
2. خاوەنی یەک خیتابە لەسەرەتای دروستبونی تا هەنوکە.
3. ناتوانێت روداوی سیاسی دروست بکات.
4. خاوەنی جەستەیەکی دایناسوڕ و سەرێکی مێرولەیە.
5. مادە داخڵی ململانی حیزبیەکان بووە.
6. ناتوانێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ دروست بکات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
7. هێواش .. هێواش، ئەو بەهایانەی لەسەری دروست بوە لەدەستی دەدات.
8. مەترسی بچوک بونەوە و بەبنەماڵەی بون و دەستا و دەست نەکردنی بەرپرسیاری زیاتر گەشە دەکات.
9. قەتیس کردنەوەی خیتابەکەی تەنها لەسلێمانی.
10. تەخوین کردنی هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیر ناکەنەوە.
11. دەیانی دیکە.
کێشەی بنەرەتی
کێشەی بنەڕەتی حیزبایەتی لەوڵاتی ئێمە بریتیە لە:
1. چەقبەستنە لەسەر یەک فۆرمی سیاسەت کردن.
2. وابەستەی یەک ئەقڵیەتە لەسەرەو تا خوارەوە.
3. ناتوانێت پێویستی رۆژگار و واقیع بخوێنێتەوە.
4. هێندە باوەری بەدیموکراتیە تا لەبەرژەوەندی بێت.
هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەوەی خاڵی نێگەتیڤن، بەڵام دیویکی زۆر جوانیشی هەیە، ئەویش "بەرەپێشچونی ئاسایی کۆمەڵگەیە".
ئەوەی وا دەکات دوێنێ ئەم پارتەت لا پەسەند بوو بێت و ئەمڕۆ نا پەسەند، ئەوە نیشانەی پێشەکەوتنی تۆیە وەک (تاک) و دواکەوتنی ئەوە وەک (حیزب)، کۆکردنەوەی تاکەکان یەکسانە بەکۆمەڵگە و پێشەکەوتنی کۆمەڵگەش یەکسانە بەئێکسپایەر بونی ئەو حیزبە.
ئەگەر پارتی نەبوایە یەکێتی نەئەبوو، ئەگەر ئەو دوو حیزبە نەبوانایە ئەوانی دیکە دروست نەئەبون، هەر حیزبێک لەمانە بەفەرسەخیک لەوەی پێش خۆی باشترە.
ئەمەش بەڵگەی بەرەپێشچونی کۆمەڵگەیە. چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک لەدیکتاتۆری یەکسەر هەنگاو نانێت بۆ دیموکراتی بەڵکو پلە بەپلە.